قوربانیکردن بەبێ ڕێوڕەسمی دیاریکراو
١ هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
٢ «لەگەڵ هارون و کوڕەکانی و هەموو نەوەی ئیسرائیل بدوێ و پێیان بڵێ:
”ئەمە ئەو فەرمانەیە کە یەزدان فەرمانی پێدەدات و دەفەرموێت،
٣ هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل گایەک یان بەرخێک یان گیسکێک لە ئۆردوگاکە یان لە دەرەوەی ئۆردوگاکە سەرببڕێت و
٤ نەیهێنێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن هەتا لەبەردەم چادری پەرستنی یەزدان قوربانی بۆ یەزدان پێشکەش بکات،
ئەوا ئەو کەسە تاوانبارە لە خوێنڕشتن،
خوێنی ڕشتووە،
جا دەبێت ئەو کەسە لە گەلەکەی داببڕدرێت.
٥ ئەمەش بۆ ئەوەی نەوەی ئیسرائیل چیتر قوربانییەکانیان لە دەشتودەر سەر نەبڕن و بیانهێنن بۆ بەردەم دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و لەلای کاهین پێشکەشی یەزدان بکەن،
وەک قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدانیان سەرببڕن.
٦ کاهینەکەش خوێنەکە بەسەر قوربانگاکەی یەزداندا دەکات لەلای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و پیوەکەی بۆ ئەو بۆنەی یەزدان پێی خۆشە دەیسووتێنێت.
٧ پێویستە لەمەودوا قوربانییەکان بۆ ئەو بتانە پێشکەش نەکەن کە لە شێوەی تەگە* دروستکراون و لەشفرۆشیی* ڕۆحییان بۆ دەکەن.
ئەمە دەبێتە فەرزێکی هەتاهەتایی بۆیان لە نەوەکانیان.“
٨ «هەروەها پێیان دەڵێیت:
”هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان ئەگەر قوربانی سووتاندن یان قوربانی بکات و
٩ نەیهێنێتە لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن،
بۆ ئەوەی بۆ یەزدانی بکات،
ئەوا ئەو کەسە لە گەلەکەی دادەبڕدرێت.
خواردنی خوێن قەدەغەیە
١٠ «”هەروەها هەرکەسێک لە گەلی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان،
ئەگەر خوێن بخوات،
ئەوا ڕووم لەو کەسە وەردەگێڕم کە خوێن دەخوات و لە گەلەکەی ڕیشەکێشی دەکەم،
١١ چونکە ژیانی بوونەوەر لە خوێندایە و من لەسەر قوربانگا بە ئێوەی دەدەم بۆ کەفارەتکردن بۆ گیانتان،
چونکە خوێن کەفارەت بۆ ژیان دەکات،
١٢ بۆیە بە نەوەی ئیسرائیل دەڵێم:
’کەس لە ئێوە خوێن نەخوات و ئەو نامۆیەش کە لەنێوتاندایە خوێن نەخوات.‘
١٣ «”هەرکەسێک لە نەوەی ئیسرائیل و ئەو نامۆیانەی لەنێوتاندان،
کە نێچیرێکی ڕاوکرد،
ئاژەڵێکی کێوی یان باڵندەیەک لەوانەی دەخورێن،
خوێنەکەی دەڕێژێت و بە خۆڵ دایدەپۆشێت،
١٤ چونکە ژیانی هەر بوونەوەرێک خوێنەکەیەتی،
جا بە نەوەی ئیسرائیلم گوت:
’خوێنی هیچ بوونەوەرێک مەخۆنەوە،
چونکە ژیانی هەر بوونەوەرێک خوێنەکەیەتی،
هەرکەسێک بیخوات لە گەل دادەبڕدرێت.‘
١٥ «”هەرکەسێکیش ئاژەڵێکی مرداربووەوە یان نێچیرێک* بخوات،
هاوڵاتی بێت یان نامۆ،
دەبێت جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت،
ئینجا پاک دەبێتەوە.
١٦ بەڵام ئەگەر جلەکانی نەشوات و خۆی نەشوات،
تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.“»