یەکەم نامەی یۆحەنا
کورتە باسێک
نووسەری ئەو نامەیە خۆی ناناسێنێ، بەڵام ڕوونە کە یۆحەنای قوتابی عیسا بووە و لەوانەیە لە ئەفەسۆس لە ساڵی (٨٥–٩٠ ز.) نووسیبێتی، لەدوای نووسینی مزگێنی مەسیح. بۆ زانیاری لەسەر کەسایەتی یۆحەنا بڕوانە پێشەکی مزگێنی بەپێی نووسینی یۆحەنا.
لەبەر ئەوەی ئەم نامەیە بێ ناونیشانە و بۆ کڵێسایەکی دیاریکراو نەنووسراوە، بۆیە دەردەکەوێ کە نامەیەکی گشتییە و بۆ هەموو باوەڕدارانە (بڕوانە ٢‏:١٢‏-١٤‏‏).
یۆحەنا نێردراوی خۆشەویستییە و لەم نامەیەدا هیچ دەقێکی تێدا نییە بەبێ باسکردنی خۆشەویستی. دەڵێ ئەوانەی باوەڕیان بە عیسا هەیە و خودایان خۆشدەوێ دەبێ یەکتریان خۆشبوێ. بە شێوەیەکی گشتیش نامەکە دوو مەبەستی سەرەکی لەخۆ دەگرێت:
١. سەلماندنی ڕاستی سروشتی مەسیح، وەک وەڵامدانەوەیەک بۆ مامۆستایانی درۆزن. «ئەمانەم بۆ ئێوە نووسی لەبارەی ئەوانەی هەوڵ دەدەن چەواشەتان بکەن.» (٢‏:٢٦‏‏).
٢. دڵنیاکردنەوە لەسەر ژیانی هەتاهەتایی. «ئەمانەم بۆ ئێوە نووسی کە باوەڕتان بە ناوی کوڕی خودا هەیە، تاکو بزانن ژیانی هەتاهەتاییتان هەیە.» (٥‏:١٣‏‏).
ئەم نامەیە بۆ چەند بەشێک دابەش دەکرێت:
١. پێکەوە ژیان لەگەڵ باوک و کوڕ (١‏:٥‏–٢‏:٢٩‏‏).
٢. ژیانی باوەڕدار و ژیانی ڕۆڵەی خودا (٣‏:١‏-٢٤‏‏).
٣. ڕاستی و چەوتی ڕۆحەکان (٤‏:١‏-٦‏‏).
٤. ژیانی باوەڕدار و ئەرکی خۆشەویستی (٤‏:٧‏-٢١‏‏).
٥. ژیانی باوەڕدار و سەرکەوتوویی باوەڕەکەی (٥‏:١‏-١٢‏‏).
٦. ژیانی باوەڕدار و دڵنیایی لە ژیان (٥‏:١٣‏-٢١‏‏).