دووەم نامەی پەترۆس
کورتە باسێک
ئەمە نامەیەکی ئاگادارکەرەوەیە لەلایەن پەترۆسی قوتابی و نێردراوی مەسیحەوە کە دەسەڵاتی پێدراوە بە وتەی ڕۆحی پیرۆز بدوێت و شایەتحاڵی شێوە گۆڕانی عیسا بووە ‏(١‏:١٦‏-١٨،‏‏ بڕوانە مەتا ١٧‏:١‏-٥).‏‏ مەسیح سەبارەت بە پەترۆس دەفەرموێ: «لەسەر ئەم بەردە کۆمەڵەی خۆم بنیاد دەنێم کە دەروازەکانی دۆزەخ پێی ناوێرێت.» ‏(مەتا ١٦‏:١٨‏)‏. بە شیمانەیەکی زۆر ئەم نامەیە لەدوای سێ ساڵ لە نووسینی نامەی یەکەم، لە نزیکەی ساڵی (٦٧ ز.) لە ڕۆماوە نووسراوە. پەترۆس لەدوای ماوەیەکی کورت لە نووسینی ئەم نامەیە لە پێناوی مەسیحدا کوژراوە.
پەترۆس دەزانێت ژیانی لەسەر زەوی زۆری بە بەرەوە نەماوە، بۆیە هەرچی لەناو دڵیدا هەیە دەینووسێت و ئاراستەی هەموو باوەڕدارانی دەکات. وەک شوانێک باوەڕداران لەو شتانە ئاگادار دەکاتەوە کە لەدوای مردنی ئەو ڕوودەدەن و بە شێوەیەکی تایبەتیش سەبارەت بە مامۆستایانی درۆزن. هەروەها ڕاستی چەسپاوی ئینجیلیان بیردەخاتەوە، «هێزە خوداییەکەی مەسیح هەموو ئەو شتانەی پێ بەخشیوین کە بۆ ژیان و لەخواترسی پێویستە، ئەمەش لە ڕێگەی ئەو ناسینەی کە هەمانە بۆ ئەو خودایەی کە بانگی کردین بۆ شکۆ و چاکییەکەی.» ‏(١‏:٣‏)‏. دەکرێ نامەکە بۆ چەند بەشێک دابەش بکەین:
١. هەڵبژاردن و بانگەوازێک بۆ گەشەکردن ‏(١‏:٣‏-١١‏)‏.
٢. مەبەستی پەیامی پەترۆس و سەلماندنی ‏(١‏:١٢‏-٢١‏)‏.
٣. ئاگادارکردنەوە لە مامۆستایانی درۆزن ‏(٢‏:١‏-٢٢‏)‏.
٤. هاتنی ڕۆژی یەزدان ‏(٣‏:١‏-١٨‏)‏.