کارەساتی دەیەم: مردنی نۆبەرە
١ یەزدان بە موسای فەرموو:
«کارەساتێکی دیکە بەسەر فیرعەون و میسردا دەهێنم،
دوای ئەمە ڕێتان دەدات بڕۆن،
کاتێک ڕێتان دەدات بڕۆن هەمووان لێرە بە تەواوی دەردەکات.
٢ بە گەل بڵێ با هەر پیاوێک یان ژنێک داوای خشڵی زێڕ و زیو لە دراوسێ میسرییەکەی بکات.»
٣ یەزدانیش گەلی لەبەرچاوی میسرییەکان ڕێزدار کرد،
هەروەها کاربەدەستانی فیرعەون و گەلی میسر بە چاوی ڕێزەوە سەیری موسایان دەکرد.
٤ موسا گوتی:
«یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
”من لە دەوروبەری نیوەشەودا دێمە ناو میسر.
٥ هەموو کوڕە نۆبەرەیەک لە خاکی میسر دەمرێت،
لە نۆبەرەی فیرعەونەوە کە لەسەر تەختەکەی دانیشتووە هەتا نۆبەرەی ئەو کەنیزەیەی لە پشت دەستاڕە،
نۆبەرەی هەموو ئاژەڵێکی ماڵیش.
٦ هاوارێکی مەزنیش لە هەموو خاکی میسردا دەبێت کە وەک ئەوە نەبووە و جارێکی دیکەش نابێت.
٧ بەڵام بۆ هەموو نەوەی ئیسرائیل تەنانەت سەگیش پێیان ناوەڕێت،
نە بە خەڵک و نە بە ئاژەڵ،“
بۆ ئەوەی بزانن یەزدان جیاوازی لەنێوان گەلی میسری و ئیسرائیلی دەکات.
٨ ئیتر هەموو خزمەتکارانت دێنە لام و کڕنۆشم بۆ دەبەن و دەڵێن ”بڕۆن،
خۆت و هەموو ئەو گەلەی لەدوای تۆن،“
ئیتر لەپاش ئەوە ئێرە بەجێدەهێڵم و دەڕۆم.»
ئینجا موسا بە تووڕەییەوە لەلای فیرعەون هاتە دەرەوە.
٩ یەزدان بە موسای فەرموو:
«فیرعەون گوێتان لێ ناگرێت،
بۆ ئەوەی پەرجووەکانم لە خاکی میسردا زیاد بێت.»
١٠ موسا و هارون هەموو ئەم پەرجووانەیان لەبەردەم فیرعەون کرد،
بەڵام یەزدان دڵی فیرعەونی ڕەقکرد و ڕێی بە نەوەی ئیسرائیل نەدا لە خاکەکەی بڕۆن.