مردنی موسا
١ ئینجا موسا لە دەشتەکانی مۆئابەوە بۆ چیای نیبۆ سەرکەوت بۆ سەری پسگە،
کە بەرامبەر ئەریحایە،
جا یەزدان هەموو خاکەکەی پیشان دا،
لە گلعادەوە هەتا دان و
٢ هەموو نەفتالی و خاکی ئەفرایم و مەنەشە و هەموو خاکی یەهودا هەتا دەریای ڕۆژئاوا و
٣ نەقەب و هەموو ناوچەکە،
لە دۆڵی ئەریحاوە «شاری دار خورما» هەتا زۆعەر،
٤ یەزدان پێی فەرموو:
«ئەوە ئەو خاکەیە کە سوێندم بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوب خوارد و فەرمووم:
”دەیدەمە نەوەکەت.“
وا بە چاوەکانی خۆت پێم پیشان دایت،
بەڵام تۆ بۆ ئەوێ ناپەڕیتەوە.»
٥ جا موسای بەندەی یەزدان لەوێ مرد،
لە خاکی مۆئاب بەگوێرەی فەرمانی یەزدان.
٦ یەزدان لە خاکی مۆئاب لە دۆڵەکە بەرامبەر بێت‌پەعۆر ناشتی،
هەتا ئەمڕۆش کەس گۆڕەکەی پێ نازانێت.
٧ موسا تەمەنی سەد و بیست ساڵ بوو کاتێک مرد،
هێشتا چاوەکانی کز نەببوون و هێزی لەبەر نەبڕابوو.
٨ جا نەوەی ئیسرائیل لە دەشتەکانی مۆئاب سی ڕۆژ ماتەمیان بۆ گێڕا،
ئینجا ڕۆژانی گریان و شیوەنی موسا تەواو بوو.
٩ یەشوعی کوڕی نونیش پڕ بوو لە ڕۆحی دانایی،
چونکە موسا دەستی لەسەر دانابوو.
ئیتر نەوەی ئیسرائیل گوێیان لێ گرت و ئاوایان کرد وەک ئەوەی یەزدان فەرمانی بە موسا کردبوو.
١٠ جا هیچ پێغەمبەرێک لە ئیسرائیل پەیدا نەبوو وەک موسا کە یەزدانی ڕوو بە ڕوو ناسی،
١١ لە هەموو ئەو نیشانە و پەرجووانەی یەزدان ناردی هەتا لە خاکی میسر بە فیرعەون و هەموو خزمەتکارەکانی و هەموو خاکەکەی بکات.
١٢ هەرگیز کەس ئەو توانا مەزنەی پیشان نەداوە و ئەو کارە مەزن و سامناکانەی لەبەرچاوی هەموو ئیسرائیل نەکردووە کە موسا کردی.