سێیەم نامەی یۆحەنا
هەڵسوکەوت لە ڕاستی
١ لە پیرەکەوە* ،
بۆ گایۆسی خۆشەویست کە لە ڕاستیدا خۆشم دەوێت.
٢ ئەی خۆشەویست، نوێژ دەکەم کە لە هەموو شتێکدا سەرکەوتوو بیت و تەندروستیت باش بێت، هەروەک دەروونت سەرکەوتووە. ٣ زۆر دڵخۆش بووم بەوەی چەند برایەک هاتن و شایەتی دڵسۆزی تۆیان بۆ ڕاستی دا، هەروەک بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆیت. ٤ خۆشی لەمە گەورەترم نییە کە گوێم لێ بێت منداڵانم بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆن.
٥ خۆشەویست، تۆ بە دڵسۆزییەوە هەموو شتێک بۆ خوشکان و برایان دەکەیت، بە تایبەتی بۆ نامۆکان. ٦ ئەوانەی لەبەردەم کڵێسا شایەتییان لەسەر خۆشەویستی تۆ داوە، ئەوانەی باش دەکەیت کە بەو شێوەیە بە شایستەیی خودا بەڕێیان دەکەیت، ٧ چونکە ئەوانە لەبەر ناوی مەسیح هاتوون و هیچ شتێکیان لە بێباوەڕان وەرنەگرتووە. ٨ بۆیە پێویستە پێشوازی لە کەسانی وەک ئەوانە بکەین تاکو بەیەکەوە کار بۆ ڕاستی بکەین.
٩ بۆ کڵێسام نووسیوە، بەڵام دیۆتریفس کە دەیەوێت لەنێوانیاندا ببێتە یەکەم، پێشوازیمان ناکات. ١٠ بۆیە ئەگەر هاتم، کردەوەکانی و ئەو غەیبەتانەی کە سەبارەت بە ئێمەی گوتووە دەیخەمەوە یادی. هەروەها بەوەشەوە نەوەستاوە، بەڵکو نایەوێت پێشوازی لە خوشکان و برایان بکات و هەر یەکێک بییەوێت پێشوازییان لێ بکات، ڕێی لێ دەگرێت و لە کڵێسا دەریدەکات.
دوای خراپە مەکەوە بەڵکو چاکە
١١ خۆشەویستم، لاسایی خراپە مەکەوە بەڵکو چاکە. ئەوەی چاکە بکات لە خوداوەیە، ئەوەش خراپە بکات، خودای نەبینیوە* . ١٢ دیمیتریۆس لەلایەن هەموو کەسێک و لەلایەن ڕاستیشەوە شایەتی بۆ دراوە. ئێمەش شایەتی دەدەین، ئێوەش دەزانن شایەتی ئێمە ڕاستە. ١٣ زۆرم هەبوو بۆتی بنووسم، بەڵام نامەوێت بە قەڵەم و مەرەکەب بێت. ١٤ بەڵکو ئومێدەوارم بەم زووانە بتبینم تاکو ڕووبەڕوو قسە بکەین.
١٥ سڵاوت لێ بێت. برادەران سڵاوت لێدەکەن. بە ناوەکانیان سڵاو لە برادەران بکە.