نامەی یاقوب
کورتە باسێک
لە پەیمانی نوێدا چوار کەس هەبوون بە ناوی یاقوب. یاقوبی کوڕی زەبدی قوتابی عیسا، هەر زوو لە ساڵی (٤٤ ز.) کوژراوە (کردار ١٢‏‏). لەوە دەچێت یاقوبی حەلفی و یاقوبی برای یەهوزا بەهرەیەکی وایان پێنەدرابێت کە نامەیەکی لەم جۆرە بنووسن. ئەوەی دیکەیان کوڕی مریەمە لە یوسف، کە دوای لەدایکبوونی عیسا ببوونە ژن و مێرد (مەتا ١٣‏:٥٥‏‏). لە ڕۆژانی ژیانی عیسا باوەڕی نەهێناوە و بەرپەرچی داوەتەوە (یۆحەنا ٧‏:٢‏-٥‏‏)، بەڵام دواتر بووەتە خزمەتکارێکی پێشکەوتوو. مەسیح لەدوای هەستانەوەی بۆی دەرکەوت (یەکەم کۆرنسۆس ١٥‏:٧‏‏)، بووە سەرپەرشتیاری کۆبوونەوەی نێردراوان (کردار ١٥‏:١٣‏‏)، تاکو ئەو ڕادەیەی پۆڵس وەکو کۆڵەکەی کڵێسا دەیناسێنێ (گەلاتیا ٢‏:٩‏‏). دواتر لە ساڵی (٦٢ ز.) لە پێناوی مەسیحدا بەردباران کرا تاکو مردن. مەزەندە دەکرێ لە ساڵی (٤٩ ز.) ئەم نامەیەی نووسیبێت، بەر لە گرێدانی کۆبوونەوەی کڵێساکانی ئۆرشەلیم لە ساڵی (٥٠ ز.). (بڕوانە کردار بەشی ١٥.)
ئەم نامەیەی بە تایبەت ئاراستەی جولەکە باوەڕدارەکانی جیهان کردووە، کە لەنێو نەتەوەکانی دیکەدا پەرتەوازە بوونە، هانیان دەدات لەسەر دانبەخۆداگرتن. بە شێوەیەکی گشتیش ئاراستەی هەموو باوەڕدارانە.
لەم نامەیەدا یاقوب باسی دانایی دەکات و وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە چ جۆرە باوەڕێک ڕاستەقینەیە؟ باوەڕی ڕاستەقینە کاریگەریی لەسەر ژیان و هەڵسوکەوتی مرۆڤ دەبێت. دەڵێ: «لەوانەیە کەسێک بڵێ: ”تۆ باوەڕت هەیە و من ‏کردار.“ نیشانم بدە باوەڕت چۆن بێ کردار دەبێت، ئەوسا منیش بە کردارەکانم نیشانت دەدەم باوەڕم چۆنە‏.» (٢‏:١٨‏‏).
دەکرێ نامەکە بۆ چەند بەشێک دابەش بکەین:
١. ئەزموونی باوەڕ و تاقیکردنەوە (١‏:٢‏-١٨‏‏).
٢. بیستن و کارپێکردن (١‏:١٩‏-٢٧‏‏).
٣. هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە جوداخوازی (٢‏:١‏-١٣‏‏).
٤. بەیەکەوە بەستنی باوەڕ و کردار (٢‏:١٤‏-٢٦‏‏).
٥. کاریگەری زمان (٣‏:١‏-١٢‏‏).
٦. دانایی خوداییانە و دانایی شەیتان (٣‏:١٣‏-١٨‏‏).
٧. پەیوەندی باوەڕدار و جیهان (٤‏:١‏–٥‏:٦‏‏).
٨. هاندان لەسەر دانبەخۆداگرتن (٥‏:٧‏-٢٠‏‏).