تەواوکردنی چاکسازییەکەی نەحەمیا
١ لەو ڕۆژەدا پەڕتووکی موسا بە دەنگی بەرز لەبەردەم گەلدا خوێنرایەوە و بینرا کە تێیدا نووسراوە،
هیچ عەمۆنی و مۆئابییەک بۆ هەتاهەتایە نایەتە ناو کۆمەڵی خودا،
٢ چونکە بە نان و ئاوەوە پێشوازییان لە نەوەی ئیسرائیل نەکردبوو،
بەڵکو بەلعامیان لە دژیان بەکرێ گرت هەتا نەفرەتیان لێ بکات،
بەڵام خودامان نەفرەتەکەی گۆڕی بۆ بەرەکەت.
٣ کاتێک گوێیان لە فێرکردنەکە بوو،
هەموو ئەو بێگانانەیان جیا کردەوە کە لەگەڵ ئیسرائیلدا تێکەڵ ببوون.
٤ پێش ئەمە،
ئەلیاشیڤی کاهین* بە سەرپەرشتیاری ژوورە ئەمبارەکانی ماڵی خودامان دانرابوو.
لە تۆڤییاوە نزیک بوو،
٥ ژوورێکی گەورەی بۆ دابین کردبوو،
کە پێشتر ئەم شتانەیان تێیدا دادەنا:
پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵە و بخوور و قاپوقاچاغەکانی پەرستگا،
هەروەها دەیەکەکانی گەنم و شەرابی نوێ و زەیت کە بۆ لێڤی و گۆرانیبێژ و دەرگاوانەکان فەرمانی پێ کرابوون،
لەگەڵ پیتاکە پیرۆزەکان بۆ کاهین.
٦ بەڵام بە درێژایی هەموو ئەمانە من لە ئۆرشەلیم نەبووم،
چونکە لە سی و دووەمین ساڵی ئەرتەحشەستەی پاشای بابل گەڕابوومەوە بۆ لای پاشا،
لەدوای ماوەیەک مۆڵەتم لە پاشا خواست و
٧ هاتمەوە ئۆرشەلیم،
زانیم ئەلیاشیڤ چ خراپەیەکی کردووە بەوەی کە لە حەوشەی ماڵی خودا ژوورێکی بۆ تۆڤییا دابین کردووە.
٨ ئەمە منی زۆر پەست کرد،
لەبەر ئەوە هەموو قاپوقاچاغەکانی ماڵی تۆڤییام فڕێدایە دەرەوەی ژوورەکە.
٩ فەرمانم دا و ژوورەکانیان پاککردەوە،
پاشان قاپوقاچاغەکەی ماڵی خودا و پێشکەشکراوەکانی دانەوێڵە و بخوورەکەم گەڕاندەوە ئەوێ.
١٠ هەروەها زانیم کە بەشی لێڤییەکان نەدراوە،
لێڤی و ئەو گۆرانیبێژانەی کارەکەیان دەکرد،
هەریەکە و بۆ کێڵگەکەی خۆی هەڵاتووە.
١١ لەبەر ئەوە لەگەڵ کاربەدەستەکان دەمەقاڵێم کرد و گوتم:
«بۆچی ماڵی خودا وازی لێ هێنراوە؟»
ئینجا ئەوانم کۆکردەوە و هەریەکەیانم لە شوێنەکەی خۆی دانا.
١٢ هەموو یەهوداش دەیەکی دانەوێڵە و شەرابی نوێ و زەیتیان هێنا بۆ ژوورە ئەمبارەکان.
١٣ خەزنەدارم لەسەر ئەمبارەکان دانا،
شەلەمیاهوی کاهین و سادۆقی سەرقەڵەم و پەدایای لێڤی،
لەبەردەستی ئەوانیش حانانی کوڕی زەکوری مەتەنیا،
چونکە بە دەستپاک دادەنران و کرانە لێپرسراوی دابەشکردنی ئازووقە بەسەر برا لێڤییەکانیان.
 
١٤ ئەی خودایە،
لەبەر ئەمە بە یادی خۆتم بهێنەرەوە و چاکەکانم مەسڕەوە کە بە دڵسۆزی بەرامبەر بە ماڵی خودای خۆم و داواکارییەکانی کردوومە.
 
