لیستی گەورەی بنەماڵەکان
١ ئەمانەش گەورەی بنەماڵەکان و ئەوانەن کە لەگەڵیاندا تۆمارکراون،
ئەوانەی لە سەردەمی ئەرتەحشەستەی پاشادا لەگەڵ من لە بابلەوە گەڕانەوە:
 
٢ لە نەوەی فینەحاس،
گێرشۆم؛
لە نەوەی ئیتامار،
دانیال؛
لە نەوەی داود،
حەتوش
٣ لە نەوەی شەخەنەیا؛
لە نەوەی پەرعۆش،
زەکەریا و سەد و پەنجا نێرینەش لەگەڵیدا تۆمار کران؛
٤ لە نەوەی پەحەت‌مۆئاب،
ئەلیهۆعێینەی کوڕی زەرەحیا،
دوو سەد نێرینەش لەگەڵی؛
٥ لە نەوەی زەتو،
شەخەنەیا کوڕی یەحەزیێل و سێ سەد نێرێنەش لەگەڵی؛
٦ لە نەوەی عادین،
عەبەدی کوڕی یۆناتان،
پەنجا نێرینەش لەگەڵی؛
٧ لە نەوەی ئیلام،
یەشەعیای کوڕی عەتەلیا،
حەفتا نێرینەش لەگەڵی؛
٨ لە نەوەی شەفەتیا،
زەڤەدیای کوڕی میکائیل،
هەشتا نێرینەش لەگەڵی؛
٩ لە نەوەی یۆئاب
عۆبەدیای کوڕی یەحیێل،
دوو سەد و هەژدە نێرینەش لەگەڵی؛
١٠ لە نەوەی بانی،
شەلۆمیت کوڕی یۆسیفیا،
سەد و شەست نێرینەش لەگەڵی؛
١١ لە نەوەی بێڤەی،
زەکەریای کوڕی بێڤەی،
بیست و هەشت نێرینەش لەگەڵی؛
١٢ لە نەوەی عەزگاد،
یۆحانانی کوڕی هەقاتان سەد و دە نێرینەش لەگەڵی؛
١٣ لە نەوەی ئەدۆنیقام،
کە لە کۆتاییدا هاتن،
ئەمە ناوەکانیانە،
ئەلیفەلەت و یەعوئێل و شەمەعیا، شەست نێرینەش لەگەڵیان؛
١٤ لە نەوەی بیگڤەی،
عوتەی و زەکور،
حەفتا نێرینەش لەگەڵیان.
گەڕانەوە بۆ ئۆرشەلیم
١٥ جا بۆ لای ئەو نۆکەندەی بەرەو ئەهەڤا دەڕوات کۆمکردنەوە و سێ ڕۆژ لەوێ ماینەوە،
لە گەل و کاهینەکان ورد بوومەوە،
بەڵام کەسم لە لێڤییەکان لەوێ بەدی نەکرد.
١٦ لەبەر ئەوە بانگی هەر یەک لە ئەلیعەزەر،
ئەریێل،
شەمەعیا،
ئەلناتان،
یاریڤ،
ئەلناتان،
ناتان،
زەکەریا و مەشولام کرد،
کە لە ڕابەرەکان بوون،
هەروەها یۆیاریڤ و ئەلناتان کە تێگەیشتوو بوون.
١٧ هەموویانم نارد بۆ لای ئیدۆی ڕابەر لەو شوێنەی ناوی کاسیفیا بوو،
پێم گوتن لە کاسیفیا چی بە ئیدۆ و برا خزمەتکارەکانی پەرستگا بڵێن،
تاوەکو خزمەتکارانمان بۆ بهێنن بۆ ماڵی خودامان.
١٨ ئینجا بەپێی ئەوەی دەستی چاکی خودا لەسەرمان بوو،
پیاوێکی وریایان بۆمان هێنا کە ناوی شێرێڤیا بوو،
لە نەوەی مەحلی کوڕی لێڤی کوڕی ئیسرائیل،
لەگەڵ کوڕەکانی شێرێڤیا و براکانی کە هەموویان هەژدە پیاو بوون؛
١٩ هەروەها حەشەڤیا لەگەڵ یەشەعیا لە نەوەی مەراری و براکانی و کوڕەکانیان بیست کەس بوون.
٢٠ لە خزمەتکارانی پەرستگاش،
لەو کۆمەڵەی کە داود و کاربەدەستەکان بۆ یارمەتیدانی لێڤییەکان دایانمەزراندبوون،
دوو سەد و بیست پیاویان هێنا.
هەموویان بە ناوی خۆیانەوە دیاری کران.
