یەکەم نامەی پۆڵس بۆ تیمۆساوس
کورتە باسێک
تیمۆساوس لە باوکێکی یۆنانی و دایکێکی جولەکە لە شاری لیسترا لەدایک بووە. لە دایکییەوە شارەزایی لە پەیمانی کۆن پەیدا کردووە ‏(دووەم تیمۆساوس ١‏:٥‏ و ٣‏:١٥‏)‏. تیمۆساوس لەدوای یەکەمین سەردانی پۆڵس بۆ لیسترا باوەڕی هێنا ‏(کردار ١٦‏:١‏-٥‏)‏. کاتێک پۆڵس بۆ دووەمین جار چووەوە لیسترا، تیمۆساوسی هەڵبژارد بۆ ئەوەی بیکاتە یاوەری خۆی لە گەشتەکانیدا. ئینجا وەک خزمەتکارێک بۆ ئینجیل خەتەنەی کرد، نەوەک جولەکە توندڕەوەکان تووشی کێشەی بکەن. پۆڵس ئەرکی گرنگی پێ سپاردووە، لەوانە لە کاتی کێشەیەکی گەورە بە نوێنەرایەتی خۆی ناردییە کۆرنسۆس ‏(یەکەم کۆرنسۆس ٤‏:١٤‏-١٧‏)‏. لەگەڵ ئەوەی کە لەو کارە قورسەدا سەرکەوتوو نەبوو، بەڵام پۆڵس هەر وەکو یاوەری خۆی هێشتییەوە. «چونکە کەسم نییە وەک ئەو بە دڵسۆزی بایەخ بە کاروبارتان بدات… بەڵام ئێوە ئاگاداری شارەزایی تیمۆساوسن، چونکە هەروەک چۆن منداڵ لەگەڵ باوکیدا خزمەت دەکات، ئەویش بە هەمان شێوە لەگەڵ من خزمەتی لە مزگێنیدان کردووە.» ‏(فیلیپی ٢‏:٢٠‏-٢٢‏)‏.
لەدوای تەواوبوونی دەستبەسەریێتی پۆڵس لە ڕۆما ‏(کردار ٢٨‏)‏، دەستی بە چوارەمین گەشتی مزگێنیدەریێتی کرد. چوو بۆ ئەفەسۆس، تیمۆساوسی لەوێ بەجێهێشت بە مەبەستی سەرپەرشتیکردنی کڵێسای ئەوێ هەتا ئەوەی دەگەڕێتەوە، بەڵام لە نزیکەی ساڵی (٦٣–٦٥ ز.) کاتێک نەیتوانی بگەڕێتەوە ئەم نامەیەی بۆ نووسی. پۆڵس لەم نامەیەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە خودا ڕزگارکەری هەمووانە، ئەوەی دەیەوێت هەموو کەسێک ڕزگار بێت و ڕاستییەکە بزانێت، کڵێساش دەبێتە پێشەنگ لە مزگێنیداندا، تاوەکو ڕاستییەکە بە هەموو نەتەوەکان ڕابگەیەنرێت.
بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین ئەم نامەیە بۆ ئەم چەند بەشەی خوارەوە دابەش بکەین:
١. ئاگادارکردنەوە سەبارەت بە فێرکردنی جیاواز ‏(١‏:٣‏-١١‏)‏.
٢. نیعمەتی خودا بۆ پۆڵس ‏(١‏:١٢‏-٢٠‏)‏.
٣. ڕێکخستنی ڕیزەکانی کڵێسا ‏(٢‏:١‏–٤‏:١٦‏)‏.
٤. هەڵسوکەوتی باوەڕداران ‏(٥‏:١‏–٦‏:٢‏)‏.
٥. هۆشیارکردنەوە سەبارەت بە دەوڵەمەندی ‏(٦‏:٢‏-٢١‏)‏.