١٥ لەو ڕۆژانەدا خەڵکێکم لە یەهودا بینی لە ڕۆژی شەممە گوشەرەکان دەپەستنەوە،
کۆڵە دار دەهێنن و لە گوێدرێژەکانیان بار دەکەن،
هەروەها بە شەراب و ترێ و هەنجیر و هەموو ئەوەی بار دەکرێت،
لە ڕۆژی شەممە دێنە ناو ئۆرشەلیم،
لەبەر ئەوە ئاگادارم کردنەوە کە لەو ڕۆژەدا خۆراک نەفرۆشن.
١٦ هەروەها خەڵکی بەندەری سور کە لە ئۆرشەلیمدا نیشتەجێ بوون،
لە ڕۆژی شەممەدا ماسی و هەموو جۆرە کەلوپەلێکیان دەهێنا و لە ئۆرشەلیم بە نەوەی یەهودایان دەفرۆشت.
١٧ جا دەمەقاڵێم لەگەڵ خانەدانەکانی یەهودا کرد و گوتم:
«ئەم خراپەیە چییە کە ئێوە دەیکەن و ڕۆژی شەممە گڵاو دەکەن؟
١٨ ئایا باوباپیرانتان ئەمەیان نەکرد،
ئینجا خودامان هەموو ئەم خراپەیەی بەسەر ئێمە و ئەم شارەشدا هێنا؟
ئێوە تووڕەیی لەسەر ئیسرائیل زیاتر دەکەن کە ڕۆژی شەممە گڵاو دەکەن.»
١٩ کاتێک تاریکی باڵی بەسەر دەروازەکانی ئۆرشەلیمدا کێشا،
پێش ڕۆژی شەممە،
فەرمانم دا هەتا دوای ڕۆژی شەممە دەروازەکان دابخرێن و نەکرێنەوە.
هەندێک لە خزمەتکارەکانی خۆمم لەسەر دەروازەکان دانا،
هەتا لە ڕۆژی شەممە هیچ بارێک نەیەتە ژوورەوە.
٢٠ جارێک و دووان بازرگان و فرۆشیاری هەموو جۆرە کەلوپەلێک لە دەرەوەی ئۆرشەلیم شەویان بەسەربرد.
٢١ منیش ئاگادارم کردنەوە و گوتم:
«بۆچی لەلای شووراکە ماونەتەوە؟
ئەگەر دووبارەی بکەنەوە دەستگیرتان دەکەم.»
ئیتر لەو کاتەوە لە ڕۆژی شەممە نەهاتنەوە.
٢٢ هەروەها بە لێڤییەکانم گوت،
کە خۆیان پاک بکەنەوە و بێن و پاسەوانی دەروازەکان بکەن بۆ تەرخانکردنی ڕۆژی شەممە.
 
ئەی خودایە،
بەمەش بە یادی خۆتم بهێنەرەوە،
بەگوێرەی خۆشەویستییە نەگۆڕەکەشت لەگەڵم میهرەبان بە.
 
٢٣ هەروەها لەو ڕۆژانەدا ئەو یەهودییانەم بینی کە ژنی ئەشدۆدی و عەمۆنی و مۆئابییان هێنابوو،
٢٤ نیوەی منداڵەکانیان بە زمانی ئەشدۆدی یان بە زمانی گەلی دیکە قسەیان دەکرد،
تێیاندا نەبوو بتوانێت بە زمانی یەهودی قسە بکات.
٢٥ جا لەگەڵیان دەمەقاڵێم کرد و نەفرەتم لێکردن،
لە هەندێکیانم دا و پرچیانم ڕنییەوە،
بە خودا سوێندم دان و گوتم:
«کچتان نەدەنە کوڕیان و کچیان مەهێنن،
نە بۆ کوڕتان و نە بۆ خۆتان.
٢٦ ئایا لەبەر ئەمانە نەبوو سلێمانی پاشای ئیسرائیل گوناهی کرد،
کاتێک لەناو زۆربەی نەتەوەکان پاشایەکی وەک ئەو نەبوو،
لەلای خودای خۆی خۆشەویست بوو،
خودا کردییە پاشای هەموو ئیسرائیل؟
تەنانەت ئەویش ژنە بێگانەکان گوناهیان پێکرد.
٢٧ ئیتر ئایا گوێ لە ئێوە بگرین ئەم هەموو خراپە گەورەیە بکەن،
بە ناپاکیتان لە دژی خودامان،
بەوەی ژنی بێگانە بهێنن؟»
٢٨ یەکێک لە کوڕەکانی یۆیاداعی کوڕی ئەلیاشیڤی سەرۆک کاهین،
زاوای سەنڤەلەتی حۆرۆنی بوو،
منیش لەلای خۆم دەرمکرد.
 
٢٩ ئەی خودایە،
بە یادی خۆتیان بهێنەرەوە کە کاهینیێتی و پەیمانی کاهینیێتی و لێڤییەکانیان گڵاوکرد.
 
٣٠ بەو شێوەیە لە هەموو بێگانەیەک پاکم کردنەوە،
ئەرکەکانی کاهین و لێڤییەکانم دیاری کرد،
هەریەکە و لەسەر کاری خۆی.
٣١ داریشم بۆ قوربانی لە کاتی دیاریکراو و یەکەمین بەرهەمەکان دابین کرد.
 
ئەی خودایە،
بە چاکە بە یادی خۆتم بهێنەرەوە.