١ ئیسحاق یاقوبی بانگکرد و داوای بەرەکەتی بۆ کرد.
ئینجا فەرمانی پێدا و پێی گوت:
«لەگەڵ کچی کەنعانییەکان هاوسەرگیری مەکە.
٢ هەستە بڕۆ بۆ پەدان ئارام* بۆ ماڵی بتوئێلی باوکی دایکت،
لەوێ لە کچەکانی لابانی برای دایکت ژنێک بۆ خۆت بخوازە.
٣ با خودای هەرە بەتوانا بەرەکەتدار و بەردار و زۆرت بکات،
هەتا دەبیتە کۆمەڵێک گەل.
٤ با خودا بەرەکەتی ئیبراهیم بە خۆت و نەوەکانت بدات،
تاکو ببیتە میراتگری ئەو خاکەی کە خودا دابوویە ئیبراهیم و ئێستا تۆ وەکو بێگانە لەسەری دەژیت.»
٥ ئیتر ئیسحاق یاقوبی نارد،
ئەویش چوو بۆ پەدان ئارام بۆ لای لابانی کوڕی بتوئێلی ئارامی،
برای ڕڤقەی دایکی یاقوب و عیسۆ.
٦ عیسۆ بۆی دەرکەوت کە ئیسحاق داوای بەرەکەتی بۆ یاقوب کردووە و ناردوویەتی بۆ پەدان ئارام تاکو لەوێ ژن بهێنێت،
ئینجا کاتێک داوای بەرەکەتی بۆ کردووە،
فەرمانی پێداوە و گوتوویەتی:
«لە کچانی کەنعان ژن نەخوازیت،»
٧ ئیتر یاقوبیش گوێڕایەڵی دایک و باوکی بووە و چووە بۆ پەدان ئارام.
٨ کاتێک کە عیسۆ زانی کچە کەنعانییەکان جێی پەسەندی ئیسحاقی باوکی نین و لەلای ئەو خراپن،
٩ چوو بۆ لای ئیسماعیل و ماحەلەتی خوشکی نەبایۆت و کچی ئیسماعیلی کوڕی ئیبراهیمی بەسەر ژنەکانی دیکەیدا خواست.
خەونی یاقوب لە بێت‌ئێل
١٠ یاقوب بیری شابەعی بەجێهێشت و بەرەو حەڕان ڕۆیشت.
١١ ئیتر ڕێی کەوتە شوێنێک و لەبەر خۆرئاوابوون لەوێ مایەوە.
ئینجا بەردێکی لە بەردەکانی ئەو شوێنە هێنا و خستییە ژێر سەری و ڕاکشا.
١٢ یاقوب خەونێکی بینی کە تێیدا پێپلیکانەیەک لەسەر زەوی ڕاگیراوە کە سەری لە ئاسمان دەدات و فریشتەکانی خودا پێیدا سەردەکەون و دێنە خوارەوە.
١٣ وا یەزدان وەستاوە و دەفەرموێت:
«من یەزدانم،
خودای ئیبراهیمی باوکت و خودای ئیسحاق.
ئەو خاکەی لەسەری ڕاکشاویت دەیدەمە خۆت و نەوەکانت.
١٤ نەوەکەت وەک خۆڵی زەوی دەبێت،
بەرەو ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات و باکوور و باشوور بڵاو دەبیتەوە.
هەموو هۆزەکانی زەویش لە ڕێگەی تۆ و نەوەی تۆوە بەرەکەتدار دەبن.
١٥ من لەگەڵتدام و بۆ هەر لایەک بچیت دەتپارێزم،
دەشتگەڕێنمەوە بۆ ئەم خاکە،
چونکە وازت لێ ناهێنم هەتا ئەوە ئەنجام نەدەم کە پێم فەرموویت.»
١٦ کاتێک یاقوب خەبەری بووەوە،
گوتی:
«بێگومان یەزدان لەم شوێنەیە،
منیش نەمزانی!»
١٧ ترسیش دایگرت و گوتی:
«ئەم شوێنە چەند ترسناکە!
ئەمە هیچی دیکە نییە ماڵی خودا نەبێت،
ئێرەش دەروازەی ئاسمانە.»
١٨ یاقوب بەیانی زوو لە خەو هەستا و ئەو بەردەی هێنا کە لەژێر سەری خۆی داینابوو بە ستوونی ڕاگیری کرد و زەیتی بەسەردا کرد.
١٩ ئەو شوێنەشی ناو نا بێت‌ئێل*،
هەرچەندە پێشتر شارەکە ناوی لوز بوو.
٢٠ یاقوب نەزرێکی* کرد و گوتی:
«ئەگەر خودا لەگەڵ من بێت و لەم ڕێگایە بمپارێزێت کە پێیدا دەڕۆم و نانی دامێ بیخۆم و جلوبەرگیش بیپۆشم،
٢١ بە سەلامەتیش گەڕامەوە لای ماڵی باوکم،
ئەوا یەزدان دەبێتە خودای من.
٢٢ ئەم بەردەش کە بە ستوونی ڕاگیرم کردووە،
دەبێتە ماڵی خودا* و هەرچییەکیشم پێ ببەخشیت ئەوا دەیەکی لێ دەبەخشم.»