عەزرا
پشتگیری کۆرش بۆ گەڕانەوەی ڕاپێچکراوەکان
١ لە ساڵی یەکەمی کۆرشی پاشای فارس،
بۆ بەدیهێنانی پەیامی یەزدان کە لەسەر زاری یەرمیاوە فەرمووبووی،
یەزدان ڕۆحی کۆرشی پاشای فارسی هەژاند.
ئینجا بانگەوازێکی بەناو هەموو شانشینەکەیدا ڕاگەیاند،
هەروەها بە نووسراویش فەرمانی دا:
٢ «کۆرشی پاشای فارس ئاوا دەڵێت:
«”یەزدان،
خودای ئاسمان هەموو شانشینەکانی زەوی داوەتە دەستم،
ڕایسپاردووم پەرستگایەکی لە ئۆرشەلیمی یەهودا بۆ بنیاد بنێم.
٣ هەرکەسێک لە ئێوە کە سەر بە گەلەکەی ئەوە،
با خودای خۆی لەگەڵ بێت و بەرەو ئۆرشەلیمی یەهودا بڕوات،
پەرستگاکەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل بنیاد بنێتەوە،
ئەو یەزدانەی کە لە ئۆرشەلیمە.
٤ هەرکەسێکیش لە هەر شوێنێک کە تێیدا ئاوارەیە و ماوەتەوە،
با دانیشتووانی شوێنەکەی بە زێڕ و زیو و کەلوپەل و ئاژەڵی ماڵی یارمەتی بدەن،
لەگەڵ ئەو بەخشینە ئازادانەی* کە دەیبەخشن بۆ پەرستگای خودا لە ئۆرشەلیم.“»
٥ ئینجا گەورەی بنەماڵەکانی یەهودا و بنیامین لەگەڵ کاهین و لێڤییەکان،
هەموو ئەوانەی خودا ڕۆحی هەژاندن،
هەستان بۆ ئەوەی بچنە ئۆرشەلیم تاکو لەوێ ماڵەکەی یەزدان بنیاد بنێنەوە.
٦ هەموو دراوسێکانیان بە قاپوقاچاغی زێڕ و زیو،
بە کەلوپەل و ئاژەڵی ماڵی و بە دیاری نایاب یارمەتییان دان،
سەرباری هەموو بەخشینە ئازادەکان.
٧ کۆرشی پاشاش قاپوقاچاغەکانی پەرستگای یەزدانی دەرهێنا،
ئەوانەی نەبوخودنەسر لە ئۆرشەلیمەوە دەریهێنابوون و لە پەرستگای خوداوەندەکەی خۆی داینابوو.
٨ کۆرشی پاشای فارس لەسەر دەستی میترەداتی خەزنەدار دەریهێنا،
ئەویش بۆ شێشبەچەری میری یەهودای ژماردن.
 
٩ ئەمەش ژمارەکەیانە:
 
سی لەگەنی زێڕین و هەزار لەگەنی زیوین؛
بیست و نۆ تاوەی زیوین؛
١٠ سی جامی زێڕین لەگەڵ چوار سەد و دە جامی زیوین؛
هەزار پارچە قاپوقاچاغی دیکە.
 
١١ هەموو ئەو قاپوقاچاغەنەی لە زێڕ و زیو بوون،
پێنج هەزار و چوار سەد پارچە بوون.
 
لەگەڵ سەرکەوتنی ڕاپێچکراوەکان لە بابلەوە بۆ ئۆرشەلیم شێشبەچەر هەموو ئەمانەی لەگەڵ خۆی هێنا.