قوللەی بابل
١ هەموو جیهان یەک زمان و یەک جۆر قسەکردنیان هەبوو.
٢ ئینجا کاتێک بۆ ڕۆژهەڵات کۆچیان کرد،
دەشتاییەکیان لە خاکی شینعار* دۆزییەوە و لەوێ نیشتەجێ بوون.
٣ ئینجا بە یەکتریان گوت:
«وەرن،
با خشت دروستبکەین و تەواو سووری بکەینەوە.»
ئیتر لە جیاتی بەرد خشتیان بەکارهێنا،
قیریش لە جیاتی قوڕ.
٤ هەروەها گوتیان:
«وەرن،
با شارێک بۆ خۆمان دروستبکەین لەگەڵ قوللەیەک کە سەری لە ئاسمان بدات.
ناوێکیش بۆ خۆمان دروستدەکەین،
تاکو بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرت نەبین.»
٥ بەڵام یەزدان بۆ بینینی ئەو شار و قوللەیەی کە ئادەمیزاد دروستی دەکرد هاتە خوارەوە.
٦ یەزدان فەرمووی:
«ئەگەر هەموویان یەک گەل و یەک زمان بن،
ئەوە سەرەتای دەستپێکردنیانە،
هیچ شتێک لەلایان مەحاڵ نابێت،
لەوەی مەبەستیانە بیکەن.
٧ وەرن با بچینە خوارەوە و لەوێ زمانیان بشێوێنین،
بۆ ئەوەی کەسیان لە زمانی ئەوی دیکەیان نەگات.»
٨ ئینجا یەزدان لەوێوە بەسەر هەموو زەویدا پەرتی کردن.
ئیتر وازیان لە بنیادنانی شارەکە هێنا.
٩ لەبەر ئەمە ناونرا بابل*،
چونکە لەوێدا یەزدان زمانی هەموو زەوی شێواند.
هەر لەوێشەوە یەزدان بەسەر هەموو ڕووی زەویدا پەرتی کردن.
لە سامەوە هەتا ئەبرام
١٠ ئەمانەش نەوەکانی سامن.
 
دوو ساڵ لەدوای لافاوەکە،
کاتێک سام تەمەنی سەد ساڵ بوو،
ئەرپەکشاد لە نەوەی ئەو لەدایکبوو.
١١ دوای لەدایکبوونی ئەرپەکشاد،
سام پێنج سەد ساڵ ژیا،
کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
١٢ ئەرپەکشاد لە تەمەنی سی و پێنج ساڵیدا بووە باوکی شالەح.
١٣ دوای لەدایکبوونی شالەح،
ئەرپەکشاد چوار سەد و سێ ساڵ ژیا،
کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
١٤ شالەح لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی عێبەر.
١٥ دوای لەدایکبوونی عێبەر،
شالەح چوار سەد و سێ ساڵ ژیا،
کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
١٦ عێبەر لە تەمەنی سی و چوار ساڵیدا بووە باوکی پەلەگ.
١٧ لەدوای لەدایکبوونی پەلەگ،
عێبەر چوار سەد و سی ساڵ ژیا،
کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
١٨ پەلەگ لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی ڕەعو.
١٩ دوای لەدایکبوونی ڕەعو،
پەلەگ دوو سەد و نۆ ساڵ ژیا،
کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
٢٠ ڕەعو لە تەمەنی سی و دوو ساڵیدا بووە باوکی سەروگ.
٢١ دوای لەدایکبوونی سەروگ،
ڕەعو دوو سەد و حەوت ساڵ ژیا،
کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
٢٢ سەروگ لە تەمەنی سی ساڵیدا بووە باوکی ناحۆر.
٢٣ دوای لەدایکبوونی ناحۆر،
سەروگ دوو سەد ساڵ ژیا،
کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
٢٤ ناحۆر لە تەمەنی بیست و نۆ ساڵیدا بووە باوکی تارەح.
٢٥ دوای لەدایکبوونی تارەح،
ناحۆر سەد و نۆزدە ساڵ ژیا،
کوڕ و کچی دیکەشی بوو.
٢٦ تارەح لە تەمەنی حەفتا ساڵیدا بووە باوکی ئەبرام و ناحۆر و هاران.
کەسوکاری ئەبرام
٢٧ ئەمانەش نەوەکانی تارەحن.
 
تارەح ئەبرام و ناحۆر و هارانی بوو.
هارانیش لوتی بوو.
٢٨ هاران پێش تارەحی باوکی لە ئووری کلدانییەکان مرد،
لەو خاکەی تێیدا لەدایک ببوو.
٢٩ ئەبرام و ناحۆر هەردووکیان ژنیان هێنا.
ژنەکەی ئەبرام ناوی سارای بوو،
ژنەکەی ناحۆریش ناوی میلکەی کچی هاران بوو،
کە هاران باوکی میلکە و یەسکە بوو.
٣٠ سارای نەزۆک بوو،
منداڵی نەبوو.
٣١ تارەح ئەبرامی کوڕی و لوتی کوڕەزای،
کە کوڕی هاران بوو،
لەگەڵ سارایی بووکی،
کە ژنی ئەبرامی کوڕی بوو،
برد و پێکەوە لە ئووری کلدانییەکانەوە بەڕێکەوتن تاکو بچنە خاکی کەنعان.
بەڵام کاتێک هاتنە حەڕان،
لەوێ نیشتەجێ بوون.
٣٢ ئینجا تارەح لە تەمەنی دوو سەد و پێنج ساڵیدا لە حەڕان مرد.