دووەم نامەی پۆڵس بۆ تیمۆساوس
١ لە پۆڵسەوە کە بە خواستی خودا نێردراوی عیسای مەسیحە،
بەگوێرەی بەڵێنی ژیان کە بە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا بەدەستدێت،
 
٢ بۆ کوڕی خۆشەویستم تیمۆساوس:
 
با نیعمەت* و بەزەیی و ئاشتی لە خودای باوک و عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە لەگەڵت بێت.
 
هاندان بۆ ئازارچێژتن
٣ سوپاسی خودا دەکەم،
ئەوەی هەروەک باوباپیرانم بە ویژدانێکی پاک دەیپەرستم،
کاتێک بە شەو و ڕۆژ بێ بڕانەوە لە پاڕانەوەکانمدا یادت دەکەم.
٤ کاتێک یادی فرمێسکەکانت دەکەمەوە،
پەرۆشی بینینت دەبم تاکو پڕبم لە خۆشی.
٥ باوەڕی بێ دووڕوویی تۆم وەبیر دێتەوە کە یەکەم جار لە ناخی لوئیسی داپیرەت و یونیکی دایکتدا نیشتەجێ بوو،
دڵنیام لە تۆشدایە.
٦ لەبەر ئەمە وەبیرت دەهێنمەوە ئەو بەهرەیە دابگیرسێنیت کە لەدوای ئەوەی من دەستم لەسەرت دانا خودا پێی بەخشیت،
٧ چونکە خودا ڕۆحی ترسی پێمان نەبەخشیوە،
بەڵکو ڕۆحی هێز و خۆشەویستی و خۆڕاگریی پێ بەخشیوین.
٨ بۆیە نە لە بەرامبەر پەیامەکە سەبارەت بە مەسیحی خاوەن شکۆمان و نە بەرامبەر بە من کە لە پێناوی ئەودا بەند کراوم هەست بە شەرمەزاری مەکە،
بەڵکو لەگەڵ من و بە پشتبەستن بە هێزی خودا بەشداری لەو ئازارەدا بکە کە بەهۆی مزگێنییەوە دەیچێژیت.
٩ خودا ڕزگاری کردین و بە بانگەوازێکی پیرۆز بانگی کردین،
نەک بەگوێرەی کردارمان،
بەڵکو بەگوێرەی خواست و نیعمەتی خۆی کە پێش دەستپێکی زەمانە بەهۆی یەکبوونمان لەگەڵ عیسای مەسیحدا پێمان دراوە،
١٠ ئێستاش ئاشکرا بوو بە دەرکەوتنی عیسای مەسیحی ڕزگارکەرمان،
ئەوەی مردنی لەناو برد و لە ڕێگەی پەیامی ئینجیلەوە ژیان و نەمریی ڕووناک کردەوە.
١١ بۆ ئەم مزگێنییە بە مزگێنیدەر و نێردراو و مامۆستا دەستنیشان کرام.
١٢ لەبەر ئەم هۆیەش ئەم ئازارانە دەچێژم،
بەڵام شەرمی پێوە ناکەم،
چونکە دەزانم باوەڕم بە کێ هێناوە،
دڵنیام مەسیح دەتوانێ پارێزگاری سپاردەکەم* بکات هەتا ئەو ڕۆژە.
سپاردە چاکەکە بپارێزە
١٣ بەدوای ئەو فێرکردنە دروستە بکەوە کە لە منت بیستووە،
بیکە سەرمەشقی ژیانت،
لەگەڵ ئەو باوەڕ و خۆشەویستییەی کە لە یەکبوون لەگەڵ عیسای مەسیحدا هەیە.
١٤ سپاردە* چاکەکە بە ڕۆحی پیرۆز بپارێزە کە تیاماندا نیشتەجێیە.
١٥ ئەمە دەزانی،
هەموو ئەوانەی لە ئاسیادان وازیان لێ هێنام،
لەوانە فیگەلۆس و هەرمۆگینیس.
١٦ با مەسیحی باڵادەست بەزەیی بە خێزانی ئۆنیسیفۆرۆسدا بێتەوە،
چونکە زۆر جار ورەی بەرز کردومەتەوە و شەرمی بە کۆت و زنجیرم نەبووە،
١٧ بەڵکو کاتێک لە ڕۆما بوو،
بە پەرۆشییەوە بەدوامدا گەڕا و منی دۆزییەوە.
١٨ با لە‏ ڕۆژی لێپرسینەوەدا بەهۆی مەسیحی باڵادەستەوە بەزەیی خودای باوک بەدەستبهێنێت.
تۆ باش دەزانیت کە لە ئەفەسۆس بە چەندین شێوە خزمەتی کردم.