نامەی پۆڵس بۆ باوەڕدارانی فیلیپی
کورتە باسێک
فیلیپی شارێکی مەکدۆنی بوو لە باشووری یۆنان، لەژێر دەسەڵاتی ئیمپڕاتۆریەتی ڕۆمانی بوو، دانیشتووانەکەی بە هاوڵاتی ڕۆمانی هەژمارد دەکران، زۆربەیان سەربازی خانەنشینکراوی ڕۆمانی بوون. لەدوای ئەوەی لە خەوندا پێی ڕاگەیەنرا (کردار ١٦‏:٦‏-١٠‏‏)، پۆڵس و هاوەڵانی لە یەکەمین گەشتیان بۆ کیشوەری ئەوروپا یەکەمین کڵێسایان لەو کیشوەرە لە فیلیپی دامەزراند (کردار ١٦‏:١١‏-٤٠‏‏). دواتر کەسانێکی دیکە جێگەی ئەویان لە بەڕێوەبردنی گرتەوە (٤‏:١٥‏‏).
پۆڵس لە ساڵی (٦١ ز.) لەکاتێکدا لە ڕۆما لەنێو کۆتی بەندیخانەدا بوو، ئەم نامەیە بۆ باوەڕدارانی فیلیپی دەنووسێ. سوپاسیان دەکات سەبارەت بەو یارمەتییەی لەگەڵ دەستی ئەپەفرۆدیتۆس بۆیان ناردووەتە بەندیخانە (٤‏:١٨‏‏). تێیدا چەندین جار دڵخۆشی خۆی دەردەبڕێ، بە تایبەتیش بۆ بەشداریکردنی ئەوان لە ڕاگەیاندنی مژدەی مەسیح (١‏:٤‏-٥‏‏). «هەمیشە بە عیسای خاوەن شکۆ دڵشاد بن، دیسان دەڵێمەوە، دڵشاد بن!» (٤‏:٤‏‏).
لەم نامەیەدا باوەڕداران بۆ مزگێنیدان هاندەدات، تاکو لە یەکێتیدا بچەسپێنن و لە ئاست یەکتردا خۆیان بە بچووکتر بزانن. دواتر لە نێردراوی بەدکار ئاگاداریان دەکاتەوە (٣‏:٢‏-٣‏،١٨‏‏-١٩). هەروەها دەریدەخات کە ناسینی مەسیح و یەکبوونی لەگەڵ ئەو لە هەستانەوە و ئازارکێشان ئامانجی سەرەکییەتی (٣‏:١٠‏-١٤‏‏). دەکرێ ئەم نامەیە بەم شێوەیەی خوارەوە دابەش بکەین:
١. سڵاو و نوێژ (١‏:١‏-١١‏‏).
٢. بارودۆخی نێردراویێتی پۆڵس (١‏:١٢‏-٣٠‏‏).
٣. ژیانی مەسیح نموونەیە بۆ خزمەت (٢‏:١‏–٢‏:١٨‏‏).
٤. پێشکەشکردنی نموونەی کەسایەتییەکی چاک بۆ چاولێکردن (٢‏:١٩‏-٣٠‏‏).
٥. ئاگادارکردنەوە لە دژی مامۆستای تەوراتگەریێتی و بەڕەڵایی (٣‏:١‏–٤‏:١‏‏).
٦. هاندان و سڵاوی کۆتایی (٤‏:٢‏-٢٣‏‏).