لێچوونە گڵاوەکان
١ هەروەها یەزدان بە موسا و هارونی فەرموو:
٢ «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێن و پێیان بڵێن:
”هەر پیاوێک لێچوونی هەبێت لە ئەندامی نێرینەی*،
ئەوا لێچوونەکەی گڵاوە،
٣ ئەم لێچوونەشی دەبێتە هۆی گڵاوبوونی.
ئەگەر ئەندامی نێرینەی لێچوونەکەی بەردەوام بێت یان ڕایگرتبوو،
ئەوا گڵاوە.
٤ «”ئەوەی لێچوونەکەی هەیە لەسەر هەر نوێنێک ڕابکشێت،
گڵاو دەبێت،
لەسەر هەر شتێکیش دانیشێت،
گڵاو دەبێت.
٥ ئەوەی دەست لە نوێنەکەی بدات،
دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت،
٦ هەرکەسێک لەسەر شتێک دابنیشێت کە کابرای لێچوو لەسەری دانیشتبوو،
دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات،
هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.
٧ «”هەرکەسێک دەستی بەر لەشی کابرای لێچوو بکەوێت،
دەبێت جلەکانی بشوات و خۆی بە ئاو بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
٨ «”ئەگەر کابرای لێچوو تفی لە یەکێکی پاک کرد،
دەبێت ئەو کەسەی کە پێشتر پاک بووە جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.
٩ «”لە کاتی سواریدا زینەکەی ژێری گڵاو دەبێت،
١٠ هەرکەسێکیش دەستی لێ بدات،
هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت،
ئەوەی هەڵیانبگرێت،
دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.
١١ «”هەرکەسێکیش کابرای لێچوو دەستی لێ بدات،
بێ ئەوەی دەستی بە ئاو بشوات،
دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبێت.
١٢ «”هەر دەفرێکی گڵین کابرای لێچوو دەستی لێ بدات دەشکێنرێت،
هەروەها هەر ئامرازێکی داریش بە ئاو دەشۆردرێت.
١٣ «”ئەگەر کابرای لێچوو لە لێچوونەکەی پاک بووەوە،
ئەوا حەوت ڕۆژی بۆ دادەنرێت بۆ پاکبوونەوەی و جلەکانی دەشوات و بە ئاوی سازگار خۆی دەشوات،
جا پاک دەبێتەوە.
١٤ جا لە ڕۆژی هەشتەمدا دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر دەهێنێت بۆ بەردەم یەزدان بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن و دەیاندات بە کاهینەکە.
١٥ کاهینەکە یەکێکیان دەکاتە قوربانی گوناە و ئەوی دیکەش قوربانی سووتاندن،
کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات لە لێچوونەکەی.
١٦ «”ئەگەر پیاوێک تۆوی لێ هاتە دەرەوە،
ئەوا هەموو لەشی بە ئاو دەشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت*،
١٧ هەر جلێک یان چەرمێک تۆوی بکەوێتە سەر،
دەبێت بە ئاو بشۆردرێت و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
١٨ هەروەها ئەو پیاوەی کە لەگەڵ ژنەکەی ڕابکشێت و پیاوەکە تۆوی لێچوو،
ئەوا دەبێت هەردووکیان خۆیان بە ئاو بشۆن و هەتا ئێوارەش گڵاو دەبن.
١٩ «”ئەگەر ژنێک خوێنلێچوونی* هەبوو،
ئەوا حەوت ڕۆژ لە خوێنلێچوونی مانگانەی دەمێنێتەوە و هەرکەسێک دەستی لێ بدات هەتا ئێوارە گڵاو* دەبێت.
٢٠ «”هەموو ئەو شتەی لەسەری ڕادەکشێت یان دادەنیشێت لە کاتی خوێنلێچوونی مانگانەی،
گڵاو دەبێت.
٢١ هەرکەسێکیش دەست لە نوێنەکەی بدات،
دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
٢٢ هەرکەسێکیش دەست لە شتێک بدات کە ئەو لەسەری دانیشتبێت،
دەبێت جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت؛
٢٣ ئەگەر نوێن بێت یان هەر شتێک کە لەسەری دانیشتووە،
هەر کاتێک کەسێکیش دەستی لێ بدات،
ئەوا هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
٢٤ «”ئەگەر پیاوێکیش لەگەڵی ڕابکشێت،
جا لە خوێن لێچوونەکە بەر پیاوەکە بکەوێت،
ئەوا پیاوەکە حەوت ڕۆژ گڵاو دەبێت و لەسەر هەر نوێنێکیش ڕابکشێت،
گڵاو دەبێت.
٢٥ «”ئەگەر ئافرەتێک ماوەیەکی درێژ خوێنی لێچوو*،
بێجگە لە کاتی خوێنلێچوونی مانگانەی،
یان ئەگەر دوای کاتی خوێن لێچوونەکەی هەر بەردەوام بوو،
ئەوا هەموو ڕۆژانی خوێن لێچوونەکەی وەک کاتی خوێنلێچوونی مانگانەی،
گڵاو دەبێت.
٢٦ هەموو نوێنەکەش کە لەسەری ڕادەکشێت لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی وەک نوێنی ڕۆژانی خوێنلێچوونی مانگانەیەتی،
هەموو ئەو شتانەش کە لەسەری دادەنیشێت،
ئەوا گڵاوە وەک گڵاوی خوێنلێچوونی مانگانەی.
٢٧ هەرکەسێکیش دەستیان لێ بدات،
گڵاو دەبێت و پێویستە جلەکانی بشوات و بە ئاو خۆی بشوات و هەتا ئێوارە گڵاو دەبێت.
٢٨ «”ئەگەر لە خوێن لێچوونەکەی پاک بووەوە،
ئەوا حەوت ڕۆژ دەژمێرێت،
ئینجا بەپێی ڕێوڕەسم پاک دەبێتەوە،
٢٩ لە ڕۆژی هەشتەم دوو کوکوختی یان دوو بێچووە کۆتر دەبات و دەیانهێنێتە لای کاهینەکە،
بۆ لای دەروازەی چادری چاوپێکەوتن.
٣٠ ئینجا کاهینەکەش یەکێکیان دەکاتە قوربانی گوناە و ئەوی دیکەش قوربانی سووتاندن.
کاهینەکە لەبەردەم یەزدان کەفارەتی بۆ دەکات لە گڵاوی خوێن لێچوونەکەی.
٣١ «”جا نەوەی ئیسرائیل جیا بکەنەوە لەو شتانەی گڵاویان دەکات،
با لە گڵاویدا نەمرن و نشینگەکەم کە لەنێویاندایە گڵاوی نەکەن.“»