ڕۆژی حەوتەم: کۆتایی بەدیهێنان
١ بەم شێوەیە ئاسمان و زەوی و هەرچی تێیاندا ڕێکخرابوو تەواو کران.
٢ ئیتر خودا لە ڕۆژی حەوتەم لەو کارەی کە کردبووی تەواو ببوو.
خودا لە ڕۆژی حەوتەم لە هەموو کارەکانی پشووی دا*.
٣ خودا ڕۆژی حەوتەمی بەرەکەتدار و پیرۆز کرد،
چونکە تێیدا کۆتایی بە هەموو کارێکی بەدیهێنان هێنا.
ئادەم و حەوا
٤ ئەمانەش ڕێکخستنەکانی ئاسمان و زەوین کاتێک بەدی هێنران،
لەو ڕۆژەی یەزدانی پەروەردگار زەوی و ئاسمانی دروستکرد.
 
٥ هیچ دەوەنێکی کێڵگە لەسەر زەوی نەبوو،
هەروەها هیچ ڕووەکێکی کێڵگەش سەری دەرنەکردبوو،
چونکە هێشتا یەزدانی پەروەردگار بارانی بەسەر زەویدا نەباراندبوو.
هیچ مرۆڤێکیش نەبوو ئیشی جوتیاری بکات.
٦ بەڵام تەم لە زەوییەوە سەردەکەوت و هەموو ڕووی زەوی ئاو دەدا.
٧ جا یەزدانی پەروەردگار پیاوی لە خۆڵی زەوی* دروستکرد و هەناسەی ژیانی فووکردە کونە لووتی.
بەمەش پیاوەکە بووە گیانێکی زیندوو.
٨ ئینجا یەزدانی پەروەردگار باخچەیەکی لە عەدەن،
لە ڕۆژهەڵاتدا چاند.
لەوێش پیاوەکەی دانا کە دروستی کردبوو.
٩ یەزدانی پەروەردگار هەموو ئەو جۆرە درەختانەی کە لەبەرچاو جوان بوون و بۆ خواردن خۆش بوون لە زەویدا گەشەی پێکرد.
درەختی ژیانیش لە ناوەڕاستی باخچەکەدا بوو،
هەروەها درەختی زانینی چاکە و خراپە.
١٠ ڕووبارێک لە عەدەنەوە سەرچاوە دەگرێت و لەبەری دەڕوات بۆ ئاودانی باخچەکە،
لەوێوە دەبێت بە چوار لقەوە:
١١ ناوی یەکەمیان پیشۆنە کە بە هەر چوار لای هەموو زەوی حەڤیلادایە،
کە زێڕی لێیە.
١٢ زێڕی ئەو زەوییە چاکە،
هەروەها سرێشی* داری بۆن خۆش و بەردی عاشقبەندیشی لێیە.
١٣ ناوی ڕووباری دووەمیان گیحۆنە،
کە بە شێوەی پێچاوپێچ بە هەموو خاکی کوشدا* دەڕوات.
١٤ ناوی ڕووباری سێیەم دجلەیە،
* ئەمیش بە ڕۆژهەڵاتی شاری ئەشووردا* دەڕوات.
ڕووباری چوارەمیش فوراتە.
١٥ یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی هێنا و لە باخچەی عەدەن داینا،
بۆ ئیشی جوتیاری و بایەخ پێدانی.
١٦ یەزدانی پەروەردگار فەرمانی بە پیاوەکە دا و فەرمووی:
«تۆ ئازادیت لە هەموو درەختەکانی باخچەکە بخۆیت،
١٧ بەڵام بۆت نییە لە درەختی زانینی چاکە و خراپە بخۆیت،
چونکە ئەو ڕۆژەی لێی بخۆیت بێگومان دەمریت.»
١٨ یەزدانی پەروەردگار فەرمووی:
«باش نییە بۆ پیاو بە تەنها بێت.
یاریدەرێکی هاوشانی بۆ دروستدەکەم.»
١٩ یەزدانی پەروەردگار هەر لە خۆڵی زەوی هەموو ئاژەڵی کێوی و هەموو باڵندەکانی ئاسمانی دروستکرد.
ئینجا بۆ پیاوەکەی هێنا بۆ ئەوەی ببینێت چ ناوێکیان لێ دەنێت،
هەر ناوێک کە پیاوەکە لە هەریەک لەم بوونەوەرە زیندووانەی نا،
ئەوە ناوەکەی بوو.
٢٠ پیاوەکە ناوی لە هەموو ئاژەڵی ماڵی و باڵندەی ئاسمان و ئاژەڵی کێوی نا.
بەڵام بۆ پیاوەکە* هیچ یاریدەرێکی هاوشان نەدۆزرایەوە.
٢١ لە ئەنجامدا یەزدانی پەروەردگار پیاوەکەی خستە خەوێکی قووڵەوە.
کاتێک خەوتبوو،
یەکێک لە پەراسووەکانی دەرهێنا و شوێنەکەی بە گۆشت بۆ پڕکردەوە.
٢٢ ئینجا یەزدانی پەروەردگار ئافرەتێکی لەو پەراسووە دروستکرد کە لە پیاوەکەی وەرگرتبوو،
جا هێنای بۆ لای پیاوەکە.
٢٣ پیاوەکە گوتی:
«ئێستا ئەمە ئێسکێکە لە ئێسقانەکانم و
گۆشتە لە گۆشتم.
ئەمە ناودەبردرێت بە ”ئافرەت“*
چونکە لە پیاوەوە وەرگیراوە.»
٢٤ لەبەر ئەوە پیاو دایک و باوکی خۆی بەجێدەهێڵێت و بە ژنەکەیەوە دەنووسێت،
ئیتر دەبنە یەک جەستە.
٢٥ پیاوەکە و ژنەکەی هەردووکیان ڕووت بوون،
شەرمیشیان نەدەکرد.