بەهرەی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا
١ بەدوای خۆشەویستی بکەون، تامەزرۆی بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆز بن، بە تایبەتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا. ٢ ئەوەی بە زمان* دەدوێت، قسە بۆ خەڵک ناکات، بەڵکو بۆ خودا، کەس لێی تێناگات، چونکە بە ڕۆحی پیرۆز باسی نهێنی دەکات. ٣ بەڵام ئەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت، ئەوە بۆ بنیادنان و هاندان و دڵنەوایی خەڵک دەدوێت. ٤ ئەوەی بە زمان دەدوێت، خۆی بنیاد دەنێت، بەڵام ئەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت، ئەوا کڵێسا بنیاد دەنێت. ٥ حەز دەکەم هەمووتان بە زمانەکان بدوێن، بەڵام باشترە پەیامی خودا ڕابگەیەنن. ئەوەی پەیامی خودا ڕادەگەیەنێت گەورەترە لەوەی بە زمانەکان دەدوێت، مەگەر لێکی بداتەوە، تاکو کڵێسا بنیادنانی دەستبکەوێت.
٦ ئێستا ئەی خوشک و برایانم، ئەگەر هاتمە لاتان و بە زمانەکان دوام، چ سوودم بۆتان دەبێت، مەگەر بە ئاشکراکراوێک* یان بە زانیارییەک یان بە پەیامێک لە خوداوە یان بە فێرکردنێک بۆتان بدوێم؟ ٧ تەنانەت ئەو شتە بێ ڕۆحانەی دەنگ دەردەکەن، شمشاڵ یان قیسارە، ئەگەر ئاوازی جیاواز نەدات، چۆن بزانرێت ئەوەی دەژەنرێت شمشاڵە یان قیسارەیە؟ ٨ ئەگەر کەڕەنا دەنگێکی ڕوون نەدات، کێ بۆ شەڕ خۆی ئامادە دەکات؟ ٩ ئێوەش ئاوا، ئەگەر بە زمان قسەیەکی ڕوون نەدەن، ئەوەی گوتراوە چۆن دەزانرێ؟ چونکە هەر لە هەوادا دەدوێن. ١٠ بێگومان لە جیهاندا جۆرەها زمان هەیە و هیچیان بێ واتە نین. ١١ بۆیە ئەگەر لە واتای دەنگێک نەزانم، بۆ قسەکەر دەبمە بەربەری* ، قسەکەریش بەربەرییە بۆ من، ١٢ ئێوەش بە هەمان شێوەن. لەبەر ئەوەی بە پەرۆشن بۆ بەهرەکانی ڕۆحی پیرۆز، کەواتە هەوڵ بدەن لەو بەهرانە زیاد بکەن کە لە پێناوی بنیادنانی کڵێسایە.
١٣ لەبەر ئەم هۆیە ئەوەی بە زمان دەدوێت، با نوێژ بکات تاکو لێکی بداتەوە، ١٤ چونکە ئەگەر بە زمانێک نوێژ بکەم، ڕۆحم نوێژ دەکات، بەڵام مێشکم بێ بەروبوومە. ١٥ کەواتە چییە؟ بە ڕۆح نوێژ دەکەم، هەروەها بە مێشکیشم نوێژ دەکەم. بە ڕۆح گۆرانی دەڵێم، هەروەها بە مێشکیشم گۆرانی دەڵێم. ١٦ ئەگینا، ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز ستایشی خودا بکەیت، چۆن یەکێکی دەرەوە بە سوپاسکردنەکەت بڵێت «ئامین» چونکە نازانێت تۆ چی دەڵێی؟ ١٧ سوپاسکردنەکەت باشە، بەڵام نابێتە مایەی بنیادنانی کەسێکی دیکە.
١٨ سوپاسی خودا دەکەم، لە هەمووتان زیاتر بە زمانەکان دەدوێم، ١٩ بەڵام لە کڵێسادا، پێنج وشەم لە مێشکدایە بیڵێم، تاکو خەڵکیش فێر بکەم، باشترە لە دە هەزار وشەی بە زمانێک.
