تۆلاع
١ لەدوای سەردەمی ئەبیمەلەخ تۆلاعی کوڕی پوڤە کوڕی دۆدۆ هەستا بۆ ئەوەی ئیسرائیل ڕزگار بکات،
کە پیاوێک بوو لە هۆزی یەساخار،
لە شامیر لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم دەژیا.
٢ بیست و سێ ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد،
ئینجا مرد و لە شامیر نێژرا.
یائیر
٣ ئینجا لەدوای ئەو یائیری گلعادی هەستا و بیست و دوو ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.
٤ سی کوڕی هەبوو و سواری سی گوێدرێژ دەبوون و سی شارۆچکەیان هەبوو،
پێیان دەگوترا حەڤۆت یائیر کە هەتا ئەمڕۆش وایان پێ دەڵێن و لە خاکی گلعادە.
٥ یائیرش مرد و لە قامۆن نێژرا.
یەفتاح
٦ نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری.
بەعلەکان و عەشتۆرەتەکان و خوداوەندەکانی ئارام،
سەیدا،
مۆئاب،
عەمۆنییەکان و فەلەستییەکانیان پەرست و وازیان لە یەزدان هێنا و نەیانپەرست.
٧ لەبەر ئەوە تووڕەیی یەزدان لە ئیسرائیلییەکان هاتە جۆش و ڕادەستی فەلەستییەکان و عەمۆنییەکانی کردن.
٨ ئەوانیش لەو ساڵەوە نەوەی ئیسرائیلیان تێکشکاند و ستەمیان لێکردن.
بۆ ماوەی هەژدە ساڵ نەوەی ئیسرائیلیان دەچەوساندەوە،
هەموو ئەوانەی کە لە بەری ڕۆژهەڵاتی ڕووباری ئوردون بوون لە خاکی ئەمۆرییەکان ئەوانەی لە گلعاد بوون.
٩ عەمۆنییەکان لە ڕووباری ئوردونیش پەڕینەوە بۆ جەنگ لە دژی یەهودا و بنیامین و بنەماڵەی ئەفرایم،
بۆیە ئیسرائیل زۆر پەرێشان بوون.
١٠ جا نەوەی ئیسرائیل هاواریان بۆ یەزدان کرد و گوتیان:
«ئێمە گوناهمان کرد دەرهەق بە تۆ،
چونکە وازمان لە خودای خۆمان هێنا و بەعلەکانمان پەرست.»
١١ یەزدانیش بە نەوەی ئیسرائیلی فەرموو:
«کاتێک میسری،
ئەمۆری،
عەمۆنی،
فەلەستی،
١٢ سەیدائی،
عەمالێقی و ماعۆنییەکان،
تەنگیان پێتان هەڵچنی،
ئیتر هاوارتان بۆ کردم،
ئایا منیش لە دەستیان ڕزگارم نەکردن؟
١٣ بەڵام ئێوە وازتان لێ هێنام و خودای دیکەتان پەرست.
لەبەر ئەوە ئیتر ڕزگارتان ناکەم.
١٤ بڕۆن هاوار بکەن بۆ ئەو خوداوەندانەی هەڵتانبژاردوون،
با لە کاتی تەنگانەتان ئەوان ڕزگارتان بکەن.»
١٥ نەوەی ئیسرائیلیش بە یەزدانیان گوت:
«گوناهمان کرد،
جا چی بە باش دەزانیت پێمانی بکە،
تەنها هەر ئەمڕۆ دەربازمان بکە.»
١٦ ئیتر خوداوەندە بێگانەکانیان لەنێو خۆیاندا لابرد و یەزدانیان پەرست.
یەزدان بەهۆی کڵۆڵیی ئیسرائیلەوە دڵتەنگ بوو.
١٧ ئینجا لەشکرەکانی عەمۆنییەکان بانگ کران و کۆبوونەوە و لە گلعاددا چادریان هەڵدا،
کوڕانی ئیسرائیلیش کۆبوونەوە و لە میچپا چادریان هەڵدا.
١٨ ئیتر ڕابەرەکانی گەلی گلعاد بە یەکتریان گوت:
«ئەو پیاوەی دەست بکات بە جەنگ لەگەڵ عەمۆنییەکان،
ئەوا ئەو دەبێت بە سەرۆکی هەموو خەڵکی گلعاد.»