هەڵقوڵانی ئاو لە تاشەبەرد
١ هەموو کۆمەڵی نەوەی ئیسرائیل لە چۆڵەوانی سینەوە کۆچیان کرد،
بەگوێرەی کۆچەکانیان کاتێک یەزدان فەرمانی پێ دەکردن،
لە ڕەفیدیم لایاندا،
بەڵام ئاو نەبوو بۆ خواردنەوە بۆ گەل.
٢ جا گەل کردیان بە دەمەقاڵێ لەگەڵ موسا و گوتیان:
«ئاومان بدەنێ بیخۆینەوە.»
موساش وەڵامی دانەوە:
«بۆچی دەمەقاڵێم لەگەڵ دەکەن؟
بۆچی یەزدان تاقی دەکەنەوە؟»
٣ بەڵام گەل لەوێ تینوویان بوو و کەوتنە بۆڵەبۆڵ لەسەر موسا.
گوتیان:
«بۆچی ئێمەت لە میسرەوە هێنایە دەرەوە،
هەتا خۆمان و منداڵ و مەڕوماڵاتمان بە تینووێتی بمرین؟»
٤ ئیتر موسا هاواری بۆ یەزدان کرد و گوتی:
«چی لەم گەلە بکەم؟
پاش کەمێکی دیکە بەردبارانم دەکەن.»
٥ یەزدانیش بە موسای فەرموو:
«لەپێش گەلدا بڕۆ و هەندێک پیری ئیسرائیل لەگەڵ خۆت ببە و ئەو گۆچانەش کە پێی لە ڕووباری نیلت دا لەگەڵ دەستت بیبە و بڕۆ.
٦ من لەپێشت لەوێ لەسەر ئەو تاشەبەردە* لە حۆرێڤ وەستاوم.
لە تاشەبەردەکە دەدەیت،
ئاوی لێ هەڵدەقوڵێت و گەل دەیخۆنەوە.»
موساش بەم جۆرەی کرد لەبەرچاوی پیرانی ئیسرائیل.
٧ ئەو شوێنەیان ناو نا مەسا و مەریبا*،
لەبەر دەمەقاڵێی نەوەی ئیسرائیل و لەبەر ئەوەی یەزدانیان تاقی کردەوە و گوتیان «ئایا یەزدان لەنێوانمانە یان نا؟»
بەزاندنی عەمالێقییەکان
٨ عەمالێقییەکان هاتن و شەڕیان لەگەڵ ئیسرائیل کرد لە ڕەفیدیم.
٩ موساش بە یەشوعی* گوت:
«چەند پیاوێکمان بۆ هەڵبژێرە و بڕۆ لە دژی عەمالێقییەکان شەڕ بکە،
من بەیانی لەسەر سەری گردەکە دەوەستم و گۆچانەکەی خوداش لە دەستم دەبێت.»
١٠ یەشوعیش بە قسەی موسای کرد،
لە دژی عەمالێقییەکان جەنگا،
موسا و هارون و حووریش سەرکەوتنە سەر گردەکە.
١١ ئەوە بوو کاتێک موسا دەستی بەرز دەکردەوە،
نەوەی ئیسرائیل سەردەکەوتن،
بەڵام کاتێک دەستی دەهێنایە خوارەوە،
عەمالێقییەکان سەردەکەوتن.
١٢ کاتێک دەستەکانی موسا قورس بوون،
بەردێکیان هێنا و خستیانە ژێری و ئەویش لەسەری دانیشت.
ئینجا هارون و حوور یەکێکیان لەم لاوە و ئەوی دیکە لەو لاوە دەستیان گرت،
ئیتر هەتا ئاوابوونی خۆر دەستەکانی بە بەرزکراوەیی مایەوە.
١٣ یەشوعیش بە شمشێر عەمالێق و لەشکرەکەی بەزاند.
١٤ یەزدانیش بە موسای فەرموو:
«ئەمە وەک یاداشتێک لە پەڕەیەک بنووسە و بۆ یەشوعی بخوێنەوە،
چونکە بە تەواوی یادگاری عەمالێق لەژێر ئاسمان دەسڕمەوە.»
١٥ موساش قوربانگایەکی دروستکرد و ناوی لێنا «یەزدان ئاڵای منە» و
١٦ گوتی:
«لەبەر ئەوەی عەمالێق دەستی بەرزکردووەتەوە لە دژی تەختی یەزدان،
یەزدان نەوە لەدوای نەوە لە دژی عەمالێق لە جەنگدا دەبێت.»