٢٠ خوشکان، برایان، لە بیرکردنەوەدا منداڵ مەبن. لە خراپەدا وەک منداڵ بێبەری بن، بەڵکو لە بیرکردنەوەدا پێگەیشتوو بن. ٢١ لە تەوراتدا نووسراوە: «یەزدان دەفەرموێ،
«[بە زمانی بێگانەکان و بە لێوی نامۆکان
قسە بۆ ئەم گەلە دەکەم،
لەگەڵ ئەوەش گوێم لێ ناگرن.]* »
٢٢ کەواتە زمانەکان نیشانەن، نەک بۆ باوەڕداران، بەڵکو بۆ بێباوەڕان، بەڵام ڕاگەیاندنی پەیامی خودا بۆ بێباوەڕان نییە، بەڵکو بۆ باوەڕدارانە. ٢٣ بۆیە ئەگەر کڵێسا هەموو بەیەکەوە کۆبوونەوە و هەموو بە زمانەکان بدوێن، هەر نەزانێک یان بێباوەڕێک بێتە ژوورەوە، ئایا ناڵێت کە ئێوە وڕێنە دەکەن؟ ٢٤ بەڵام ئەگەر هەموو پەیامی خودا ڕابگەیەنن و یەکێکی بێباوەڕ یاخود نەزان بێتە ژوورەوە، لەبەردەم هەمووان ویژدانی تاوانباری دەکات، لەلایەن هەمووانەوە حوکم دەدرێت، ٢٥ نهێنییەکانی دڵی ئاشکرا دەبێت، کڕنۆش دەبات و خودا دەپەرستێت، ڕایدەگەیەنێت: «بەڕاستی خودا لەنێوتاندایە!»
کۆبوونەوەی ڕێکوپێک
٢٦ ئەی خوشک و برایان، ئیتر چی بڵێین؟ کاتێک کۆدەبنەوە هەر یەکێک زەبوورێکی هەیە، یان فێرکردنێک یان ئاشکراکردنێک یان زمانێک یان لێکدانەوەیەک. با هەموو شتێک بۆ بنیادنان بێت. ٢٧ ئەگەر کەسانێک بە زمانێک بدوێن، با دوو یان ئەوپەڕی سێ کەس بێت و لەدوای یەک بدوێن، یەکێکیش لێکی بداتەوە. ٢٨ بەڵام ئەگەر لێکدەرەوە نەبوو، با لە کڵێسا بێدەنگ بێت، بۆ خۆی و بۆ خودا بدوێت.
٢٩ با دوو یان سێ پێغەمبەر بدوێن، ئەوانی دیکەش وتەکانیان هەڵبسەنگێنن. ٣٠ بەڵام ئەگەر ئاشکراکردنێک بۆ یەکێک لە دانیشتووان هات، با یەکەمیان بێدەنگ بێت، ٣١ چونکە هەمووتان دەتوانن یەک بە یەک پەیامی خودا ڕابگەیەنن، تاکو هەموو فێربن و هانبدرێن. ٣٢ ڕۆحی پێغەمبەران بۆ پێغەمبەران ملکەچە، ٣٣ چونکە خودا خودای شێواندن نییە، بەڵکو خودای ئاشتییە.
هەروەک لە هەموو کڵێساکانی گەلی پیرۆزی خودا، ٣٤ با ژنان لە کڵێساکاندا بێدەنگ بن، چونکە ڕێیان پێنەدراوە بدوێن، بەڵکو وەک تەوراتیش دەفەرموێ با ملکەچ بن. ٣٥ بەڵام ئەگەر ویستیان شتێک فێربن، لە ماڵەوە لە مێردەکانیان بپرسن، چونکە شورەییە بۆ ژن لە کڵێسادا بدوێت.*
٣٦ ئایا پەیامی خودا لە ئێوەوە سەرچاوەی گرتووە، یان تەنها بۆ ئێوە هاتووە؟ ٣٧ ئەگەر یەکێک خۆی بە پێغەمبەر یان کەسێکی ڕۆحانی بزانێت، با باش بزانێت ئەوەی بۆتان دەنووسم ڕاسپاردەی مەسیحی باڵادەستە. ٣٨ بەڵام ئەگەر یەکێک پشتگوێی خست، با هەر پشتگوێ بخرێت. ٣٩ کەواتە برایانم، تامەزرۆی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا بن و ڕێگری مەکەن لە دوان بە زمانەکان. ٤٠ بەڵام با هەموو شتێک بە دروستی و ڕێک بێت.