نامەی پۆڵس بۆ باوەڕدارانی کۆلۆسی
کورتە باسێک
کۆلۆسی شارێکی بچووک بوو لە ئاسیای بچووک کە دەکەوتە ڕۆژهەڵاتی شاری ئەفەسۆس. کاتێک پۆڵس بۆ ماوەی سێ ساڵ لە ئەفەسۆس بوو، ئەپەفراس لەوێ باوەڕی هێنا و گەڕایەوە کۆلۆسی و کڵێسای لێ دامەزراند ‏(١‏:٧‏-٨ و کردار ١٩‏:١٠‏)‏. کڵێسای کۆلۆسی لە سەرەتادا کڵێسایەکی لاواز بوو، هەر بۆیە بووە ئامانجی مامۆستایانی درۆزن و بڵاوکردنەوەی بیری خراپ، وەکو: ناسینی خودا و ڕزگاریی تەواو لە فریشتە پەرستن و خۆ برسی و تینووکردن و گرنگیدان بە هەندێک بابەتی تەوراتی جولەکە. هەر بۆیە ئەپەفراس ویستی سەردانی پۆڵس بکات کە لە ڕۆما لە بەندیخانەدا بوو. لەو کاتەدا پۆڵس ئەم نامەیەی لە دژی فێرکردنە هەڵەکان بۆ کڵێسای کۆلۆسی نووسی، سەبارەت بە تێگەیشتنی تەواوەتی مەسیح بۆ ناسینی خودا. «خودا بە هەموو پڕی خۆی لە جەستەی مەسیح نیشتەجێ بووە، ئێوەش بە یەکبوون لەگەڵ مەسیحدا پڕ بوون لە خودا. مەسیح سەری هەموو سەرۆکایەتی و دەسەڵاتێکە.» ‏(٢‏:٩‏-١٠‏)‏.
بابەتی سەرەکی ئەم نامەیە ئەوەیە کە مەسیح خۆی خودایە و لە جەستەدا دەرکەوت و گەورەی هەموو بوونەوەرانە. بەهۆی ئەوەوە گوناهەکانمان سڕانەوە و لەگەڵ خودا ئاشتکراینەوە. هەروەها بە باوەڕ لەگەڵ ئەوین، لە مردن و هەستانەوەی لەگەڵ ئەو یەکدەگرین. کەواتە پێویستە لەگەڵ مەسیح و لەگەڵ باوەڕداران ببینە یەک. دەکرێ نامەکە بۆ چەند بەشێک دابەش بکەین:
١. سڵاو و نوێژ ‏(١‏:١‏-١٤‏)‏.
٢. سەروەری مەسیح ‏(١‏:١٥‏-٢٣‏)‏.
٣. خزمەتی نێردراویێتی پۆڵس ‏(١‏:٢٤‏–٢‏:٥‏)‏.
٤. وەڵامدانەوەی مامۆستایانی درۆزن ‏(٢‏:٦‏-٢٣‏)‏.
٥. ڕێنمایی بۆ ژیانی نوێ لەگەڵ مەسیح ‏(٣‏:١‏–٤‏:١‏)‏.
٦. هاندان بۆ نوێژکردن و دەنگوباسی باوەڕداران ‏(٤‏:٢‏-١٨‏)‏.