نزای عەزرا لەبارەی ژنهێنان و شووکردن
١ پاش تەواوبوونی ئەمە،
ڕابەرەکان هاتن بۆ لام و گوتیان:
«گەلی ئیسرائیل و کاهین و لێڤییەکان خۆیان جیا نەکردووەتەوە لە گەلانی دراوسێ و نەریتە قێزەونەکانیان،
لە کەنعانی،
حیتی،
پریزی،
یەبوسی،
عەمۆنی،
مۆئابی،
میسری و ئەمۆرییەکان،
٢ چونکە لە کچەکانی ئەوانیان بۆ خۆیان و کوڕەکانیان هێناوە و نەژادی پیرۆز تێکەڵ بە گەلانی خاکەکان بووە.
دەستی ڕابەر و کاربەدەستەکانیش لەم ناپاکییە یەکەم بووە.»
٣ کە گوێم لەم شتە بوو،
کراسەکەم و کەواکەم دادڕی و مووی سەر و ڕیشی خۆمم ڕنییەوە و بە سەرسوڕمانەوە دانیشتم.
٤ جا هەموو ئەوانەی لە ترسی وشەکانی خودای ئیسرائیل لەرزین لێم کۆبوونەوە،
لەبەر ناپاکی ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە.
منیش هەتا کاتی قوربانی ئێوارە بە سەرسوڕمانەوە دانیشتم.
٥ لە کاتی قوربانی ئێوارەدا لە زەلیلکردنی خۆم هەستام و بە کراس و کەوا دڕاوەکەمەوە کەوتمە سەر چۆک و دەستم بۆ یەزدانی پەروەردگارم پانکردەوە و
٦ گوتم:
«خودایە،
من شەرمەزار و سەرشۆڕم لەوەی ڕووم ڕووەو تۆ هەڵبڕم،
چونکە تاوانەکانمان لەسەر سەرمان بەرزبوونەوە و خراپەکانمان بۆ ئاسمان بەرزبوونەتەوە.
٧ لە سەردەمی باوباپیرانمانەوە هەتا ئەمڕۆ ئێمە لە خراپەیەکی گەورەداین،
لەبەر تاوانەکانمان ئێمە و پاشا و کاهینەکانمان دراینە دەست پاشایانی خاکەکان و کەوتینە بەر شمشێر و دیلیێتی و تاڵان و سەرشۆڕی،
وەک ئەمڕۆ.
٨ «بەڵام ئێستا بۆ ساتێک یەزدانی پەروەردگارمان میهرەبان بوو بەرامبەرمان کە دەربازمان دەکات و سنگێکمان لە پیرۆزگای خۆی دەداتێ،
تاکو خودامان چاومان ڕووناک بکاتەوە و لە کاتی کۆیلەییدا هەندێک بمانبووژێنێتەوە.
٩ هەرچەندە ئێمە کۆیلەین،
بەڵام خودامان لە کۆیلایەتییمان بەجێی نەهێشتین،
بەڵکو لەبەردەم پاشاکانی فارس بە خۆشەویستییە نەگۆڕەکەی دایپۆشین:
ژیانی نوێی پێمان داوە بۆ ئەوەی ماڵی خوداکەمان بنیاد بنێینەوە و کەلاوەکانی نۆژەن بکەینەوە،
هەروەها لە یەهودا و ئۆرشەلیم دیوارێکی پێمان داوە.
١٠ «ئێستاش ئەی خودای ئێمە،
پاش ئەوە چی بڵێین؟
وازمان لە فەرمانەکانت هێنا،
١١ ئەوەی لە ڕێگەی بەندە پێغەمبەرەکانت فەرمانت پێدا و فەرمووت:
”ئەو خاکەی دەچنە ناوی تاکو دەستی بەسەردا بگرن،
خاکێکی گڵاوە بەهۆی گڵاوی خەڵکەکەیەوە،
کە بەهۆی نەریتە قێزەونەکانیان لەمپەڕ بۆ ئەوپەڕی خاکەکەیان پڕ کردووە لە گڵاوی.
١٢ ئێستاش کچتان مەدەنە کوڕیان و کچیشیان بۆ کوڕەکانتان مەهێنن.
هەرگیز پەیمانی ئاشتی و چاکەیان لەگەڵ مەبەستن،
تاوەکو ئێوە بەهێز بن و خێری خاکەکە بخۆن و بۆ هەتاهەتایە بە میرات بۆ کوڕەکانتانی بەجێبهێڵن.“
١٣ «هەموو ئەوە بەهۆی کارە خراپەکانمان و بەدکارییە گەورەکانمان بەسەرمان هات.
ئەی خودای ئێمە،
لەگەڵ ئەوەشدا تۆ لە تاوانەکانمان کەمتر سزات داین و دەربازبوونێکی بەم شێوەیەت بە ئێمە بەخشی.
١٤ ئایا بگەڕێینەوە و سەرپێچی فەرمانەکانت بکەین و خزمایەتی لەگەڵ ئەو گەلانە بکەین کە ئەم جۆرە نەریتە قێزەونە دەکەن؟
ئایا لێمان تووڕە نابیت و لەناومان نابەیت هەتا ئەوەی هیچ پاشماوە و دەربازبووێکمان نەبێت؟
١٥ ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل،
تۆ ڕاستودروستیت،
چونکە هەتا ئەمڕۆ بە دەربازبوویی ماوینەتەوە.
ئەوەتا ئێمە بە تاوانەکانمانەوە لەبەردەمتداین،
چونکە لەبەر ئەمە بۆ ئێمە نییە لەبەردەمت ڕابوەستین.»