قوربانیدان بۆ تاوان
١ «”ئەمانەش ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی تاوان*.
ئەمە هەرەپیرۆزە.
٢ لەو شوێنەی قوربانی سووتاندن سەردەبڕدرێت هەر لەوێ قوربانی تاوانیش سەردەبڕدرێت.
خوێنەکەشی بەسەر هەموو لایەکی قوربانگاکەدا دەڕژێنرێت.
٣ هەموو پیوەکەشی پێشکەش دەکرێت،
دوگەکەی و ئەو پیوەی هەناوی داپۆشیوە،
٤ لەگەڵ دوو گورچیلەکە و ئەو پیوەی لەسەریانە،
ئەوەی لەسەر ناوقەدە، هەروەها ئەو پیوەی لەسەر جگەر و گورچیلەکانە لێی دەکرێتەوە.
٥ کاهینەکە لەسەر قوربانگاکە دەیانسووتێنێت.
قوربانی بە ئاگرە بۆ یەزدان،
ئەمە قوربانی تاوانە.
٦ هەموو نێرینەیەک لە کاهینەکان لێی دەخوات،
بەڵام لە شوێنێکی پیرۆز دەخورێت،
ئەمە هەرەپیرۆزە.
٧ «”قوربانی تاوان وەک قوربانی گوناهە،
یەک فێرکردن هەیە دەربارەیان،
ئەو کاهینەی کەفارەتیان پێ دەکات بۆ ئەو دەبێت،
٨ ئەو کاهینەش کە قوربانییەکی سووتاندن بۆ کەسێک دەکات،
ئەوا پێستی ئەو قوربانییەی سووتاندن کە دەیکات بۆ ئەو دەبێت.
٩ هەموو پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەش بە تەنوور کرابێتە نان و هەموو ئەوەی لەناو تاوە دروستکرابێت یان لەسەر ساج بۆ ئەو کاهینە دەبێت کە پێشکەشی دەکات،
١٠ هەروەها هەموو پێشکەشکراوێکی دانەوێڵەی بە زەیت شێلراو یان وشک،
بۆ هەموو کوڕانی هارون دەبێت،
هەریەکە وەک براکەی.
قوربانی هاوبەشی
١١ «”ئەمانەش ڕێنماییەکانن دەربارەی قوربانی هاوبەشی*،
ئەوەی کەسێک دەتوانێت بۆ یەزدانی بهێنێت.
١٢ «”ئەگەر بۆ سوپاسکردن هێنای،
ئەوا بۆ قوربانی سوپاسگوزاری کولێرەی فەتیرەی بە زەیت شێلراو و ناسکە نانی* فەتیرەی بە زەیت چەورکراو و باشترین ئاردی شێلراو،
کرابێتە کولێرەی بە زەیت شێلراو.
١٣ لەگەڵ کولێرەی بە هەویرترش،
قوربانییەکەی لەسەر قوربانی سوپاسگوزاری بۆ ژیانە هاوبەشییەکەی پێشکەش دەکات.
١٤ لە هەر جۆرێکیان یەکێک وەک پێشکەشکراوێک دەهێنێت،
وەک بەخشینێک بۆ یەزدان،
بۆ ئەو کاهینە دەبێت کە خوێنی قوربانی هاوبەشی دەپرژێنێت.
١٥ گۆشتی قوربانی سوپاسگوزاری بۆ ژیانی هاوبەشییەکەی لە ڕۆژی قوربانییەکەی دەخورێت،
هیچی لێ ناهێڵێتەوە بۆ بەیانی.
١٦ «”ئەگەر قوربانییەکەی نەزر* بوو یان بە خواستی خۆی بوو،
ئەوا ڕۆژی پێشکەشکردنی قوربانییەکە دەخورێت و بۆ سبەینێش ئەوەی لێی ماوەتەوە دەخورێت.
١٧ بەڵام بەرماوەی گۆشتی قوربانییەکە لە ڕۆژی سێیەم دەسووتێنرێ.
١٨ ئەگەر لە ڕۆژی سێیەم لە گۆشتی قوربانی هاوبەشییەکە خواردرا،
ئەوا قوربانییەکە قبوڵ نییە،
ئەوەی پێشکەشی کرد بە چاک بۆی دانانرێت،
چونکە قوربانییەکە گڵاو بووە.
ئەوەی لێی بخوات ئەوا تاوانی خۆی لە ئەستۆ دەگرێت.
١٩ «”ئەو گۆشتەش کە بەر شتێکی گڵاو بکەوێت ئەوا بەپێی ڕێوڕەسم ناخورێت،
بە ئاگر دەسووتێنرێت.
