خراپیی زمان
١ خوشکان و برایانم،
زۆرتان مەبنە فێرکار،
بزانن لێپرسینەوەی قورسترمان لەگەڵ دەکرێت.
٢ هەموومان لە زۆر شت هەڵە دەکەین.
ئەگەر یەکێک هەیە لە قسەکردندا هەڵە ناکات،
ئەوە مرۆڤێکی تەواوە و دەتوانێت جڵەوی هەموو جەستەی بگرێتە دەست.
٣ ئێمە لغاو دەکەینە دەمی ئەسپ تاکو گوێڕایەڵمان بێت و هەموو لەشی ئاراستە بکەین.
٤ سەیری کەشتی بکەن،
هەرچەندە گەورەیە و بای بەهێز دەیبات،
کەچی بە سەوڵێکی بچووک بۆ هەر لایەک کەشتیوان بیەوێت ئاراستەی دەکات.
٥ بە هەمان شێوە زمانیش ئەندامێکی بچووکە،
بەڵام شانازی بە لەخۆباییبوونەوە دەکات.
ئاگرێکی بچووک چ دارستانێکی گەورە دەسووتێنێ.
٦ زمان ئاگرە،
جیهانێکە لە خراپە لەنێو ئەندامانی لەشمان.
زمان هەموو لەش گڵاو دەکات،
ئاگر لە ژیان بەردەدات و خۆی بە گڕی دۆزەخ دادەگیرسێت.
٧ مرۆڤ دەتوانێت هەموو جۆرە ئاژەڵێکی کێوی و باڵندە و خشۆک و بوونەوەرێکی ئاوی دەستەمۆ بکات و کردووشیەتی،
٨ بەڵام کەس ناتوانێت زمان دەستەمۆ بکات.
خراپەیەکە ناگیرێت،
پڕە لە ژەهری کوشندە.
٩ بە زمان ستایشی یەزدان و خودای باوک دەکەین،
هەر بە هەمان زمانیش نەفرەت لەو خەڵکە دەکەین کە لە شێوەی خودا دروستکراون.
١٠ ستایش و نەفرەت لە هەمان دەم دێتە دەرەوە.
خوشکان و برایانم،
ئەمە پەسەند نییە.
١١ ئایا لە یەک کانیدا ئاوی سازگار و ئاوی سوێر هەڵدەقوڵێت؟
١٢ خوشکان و برایانم،
ئایا دار هەنجیر زەیتوون دەگرێت،
یان مێو هەنجیر؟
بەم شێوەیەش کانی سوێر ئاوی سازگار نادات.
دانایی خودایی
١٣ کێ لەنێوتاندا دانا و تێگەیشتووە؟
با بە ڕەوشتی باشی نیشانی بدات،
هەروەها بەو کارانەی کە بە بێفیزییەوە ئەنجامی دەدات و لە داناییەوە سەرچاوە دەگرێت.
١٤ بەڵام ئەگەر چاوپیسی تاڵ و خۆپەرستیتان لە دڵدا بوو،
شانازی مەکەن یان نکۆڵی لە ڕاستی مەکەن.
١٥ ئەم داناییە لە ئاسمانەوە دانەبەزیوە،
بەڵکو دنیایی و مرۆڤانە و شەیتانییە،
١٦ چونکە چاوپیسی و خۆپەرستی لەکوێ بێت،
گێرەشێوێنی و هەموو کارێکی خراپ لەوێیە.
١٧ بەڵام ئەو داناییەی لە ئاسمانەوەیە،
لەپێش هەموو شتێک پاکە،
دواتر ئاشتیخوازە،
خۆنەویستە،
گوێڕایەڵە،
پڕ لە بەزەییە و بەروبوومی چاکە،
لایەنگر و دووڕوو نییە.
١٨ ئاشتیسازان تۆوی ئاشتی دەچێنن و بەرهەمەکەی ڕاستودروستی دەبێت.