٢١ لەوێدا لەسەر نۆکەندی ئەهەڤا بانگەوازی ڕۆژووگرتنم ڕاگەیاند،
بۆ ئەوەی لەبەردەم خوداکەماندا ملکەچ بین و داوای ڕێگایەکی ڕاستی لێ بکەین بۆ خۆمان و منداڵەکانمان و هەموو ئەوەی هەمانە.
٢٢ پێم شەرم بوو داوای سەرباز و سوار لە پاشا بکەم،
بۆ ئەوەی لە ڕێگاکەدا لە دوژمن بمانپارێزن،
چونکە ئێمە بە پاشامان گوتبوو کە خودای ئێمە چاکە لەگەڵ ئەوانە دەکات کە پشتی پێ دەبەستن،
زۆریش لەوە تووڕە دەبێت کە وازی لێ بهێنێت.
٢٣ جا بە ڕۆژوو بووین و ئەوەمان لە خودامان داوا کرد،
ئەویش وەڵامی داینەوە.
٢٤ پاشان لە کاهینانی باڵا دوازدە کەسم جیا کردەوە:
شێرێڤیا و حەشەڤیا،
لەگەڵ ئەوانیش دە لە براکانیان،
٢٥ زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکەشم بۆیان پێوا،
کە بەخشینەکەی ماڵی خودامان ئەوەی پاشا و ڕاوێژکارەکانی و کاربەدەستەکانی و هەموو ئەو ئیسرائیلییانەی کە لەوێ بوون بەخشییان.
٢٦ شەش سەد و پەنجا تالنت* زیوم کێشا و خستمە ناو دەستیان،
سەد تالنتیش* لە قاپوقاچاغی زیو لەگەڵ سەد تالنت زێڕ و
٢٧ بیست پەرداخی زێڕ بە هەزار درهەم*،
دوو قاپی بڕۆنزیش زۆر باش مشتوماڵکراو،
کە وەک زێڕ بە نرخ بوون.
٢٨ بەوانم گوت:
«ئێوە تەرخانکراون بۆ یەزدان و قاپوقاچاغەکانیش تەرخانکراون و زێڕ و زیوەکەش بەخشینێکی ئازادن بۆ یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان.
٢٩ ئیتر پاسەوانیی بکەن و بیپارێزن هەتا لەبەردەم کاهینانی باڵا و لێڤییەکان و گەورەی بنەماڵەکانی ئیسرائیل لە ئۆرشەلیم بیکێشن،
لە ژوورەکانی ماڵی یەزدان.»
٣٠ ئینجا کاهین و لێڤییەکان کێشی زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکەیان وەرگرت تاوەکو بۆ ئۆرشەلیمی بهێنن،
بۆ ماڵی خوداکەمان.
٣١ لە دوازدەی مانگی یەک لە نۆکەندی ئەهەڤاوە بەڕێکەوتین تاکو بچینە ئۆرشەلیم،
خوداشمان پشتگیری دەکردین،
جا لە دەستی دوژمن و چەتەکانی سەر ڕێگا فریامان کەوت.
٣٢ ئینجا گەیشتینە ئۆرشەلیم و سێ ڕۆژ لەوێ ماینەوە.
٣٣ لە ڕۆژی چوارەمدا زێڕ و زیو و قاپوقاچاغەکەی ناو ماڵی خودامان لەسەر دەستی مەرێمۆتی کوڕی ئوریای کاهین کێشرا.
ئەلعازاری کوڕی فینەحاسیش لەگەڵی بوو،
لەگەڵ یۆزاڤادی کوڕی یێشوع و نۆعەدیای کوڕی بەنوی کە هەردووکیان لێڤی بوون.
٣٤ بە ژمارە و کێش بۆ هەموویان،
هەموو کێشەکەش لەو کاتەدا نووسران.
٣٥ نەوەی ڕاپێچکراوەکانیش ئەوانەی لە ڕاپێچکراوی گەڕابوونەوە،
قوربانی سووتاندنیان پێشکەشی خودای ئیسرائیل کرد،
دوازدە گا لەبری هەموو ئیسرائیل،
لەگەڵ نەوەد و شەش بەران،
حەفتا و حەوت بەرخی نێر،
هەروەها دوازدە گیسکی نێری بۆ قوربانی گوناه،
هەموو کرانە قوربانی سووتاندن بۆ یەزدان.
٣٦ هەروەها یاساکانی پاشایان دایە دەست میر و پارێزگارەکانی هەرێمی ئەوبەری فورات،
ئەوانیش یارمەتی گەل و ماڵی خودایان دا.