یەکەم نامەی یۆحەنا
١ ئێمە ئەمە ڕادەگەیەنین سەبارەت بە وشەی* ژیان،
ئەوەی لە سەرەتاوە بوو،
ئەوەی گوێمان لێی بوو،
ئەوەی بە چاوی خۆمان بینیمان،
ئەوەی تەماشامان کرد و دەستمان لێیدا.
٢ ژیانەکە دەرکەوت،
ئێمە بینیومانە و شایەتی بۆ دەدەین،
ژیانە هەتاهەتاییەکەتان بۆ ڕادەگەیەنین،
ئەو ژیانەی کە لەلای باوکی ئاسمانی بوو و بۆ ئێمە دەرکەوت.
٣ ئەوەی بینیومانە و بیستوومانە بە ئێوەی ڕادەگەیەنین،
بۆ ئەوەی پێکەوە ژیانی هاوبەشمان هەبێت،
پێکەوە ژیانی ئێمەش پەیوەستە لەگەڵ باوکی ئاسمانی و عیسای مەسیحی کوڕی.
٤ ئێمە ئەمانەتان بۆ دەنووسین تاکو خۆشییەکەمان پڕ و تەواو بێت.
خودا ڕووناکییە
٥ ئەمەش ئەو پەیامەیە کە لە مەسیحەوە بیستمان و پێتانی ڕادەگەیەنین:
خودا ڕووناکییە،
هیچ تاریکییەکی تێدا نییە.
٦ ئەگەر بڵێین لەگەڵیدا پێکەوە دەژین و بە تاریکیدا بڕۆین،
ئەوا درۆ دەکەین و ڕاست ناکەین،
٧ بەڵام ئەگەر بە ڕووناکیدا بڕۆین،
هەروەک چۆن خودا لە ڕووناکیدایە،
ئەوا پێکەوە دەژین و خوێنی عیسای کوڕی لە هەموو گوناهێک پاکمان دەکاتەوە.
٨ ئەگەر بڵێین گوناهمان نییە،
ئەوا خۆمان هەڵدەخەڵەتێنین و ڕاستی لە ئێمەدا نییە.
٩ ئەگەر دانمان بە گوناهەکانماندا نا،
ئەوا خودا دڵسۆز و دادپەروەرە،
تەنانەت لە گوناهەکانمان خۆشدەبێت و لە هەموو ناڕەواییەک پاکمان دەکاتەوە.
١٠ ئەگەر بڵێین گوناهمان نەکردووە،
ئەوا بە درۆزنی دادەنێین و پەیامەکەی لە ئێمەدا نییە.