قسەی پێنجەمی ئەیوب
١ ئەیوبیش وەڵامی دایەوە:
٢ «زۆرم لەمانە گوێ لێ بووە،
هەموو دڵنەواییەکەتان بریندارکەرن!
٣ ئایا قسەی پووچ کۆتایی هەیە؟
یان چی دەتوروژێنێت هەتا وەڵام بدەیتەوە؟
٤ منیش وەک ئێوە قسەم دەکرد،
ئەگەر ئێوە لە جێی من بوونایە؛
قسەم بۆ دەگێڕانەوە و
سەرم لە ئاستتان دەلەقاند.
٥ بەڵام بە دەم هانم دەدان و
جوڵەی لێوەکانم ڕایدەگرتن.
٦ «ئەگەر قسە بکەم لە خەمۆکیەکەم کەم نابێتەوە،
ئەگەر بێدەنگیش بم لێم دوور ناکەوێتەوە.
٧ ئەی خودایە،
بێگومان تۆ بێزارت کردووم،
هەموو کەسوکارەکەی منت لەناوبردووە.
٨ سستت کردم،
سستییەکەم بووە شایەت،
لاوازییەکەم لێم هەستاوە،
بەرەوڕوو شایەتیم لەسەر دەدات.
٩ تووڕەییەکەی پەلاماری دام و منی چەوساندەوە،
ددانەکانی لێم جیڕکردەوە،
دوژمنەکەم چاوی تێبڕیوم.
١٠ خەڵک دەمیان لێ داچەقاندووم،
بە گاڵتەپێکردنەوە زللەیان لێدەدام،
پێکەوە گەلەکۆمەیان لێکردم.
١١ خودا منی دایە دەست زۆردار و
فڕێیدامە نێو دەستی خراپەکارەوە.
١٢ من ئاسوودە بووم و ئەو جێی لەق کردم،
پشتەملی گرتم و وردوخاشی کردم.
منی کرد بە نیشانی خۆی؛
١٣ تیرهاوێژەکانی دەوریان دام.
جەرگی بڕیم و دڵی نەسووتا،
زراوی منی بەسەر زەویدا ڕشت.
١٤ جار لەدوای جار شەقم دەکات،
وەک جەنگاوەرێک هێرش دەکاتە سەرم.
١٥ «جلوبەرگی گوشم* بە پێستمەوە دووری و
خۆڵەمێشم بە سەری خۆمدا کرد.
١٦ دەموچاوم لەبەر گریان سوور هەڵگەڕا و
ڕەشی بەسەر پێڵوی چاومدا هات.
١٧ لەگەڵ ئەوەی زۆرداری لە دەستی مندا نییە و
نوێژەکەم بێگەردە.
١٨ «ئەی زەوی،
خوێنەکەم دامەپۆشە،
با جێیەک نەبێت بۆ هاوارم!
١٩ ئەوەتا لە ئێستاوە شایەتەکەم لە ئاسمانە،
پارێزگارەکەم لە بەرزاییەکانە،
٢٠ ئەو هاوڕێمە و داکۆکیم لێ دەکات.
کاتێک لەبەردەم خودا چاوەکانم فرمێسک دەڕێژن،*
٢١ ئەو لە پێناوی پیاوێک لە خودا دەپاڕێتەوە،
وەک پاڕانەوەی کەسێک بۆ هاوڕێکەی.
٢٢ «تەمەنم کورتە و بەسەردەچێت،
لە ڕێگایەکدا دیلم کە لێی ناگەڕێمەوە.