یەکەم نامەی پەترۆس
کورتە باسێک
بەگوێرەی ناوەڕۆکی نامەکە وا دیارە ئەم نامەیە لەلایەن پەترۆسی قوتابییەوە نووسراوە (١‏:١٢؛ ٥‏:١‏-٢‏‏)، بە یارمەتی سیلا کە نووسەری ئەو بووە، بەو هۆیەوە بە یۆنانییەکی پەتی نووسیویەتی (٥‏:١٢‏‏). لەوانەیە لە ساڵی (٦٢–٦٤ ز.) لە ڕۆماوە ئەم نامەیەی نووسیبێ، بۆ باوەڕدارانی ئاسیای بچووک (تورکیای ئێستا). پەترۆس لە ساڵی (٦٧–٦٨ ز.) لە سەردەمی پاشایەتی نیڕۆیدا کوژراوە.
مەبەستی سەرەکی ئەم نامەیە هاندانە بۆ بەرگەگرتنی چەوسانەوە و ئازار چێژتن لە پێناوی مەسیحدا. بۆ گەیشتن بەم مەبەستە پەترۆس مژدەی عیسای مەسیح بەبیر خوێنەرانی دەهێنێتەوە، ئەوەی بە مردن و هەستانەوە و هاتنەوەی هیوای بە جیهان بەخشی (١‏:٣‏‏). بۆیە لەسەریانە بەرگەی هەموو چەوسانەوەیەک بگرن و باوەڕ بکەن ئەوە تاقیکردنەوەی تەواوی باوەڕیانە، لەسەر ئەمەش لە ڕۆژی دەرکەوتنی عیسا پاداشت وەردەگرن. «ئەمە نیعمەتە ڕاستەقینەکەی خودایە. تێیدا بچەسپێن.» (٥‏:١٢‏‏) ئەم نامەیە بۆ چەند بەشێک دابەش دەکرێت:
١. ستایشکردنی خودا لە پێناوی ڕزگاری (١‏:٣‏-١٢‏‏).
٢. بانگەواز بۆ پیرۆزی (١‏:١٣‏–٢‏:١٠‏‏).
٣. ملکەچی بۆ دەسەڵات (٢‏:١١‏–٣‏:٧‏‏).
٤. ئازار چێژتن لە پێناوی چاکە و مەسیح وەک نموونە (٣‏:٨‏–٤‏:٦‏‏).
٥. کۆتایی زەمان (٤‏:٧‏-١١‏‏).
٦. ئازار چێژتن لە پێناوی مەسیحدا (٤‏:١٢‏-١٩‏‏).
٧. بانگەوزای بۆ پیران (٥‏:١‏-٤‏‏).
٨. بانگەوزای بۆ گەنجان (٥‏:٥‏-١١‏‏).