گۆرانی موسا
١ پاشان نیشانەیەکی دیکەم لە ئاسماندا بینی، گەورە و سەیر: حەوت فریشتە حەوت دەردی کۆتاییان پێبوو، چونکە تووڕەیی خودا لەوانەدا تەواو دەبێت.
٢ پاشان شتێکی وەک دەریای شووشەیی تێکەڵ بە ئاگرم بینی و ئەوانەی دڕندەکە و پەیکەرەکەی و ژمارەی ناوەکەیان بەزاندبوو لەسەر دەریا شووشەییەکە ڕاوەستابوون و قیسارەی خودایان پێبوو. ٣ سروودی موسای بەندەی خودا و سروودی بەرخەکەیان دەچڕی، دەیانگوت:
«ئەی یەزدان، خودای هەرە بە توانا،
کارەکانت گەورە و سەیرە!
ئەی پاشای نەتەوەکان،
ڕێگاکانت ڕاست و دادپەروەرە.
٤ ئەی یەزدان، کێ لە تۆ ناترسێت و
ناوت شکۆدار ناکات؟
چونکە تۆ تاقە پیرۆزیت.
هەموو نەتەوەکان دێن و کڕنۆشت بۆ دەبەن،
چونکە دادپەروەرییەکانت دەرکەوتوون.»
٥ پاش ئەوە سەیرم کرد، پەرستگاکە لە ئاسماندا کرایەوە کە چادری پەرستنە، چادری پەیمانە. ٦ حەوت فریشتەکە لە پەرستگاکە هاتنە دەرەوە و حەوت دەردەکەیان پێبوو، کەتانی پاک و پرشنگداریان پۆشی بوو، چەند پشتێنێکی زێڕینیان لە سنگ بەستبوو. ٧ یەکێک لە چوار بوونەوەرەکە حەوت جامی زێڕینی پڕ لە تووڕەیی خودای هەمیشە زیندووی دا بە حەوت فریشتەکە. ٨ پەرستگاکەش پڕبوو لە دووکەڵ بە شکۆی و هێزی خودا و کەس نەیتوانی بچێتە ناو پەرستگاکەوە، هەتا حەوت دەردەکەی حەوت فریشتەکە تەواو نەبوون.