بەڵام ئەو گۆشتەی کە گڵاو نییە،
هەموو کەسێکی پاک بەپێی ڕێوڕەسم دەتوانێت لێی بخوات.
٢٠ هەروەها ئەگەر کەسێک بە شتێک گڵاو بووبێت و لە گۆشتی قوربانی هاوبەشی یەزدان بخوات،
ئەوا دەبێت ئەو کەسە لە گەلەکەی داببڕدرێت.
٢١ ئەگەر هەرکەسێک دەست لە شتێکی گڵاو بدات یان بەر شتێکی گڵاو بکەوێت،
گڵاویی مرۆڤێک یان ئاژەڵێکی گڵاو* یان هەر شتێکی قێزەونی گڵاو،
ئینجا لە گۆشتی قوربانی هاوبەشی یەزدان بخوات،
ئەوا ئەو کەسە لە گەلەکەی دادەبڕدرێت.“»
خواردنی پیو و خوێن قەدەغەکراون
٢٢ هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
٢٣ «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ:
”پیوی ئاژەڵی مێگەل و گاوگۆتاڵ مەخۆن.
٢٤ پیوی ئاژەڵی مردارەوەبوو و پیوی ئەو ئاژەڵەی بووە بە نێچیر ئەوا بۆ هەموو کارێک بەکاردێت،
بەڵام ناخورێت.
٢٥ هەر یەکێک لە پیوی ئەو ئاژەڵانەی خوارد کە بۆ یەزدان وەک قوربانی بە ئاگر لێیان پێشکەش دەکرێت،
ئەوا ئەو کەسە لە گەلەکەی دادەبڕدرێت.
٢٦ هیچ خوێنێکیش مەخۆن لە هەموو نشینگەکانتان،
ئەگەر هی باڵندە بێت یان ئاژەڵ.
٢٧ هەرکەسێک خوێن بخوات،
ئەوا ئەو کەسە لە گەلەکەی دادەبڕدرێت.“»
٢٨ هەروەها یەزدان بە موسای فەرموو:
٢٩ «لەگەڵ نەوەی ئیسرائیل بدوێ و بڵێ:
”ئەوەی قوربانی هاوبەشی بۆ یەزدان پێشکەش دەکات،
لە قوربانی هاوبەشییە پێشکەشکراوەکەی بۆ یەزدان دەهێنێت.
٣٠ کەسەکە بە دەستی خۆی قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان دەهێنێت.
پیوەکە لەگەڵ سنگەکە دەهێنێت.
لەبەردەم یەزدان سنگەکە وەک قوربانی بەرزکردنەوە* بەرز دەکاتەوە.
٣١ کاهینەکە پیوەکە لەسەر قوربانگاکە دەسووتێنێت،
بەڵام سنگەکە بۆ هارون و کوڕەکانی دەبێت.
٣٢ ڕانی ڕاستەش لە قوربانییەکانی هاوبەشیتان وەک پیتاک دەدەنە کاهینەکە.
٣٣ ئەوەی خوێنی قوربانی هاوبەشی و پیوەکە پێشکەش دەکات لە کوڕانی هارون،
ڕانە ڕاستەکە دەبێتە بەشی ئەو،
٣٤ چونکە من لە قوربانییەکانی هاوبەشییان سنگی بەرزکراوە و ڕانە پێشکەشکراوەکەم لە نەوەی ئیسرائیل وەرگرتووە،
بە هارونی کاهین و بە کوڕەکانیم داوە.
بەشێکی چەسپاوە بۆ نەوەی ئیسرائیل.“»
٣٥ ئەوە پشکی هارون و کوڕەکانییەتی لە قوربانییە بە ئاگرەکانی بۆ یەزدان،
ڕۆژی پێشکەشکردنیان هەتا کاهینیێتی بۆ یەزدان بکەن،
٣٦ لەو ڕۆژەی دەستنیشان کران* یەزدان فەرمانی بە نەوەی ئیسرائیل دا بیاندەنێ،
وەک بەشێکی چەسپاو بۆ نەوەکانیان.
٣٧ ئەوە ڕێنماییە بۆ قوربانی سووتاندن و پێشکەشکراوی دانەوێڵە و قوربانی گوناە و قوربانی تاوان و قوربانی ئەرک پێ سپاردن و قوربانی هاوبەشی،
٣٨ کە یەزدان لە شاخی سینا دایە موسا،
بۆ ئەوەی فەرمان بە نەوەی ئیسرائیل بکات هەتا لە چۆڵەوانی سینا قوربانییەکانیان بۆ یەزدان پێشکەش بکەن.