هاوسەرگیری و کاروباری کۆمەڵایەتی
١ ئەگەر پیاوێک ژنێکی هێنا و پەسەند نەبوو لەبەرچاوی،
چونکە بێ ئابڕووییەکی تێدا بینی و تەڵاقنامەی بۆ نووسی و دایە دەستی،
لە ماڵەکەی خۆی بەڕێی کرد،
٢ ئەویش کە لە ماڵەکەی چووە دەرەوە،
بووە ژنی پیاوێکی دیکە،
٣ جا ئەگەر پیاوەکەی دووەم ڕقی لێی بووەوە و تەڵاقنامەی بۆ نووسی و دایە دەستی و لە ماڵەکەی خۆی بەڕێی کرد،
یان ئەگەر پیاوەکەی دووەم کە هێنابووی مرد،
٤ ئەوا مێردەکەی یەکەمی کە تەڵاقی دابوو ناتوانێت بیهێنێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە ژنی دوای ئەوەی گڵاو بووە.
ئەوە شتێکی قێزەونە لەلای یەزدان،
جا گوناە مەهێنە سەر ئەو خاکەی یەزدانی پەروەردگارت بە میرات دەتداتێ.
٥ ئەگەر پیاوێک ژنی هێنا ئەوا هەتا ساڵێک بۆ سەربازی ناچێت و هیچ لێپرسراویەتییەکی لەسەر شان نابێت،
ئەو ساڵە لە ماڵەکەی ئازاد دەبێت و ژنەکەی دڵخۆش دەکات.
٦ نابێت کەس دەستاڕ،
تەنانەت بەرداشێکی بکاتە بارمتە،
چونکە سەرچاوەی بژێوییە.
٧ ئەگەر پیاوێک لە کاتی ڕفاندنی یەکێک لە براکانی لە نەوەی ئیسرائیل بگیردرێت و وەک کۆیلە هەڵسوکەوتی لەگەڵ کرد یان فرۆشتی،
ئەوا کابرای ڕفێنەر دەبێت بمرێت،
جا خراپەکە لەنێو خۆتان دادەماڵن.
٨ لە کاتی نەخۆشی گولی* زۆر ئاگاداربن و بەگوێرەی هەموو ئەوەی کاهینە لێڤییەکان فێرتان دەکەن ئاوا بکەن،
ئەوەی من فەرمانم بەوان کردووە ئێوە بیکەن.
٩ لە یادتان بێت یەزدانی پەروەردگارتان لە ڕێگا چی بە مریەم کرد،
پاش ئەوەی لە میسر هاتنە دەرەوە.
١٠ ئەگەر قەرزت بە دراوسێکەت دا،
مەچۆ ماڵەکەی هەتا شتێکی ماڵەکەی بکەیتە بارمتە*،
١١ لە دەرەوە دەوەستیت و ئەو پیاوەی قەرزی پێدەدەیت بارمتەکەت بۆ دەهێنێتە دەرەوە.
١٢ ئەگەر کابرا هەژار بوو با بارمتەکە بۆ شەو لەلات نەمێنێتەوە،
١٣ لەگەڵ ئاوابوونی خۆر بارمتەکەی بۆ بگەڕێنەوە هەتا لەناو جلوبەرگەکەی بنووێت و داوای بەرەکەتت بۆ بکات و بۆت ببێتە کارێکی ڕاست لەلای یەزدانی پەروەردگارت.
١٤ ستەم لە کرێگرتەیەکی هەژار و نەدار مەکە،
کە لە براکانت بێت یان لەو نامۆیانەی لە یەکێک لە شارۆچکەکانی خاکەکەتن.
١٥ لە ڕۆژی خۆی کرێیەکەی دەدەیتێ،
پێش ئاوابوونی خۆر،
چونکە هەژارە و بۆ ئەمە خۆی هەڵگرتووە،
نەوەک لەسەر تۆ هاوار بۆ یەزدان بکات،
جا دەبێت بە گوناە بەسەرتەوە.
١٦ باوک لە جیاتی کوڕ ناکوژرێت و کوڕ لە جیاتی باوک ناکوژرێت،
هەر یەکێک لەسەر گوناهی خۆی دەکوژرێت.
١٧ نامۆ و هەتیو لە دادپەروەری بێبەش مەکە،
جلوبەرگی بێوەژن مەکە بارمتە،
١٨ لە یادت نەچێت کە تۆش لە میسر کۆیلە بوویت و یەزدانی پەروەردگارت لەوێ تۆی کڕییەوە،
بۆیە من فەرمانت پێدەدەم ئەم کارە بکەیت.
١٩ کاتێک لە کێڵگەکەت خەریکی دروێنەکردنیت و دەسکێکت لە کێڵگە لەبیر چوو،
مەگەڕێوە بۆ ئەوەی بیبەیتەوە،
ئەوە بۆ نامۆ و هەتیو و بێوەژن دەبێت،
تاکو یەزدانی پەروەردگارت لە هەموو کاری دەستت بەرەکەتدارت بکات.
٢٠ لە کاتی ڕاتەکاندنی دار زەیتوونەکەت،
بەدوای ئەوانەدا مەچووەوە کە لە لقەکاندا ماوەتەوە،
ئەوە بۆ نامۆ و هەتیو و بێوەژن دەبێت.
٢١ کاتێک ترێی ڕەزە مێوەکەت دەڕنیت،
پاشماوەکەی هەڵمەگرەوە،
ئەوە بۆ نامۆ و هەتیو و بێوەژن دەبێت.
٢٢ لە یادت نەچێت تۆش لە خاکی میسر کۆیلە بوویت،
بۆیە من فەرمانت پێدەدەم ئەم کارە بکەیت.