هاجەر و ئیسماعیل
١ سارایی ژنی ئەبرام هیچ منداڵی بۆ ئەبرام نەبوو،
بەڵام کەنیزەیەکی میسری هەبوو ناوی هاجەر بوو.
٢ سارای بە ئەبرامی گوت:
«یەزدان ڕێی منداڵبوونی لێ گرتووم.
لەگەڵ کەنیزەکەم سەرجێیی بکە،
بەڵکو لەوەوە منداڵم بۆ ببێت.»
ئەبرامیش بە قسەی سارایی کرد.
٣ ئینجا پاش دە ساڵ لە نیشتەجێبوونی ئەبرام لە خاکی کەنعان،
سارایی ژنی ئەبرام هاجەری کەنیزە میسرییەکەی هێنا و دایە ئەبرامی مێردی تاکو ببێتە ژنی.
٤ ئیتر لەگەڵ هاجەر سەرجێیی کرد و ئەویش سکی پڕ بوو.
کاتێک کە زانی سکی هەیە،
خانمەکەی خۆی لەبەرچاو سووک بوو.
٥ ئینجا سارای بە ئەبرامی گوت:
«تۆ بەرپرسی لەو سووکایەتییەی بە من دەکرێت.
من کەنیزەکەی خۆمم خستە باوەشی تۆ،
ئێستاش کە زانی سکی هەیە،
لەبەرچاویدا سووک بووم.
با یەزدان دادوەریی نێوان من و تۆ بکات.»
٦ ئەبرامیش بە سارایی گوت:
«وا کەنیزەکەت لەبەردەستی خۆتدایە،
چیت پێ باشە وای لێ بکە.»
ئیتر سارای ئەوەندە بەدڕەفتاری لەگەڵ هاجەر کرد،
هەتا لە دەستی هەڵات.
٧ ئینجا فریشتەی یەزدان لە چۆڵەوانی هاجەری لەسەر کانییەک دۆزییەوە؛
ئەو کانییەی کە لەسەر ڕێگای شوورە.
٨ فەرمووی:
«ئەی هاجەری کەنیزەی سارای،
لەکوێوە هاتوویت و بۆ کوێ دەچیت؟»
ئەویش گوتی:
«لەدەست سارایی خانمم ڕامکردووە.»
٩ فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو:
«بگەڕێوە لای خانمەکەت و ژێردەستەی بە.»
١٠ هەروەها پێی فەرموو:
«وەچەکانت بێ ئەندازە زۆر دەکەم کە لەبەر زۆرییان لە ژماردن نەیەن.»
١١ دیسان فریشتەکەی یەزدان پێی فەرموو:
«ئێستا سکت پڕە،
کوڕێکت دەبێت،
ناوی دەنێیت ئیسماعیل،
چونکە یەزدان گوێی لە زەلیلیی تۆ بوو.
١٢ ئەو دەبێتە مرۆڤێک وەک کەرەکێوی* لێ دێت.
دەستی لە دژی هەموو کەسێک دەبێت و
دەستی هەموو کەسێکیش لە دژی ئەو.
دەبێتە نەیاری هەموو براکانیشی.»
١٣ ئینجا ئەم ناوەی لە یەزدان نا کە لەگەڵیدا دوا،
«تۆ ئەو خودایەی کە دەبینیت،»
چونکە هاجەر گوتی:
«ئا لێرەشدا ئەوم بینی کە دەمبینێت.»
١٤ لەبەر ئەمەشە کە ئەو بیرە* بە «بیری لەحەی ڕۆئی» ناونراوە،
ئێستاش وا لەنێوان قادێش* و بەرەدە.
١٥ ئیتر هاجەر کوڕێکی بۆ ئەبرام بوو،
ئەبرامیش ئەو کوڕەی ناو نا ئیسماعیل.
١٦ ئەبرام تەمەنی هەشتا و شەش ساڵ بوو کاتێک هاجەر ئیسماعیلی بۆ ئەبرام بوو.