دووەم نامەی پۆڵس بۆ تیمۆساوس
کورتە باسێک
لەدوای گەشتی چوارەمی مزگێنیدەریێتییەکەی، پۆڵس وەک تاوانبارێک خرایە ناو کۆتی بەندیخانەوە (١‏:١٦‏‏)، لەژێر چەوسانەوەی نیڕۆی ئیمپڕاتۆردا بوو، نزیکەی ساڵی ٦٦‏–٦٧ ز. لەم کاتەدا ئەم نامەیەی بۆ تیمۆساوسی خۆشەویستی نووسیوە. دەیزانی کە لە مەرگ نزیک بووەتەوە (٤‏:٦‏-٨‏‏) دەیویست مەشخەڵی خزمەتەکەی ڕادەستی نەوەی نوێ بکات «ئەوەی لەبەردەم چەندەها شایەتدا لە منت بیستووە، بە خەڵکی دڵسۆزی بسپێرە کە لێهاتوو بن، خەڵکی دیکەش فێربکەن.» (٢‏:٢‏‏). بۆ زانیاری لەسەر کەسایەتی تیمۆساوس بڕوانە پێشەکی نامەی یەکەم.
ئەم نامەیە بۆ سێ هۆکاری سەرەکی نووسراوە:
١. پۆڵس هەستی بە تەنهایی دەکرد، چونکە زۆربەی خزمەتکاران بەجێیان هێشتبوو، جگە لە لۆقا (١‏:١٥‏–٤‏:٩-١٢‏‏). دوو جار داوای هاتنی تیمۆساوسی کرد، چونکە تیمۆساوسی بە کوڕی خۆی دانابوو.
٢. پۆڵس لە کاتی چەوسانەوەدا بایەخ بە کاروباری کڵێساکان دەدا. تیمۆساوسی هاندەدا بۆ پاراستنی پەیامی مەسیح، «سپاردە چاکەکە بە ڕۆحی پیرۆز بپارێزە،» (١‏:١٤‏‏) هەروەها بۆ بەردەوام بوون لە ڕاگەیاندنی مژدەکە (٤‏:٢‏‏) و ئامادەبوون بۆ چێژتنی ئازار لە پێناویدا (١‏:٨‏؛ ٢‏:٣‏‏).
٣. دەیویست لە ڕێگای تیمۆساوسەوە پەیامەکەی ئاراستەی کڵێسای ئەفەسۆس بکات (٤‏:٢٢‏‏).