شوانی مێگەلی خودا
١ وەک پیرێکی هاوڕێتان،
داوا لەو پیرانە دەکەم کە لەنێوتاندان،
شایەتی ئازارەکانی مەسیح و هاوبەشی ئەو شکۆیەی وا ڕادەگەیەنرێ:
٢ ئەو مێگەلەی خودا بلەوەڕێنن کە لەنێوانتاندایە،
وەک چاودێر خزمەتیان بکەن،
نەک بە ناچاری،
بەڵکو بە ویستەوە وەک چۆن خودا دەیەوێت،
نەک بۆ دەستکەوتی شەرمەزاری،
بەڵکو بە چالاکییەوە،
٣ خۆتان بەسەر ئەوانەدا مەسەپێنن کە دراونەتە دەستتان،
بەڵکو ببنە نموونە بۆ مێگەل.
٤ کاتێکیش سەرۆکی شوانان دەردەکەوێ،
تاجی شکۆ وەردەگرن کە کاڵ نابێتەوە.
٥ ئەی لاوەکان،
بە هەمان شێوە ملکەچی پیران بن،
هەمووتان بەرامبەر بە یەکتر بێفیز بن،
چونکە:
﴿خودا بەرهەڵستی لووتبەرزەکان دەکات،
بەڵام نیعمەت دەداتە بێفیزەکان.﴾*
٦ بۆیە لەژێر دەستی بەهێزی خودا بێفیز بن،
تاکو لە کاتی خۆیدا بەرزتان بکاتەوە.
٧ هەموو خەمێکتان بە خودا بسپێرن،
چونکە ئەو بایەختان پێدەدات.
٨ چاوکراوە بن و ئێشک بگرن،
شەیتانی دوژمنتان وەک شێرێکی بە نەڕەنەڕ دەسووڕێتەوە،
بەدوای یەکێکدا دەگەڕێ بۆ ئەوەی بیخوات.
٩ بەربەرەکانێی بکەن،
لە باوەڕەکە بچەسپێن،
بزانن خوشک و براکانیشتان لە جیهاندا هەمان ئازار دەچێژن.
١٠ خودای هەموو نیعمەتێک،
ئەوەی بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا* بانگی کردوون بۆ شکۆیە هەتاهەتاییەکەی،
کە تۆزێک ئازارتان چێژت،
خۆی ڕاستە ڕێتان دەکات و واتان لێ دەکات کە بەهێز و چەسپاو و دەمەزراو بن.
١١ هەتاهەتایە دەسەڵات بۆ ئەوە.
ئامین.
نیعمەتی ڕاستی خودا
١٢ بەهۆی سیلا*،
کە بە برای دڵسۆزی دەزانم،
بە کورتی بۆم نووسین،
هانتان دەدەم و شایەتی دەدەم،
ئەمە نیعمەتە ڕاستەقینەکەی خودایە.
تێیدا بچەسپێن.
١٣ ئەوەی لە بابل* وەک ئێوە هەڵبژێردراوە،
سڵاوتان لێدەکات،
هەروەها مەرقۆسی ڕۆڵەم.
١٤ بە ماچی خۆشەویستی سڵاو لە یەکتری بکەن.
ئاشتی بۆ هەمووتان بێت کە لەگەڵ مەسیح یەکن*.