بەرخەکە و گۆرانی جەماوەر
١ پاشان بینیم بەرخەکە لەسەر کێوی سییۆن ڕاوەستابوو، سەد و چل و چوار هەزار کەسی لەگەڵ بوو، ناوی ئەو و ناوی باوکی ئەویان لەسەر ناوچەوانیان* نووسرابوو. ٢ لە ئاسمانەوە دەنگێکم بیست وەک خوڕەی ئاوێکی زۆر و دەنگی هەورەگرمەیەکی گەورە. ئەو دەنگە کە گوێم لێ بوو وەک دەنگی قیسارەش وابوو کە ژەنیاران دەیژەنن. ٣ لەبەردەم تەختەکە و لەبەردەم چوار بوونەوەرەکە و پیرەکان سروودێکی نوێیان دەگوت. کەس نەیدەتوانی سروودەکە فێرببێت جگە لەو سەد و چل و چوار هەزارەی لە زەوییەوە کڕابوونەوە. ٤ ئەوانە ئەو کەسانەن کە خۆیان لەگەڵ ئافرەت گڵاو نەکردووە، چونکە پاکن، ئەوانە بەدوای بەرخەکە دەکەون بۆ هەرکوێ بڕوات، ئەوانە لەنێو خەڵک کڕدراونەتەوە وەک نۆبەرە بۆ خودا و بەرخەکە. ٥ درۆ لە دەمیاندا نادۆزرێتەوە، گلەییان لەسەر نییە.
سێ فریشتەکە
٦ ئینجا فریشتەیەکی دیکەم بینی لەناوەڕاستی ئاسماندا دەفڕی، مزگێنی هەتاهەتایی پێبوو، تاکو بۆ دانیشتووانی سەر زەوی ڕابگەیەنێت، بۆ هەموو نەتەوە و هۆز و زمان و گەلێک. ٧ بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «لە خودا بترسن و ستایشی بکەن، چونکە کاتی حوکمدان هاتووە. کڕنۆش بۆ دروستکەری ئاسمان و زەوی و دەریا و کانیاوەکان ببەن.»
٨ فریشتەی دووەم، لەدوایەوە دەیگوت: «کەوت! بابلی گەورە کەوت، ئەوەی بەم جۆرەی کرد هەموو نەتەوەکان شەرابی تووڕەیی داوێنپیسییەکەی بخۆنەوە.»
٩ فریشتەی سێیەم، لە دوایانەوە بە دەنگێکی بەرز دەیگوت: «ئەوەی کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی ببات و نیشانەی سەر دەستی یان نێوچەوانی وەربگرێت، ١٠ ئەویش شەرابی تووڕەیی خودا دەخواتەوە، کە بە سادەیی لە جامی تووڕەییەکەی ڕژاوە. لەبەردەم فریشتە پیرۆزەکان و بەرخەکەدا بە ئاگر و گۆگرد ئازار دەدرێت. ١١ دووکەڵی ئازاریان بۆ هەتاهەتایە بەرز دەبێتەوە. ئەوانەی کڕنۆش بۆ دڕندەکە و پەیکەرەکەی دەبەن، ئەوەی نیشانەی ناوەکەی وەربگرێت شەو و ڕۆژ پشوویان نابێت.»
١٢ ئەمە بانگەوازە بۆ دانبەخۆداگرتنی گەلی پیرۆزی خودا کە ڕاسپاردەکانی خودا بەجێدەگەیەنن و باوەڕی عیسا دەپارێزن.
١٣ گوێم لە دەنگێک بوو لە ئاسمانەوە دەیگوت: «بنووسە: خۆزگە دەخوازرێت بەو مردووانەی لە ئێستاوە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای خاوەن شکۆ دەمرن!»
ڕۆحی پیرۆز دەفەرموێ: «بەڵێ، بۆ ئەوەی لە ماندووبوونیان بحەسێنەوە، چونکە کردەوەکانیان شوێنیان دەکەون.»
دروێنەی زەوی
١٤ پاشان تەماشام کرد، ئەوەتا هەورێکی سپی و لەسەر هەورەکە یەکێکی وەک کوڕی مرۆڤ* دانیشتووە، تاجێکی زێڕینی لەسەر بوو و داسێکی تیژی بەدەستەوە بوو. ١٥ فریشتەیەکی دیکە لە پەرستگا هاتە دەرەوە و بە دەنگێکی بەرز بانگی دانیشتووی سەر هەورەکەی کرد: «داسەکەت هەڵگرە و بدروەوە، چونکە کاتی دروێنە هاتووە و بەرهەمی زەوی پێگەیشتووە.» ١٦ جا دانیشتووی سەر هەورەکە داسەکەی بۆ سەر زەوی وەشاند و زەوی دروێنە کرا.
١٧ فریشتەیەکی دیکە لە پەرستگاکەی لە ئاسمانە دەرچوو و ئەویش داسێکی تیژی پێبوو. ١٨ فریشتەیەکی دیکە لە قوربانگاوە دەرچوو و دەسەڵاتی بەسەر ئاگردا هەبوو. بە دەنگێکی بەرز بە ئەوەی گوت کە داسە تیژەکەی پێبوو: «داسە تیژەکەت هەڵگرە و هێشووەکانی ڕەزی زەوی کۆبکەرەوە، چونکە ترێیەکەی پێگەیشتووە.» ١٩ فریشتەکە داسەکەی وەشاندە زەوی و ڕەزەکانی زەوی ڕنی و فڕێیدایە ناو گوشەرە گەورەکەی تووڕەیی خودا. ٢٠ گوشەرەکە* لە دەرەوەی شار گوشرا، تاکو بەرزی لغاوی ئەسپ، هەزار و شەش سەد ستادیا* خوێن لە گوشەرەکە دەرچوو.