یەزدانی پەروەردگارت خۆشبوێت
١ ئەمە ئەو فەرمان و فەرز و یاسایانەیە کە یەزدانی پەروەردگارتان فەرمانی دا فێرتانی بکەم،
هەتا لەو خاکەدا پەیڕەوی بکەن کە لە ڕووباری ئوردونەوە بۆی دەپەڕنەوە هەتا دەستی بەسەردا بگرن،
٢ هەتا لە یەزدانی پەروەردگارتان بترسن و هەموو فەرز و فەرمانەکانی بەجێبهێنن کە من بە ئێوە و منداڵ و نەوەکانتان فەرمانیان پێدەدەم هەموو ڕۆژانی ژیانتان،
هەتا ڕۆژانتان درێژ بێت.
٣ جا ئەی ئیسرائیل،
گوێ بگرن و ئاگاداربن بە گوێڕایەڵیتان،
هەتا چاکە بێتە ڕێگاتان و زۆر زۆرتر ببن،
هەروەک یەزدانی پەروەردگاری باوباپیرانتان بەڵێنی پێدان لەو خاکەی شیر و هەنگوینی لێ دەڕژێت.
٤ ئەی ئیسرائیل گوێ بگرن،
یەزدانی پەروەردگارمان یەک یەزدانە،
٥ جا بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو تواناتانەوە یەزدانی پەروەردگارتان خۆشبوێ.
٦ با ئەم ڕاسپاردانەی من ئەمڕۆ فەرمانتان پێ دەکەم لەسەر دڵتان بێت و
٧ بۆ منداڵەکانتانی بگێڕنەوە و باسی بکەن کاتێک لە ماڵ دادەنیشن و کاتێک بە ڕێگادا دەڕۆن و کاتێک دەخەون و کاتێک هەڵدەستن،
٨ وەک نیشانەیەکیش لەسەر دەستتان بیبەستن و با گوڵنگ بێت بە ناوچەوانتانەوە و
٩ لەسەر چوارچێوەی دەرگای ماڵ و حەوشەکانتان بینووسن.
١٠ کاتێکیش یەزدانی پەروەردگارتان ئێوەی هێنا بۆ ئەو خاکەی کە سوێندی بۆ ئیبراهیم و ئیسحاق و یاقوبی باوباپیرانتان خوارد کە بتانداتێ،
بۆ شاری مەزن و چاک کە ئێوە بنیادتان نەناوە،
١١ ماڵی پڕ لە خێروبێر کە ئێوە پڕتان نەکردووە،
بیری لێدراو کە ئێوە لێتان نەداوە،
مێو و زەیتوون کە ئێوە نەتانڕواندووە،
کە کاتێک خواردتان تێر بوون،
١٢ جا ئاگاداربن نەوەک یەزدان لەبیر بکەن کە لە خاکی میسر لە ماڵی کۆیلەیی دەریهێنان.
١٣ لە یەزدانی پەروەردگارتان دەترسن و تەنها ئەو دەپەرستن و بە ناوی ئەوەوە سوێند دەخۆن.
١٤ بەدوای خودای دیکەدا مەڕۆن،
لە خوداوەندەکانی ئەو نەتەوانەی لە دەوروبەرتانن،
١٥ چونکە یەزدانی پەروەردگارتان کە لەنێوتاندایە،
خودایەکی ئیرەدارە، نەوەک تووڕەیی یەزدانی پەروەردگارتان بجۆشێت بەسەرتان و لەسەر ڕووی ئەم خاکە لەناوتان ببات.
١٦ یەزدانی پەروەردگارتان تاقی مەکەنەوە وەک لە مەسا تاقیتان کردەوە.
١٧ بە تەواوی فەرمان و یاسا و فەرزەکانی یەزدانی پەروەردگارتان بەجێبهێنن کە فەرمانی پێ کردوون.
١٨ ئەوەی ڕاستە و باشە لەبەرچاوی یەزدانی پەروەردگارتان بیکەن،
هەتا چاکە بێتە ڕێگاتان و بچنە ناوەوە و دەست بەسەر ئەو خاکە چاکەدا بگرن کە یەزدان سوێندی بۆ باوباپیرانتان خوارد،
١٩ کە هەموو دوژمنانتان لەبەردەم ڕابماڵێت،
وەک یەزدان فەرمووی.
٢٠ لە داهاتوودا،
کاتێک منداڵەکانتان لێیان پرسین و گوتیان: «ئەو یاسا و فەرز و حوکمانە چین کە یەزدانی پەروەردگارمان فەرمانی پێ کردن؟»
٢١ بە منداڵەکانتان دەڵێن:
«لە میسر کۆیلەی فیرعەون بووین و یەزدان بە دەستێکی بەهێز لە میسرەوە دەریهێناین و
٢٢ یەزدان لەبەرچاومان نیشانە و پەرجووی مەزن و سامناکی بەسەر میسر و فیرعەون و هەموو ماڵەکەی نارد و
٢٣ لەوێوە دەریهێناین هەتا بمانهێنێت و ئەو خاکەمان بداتێ کە بۆ باوباپیرانمان سوێندی خواردبوو.
٢٤ جا یەزدان فەرمانی پێ کردین هەموو ئەو فەرزانە بەجێبهێنین و لە یەزدانی پەروەردگارمان بترسین،
هەتا هەموو ڕۆژان چاکەمان بێتە ڕێ و بمانهێڵێتەوە وەک ئەمڕۆ،
٢٥ ڕاستودروستیشمان بۆ دەبێت ئەگەر هەموو ئەو فەرمانانەمان پاراست هەتا لەبەردەم یەزدانی پەروەردگارمان بیکەین،
هەروەک فەرمانی پێ کردین.»