دووەم نامەی یۆحەنا
کورتە باسێک
یۆحەنای قوتابی و نێردراو لە دەوروبەری ساڵی (٩٠ ز.) کە نزیکە لە هەمان کاتی نووسینی نامەی یەکەمی لە ئەفەسۆسەوە ئەم نامەیە بۆ کڵێسایەک دەنووسێت، کە وەک خانمێک ناوزەندی دەکات.
لە سەدەی یەکەم و دووەمی زایینیدا مزگێنیدەران و مامۆستایانی گەڕۆک لە شار و وڵاتان دەگەڕان مژدەی مەسیحیان ڕادەگەیاند. لەناو باوەڕداران ببووە نەریت کە لە ماڵەکانیان پێشوازییان لێ بکەن و یارمەتی ماددییان بدەن. کەسانێکی مشەخۆر ئەو هەلەیان قۆزتبووەوە، وەک مامۆستا خۆیان دەناساند و زانیارییەکی فراوانیشیان هەبووە، فێرکردنی هەڵەشیان بڵاو دەکردەوە. ئەم نامەیە لە پێناوی ئەوە نووسراوە کە باوەڕداران بتوانن ئەم جۆرە مامۆستایە درۆزنانە بناسنەوە و جیایان بکەنەوە. سەبارەت بە فێرکردنە ڕاستەقینەکە فەرمانیان پێ دەکات: «ئەگەر یەکێک هاتە لاتان و ئەو فێرکردنەی نەهێنا، لە ماڵەکەتان وەریمەگرنەوە و سڵاوی لێ مەکەن.» (‏ ١٠‏‏).
مەبەستی گشتی لەم نامەیە ئەوەیە کە باوەڕداران بە ڕێگای ڕاستی هەڵسوکەوت بکەن، وەک دەڵێ: «زۆر دڵخۆش بووم کە بینیم هەندێک لە منداڵەکانت بەگوێرەی ڕاستی دەڕۆن، وەک باوک ڕایسپاردین.» (‏ ٤‏‏).