عیسا حەفتا و دوو قوتابی دەنێرێت
١ پاش ئەمە مەسیحی خاوەن شکۆ حەفتا و دوو کەسی دیکەی دەستنیشان کرد، لەپێش خۆی دوو دوو ناردنی بۆ هەر شار و جێگایەک کە بەتەمابوو بۆی بچێت. ٢ جا پێی دەفەرموون: «دروێنە زۆرە، بەڵام سەپان کەمە. لەبەر ئەوە داوا لە خاوەنی دروێنە بکەن تاکو سەپان بۆ دروێنەکەی بنێرێت. ٣ بڕۆن! ئەوا من وەک بەرخ بۆ ناو گورگ دەتاننێرم. ٤ نە کیسەی پارە و نە توورەکە و نە پێڵاو هەڵمەگرن، لە ڕێگاش سڵاو لە کەس مەکەن.
٥ «چوونە هەر ماڵێکیش، یەکەم جار بڵێن: ”ئاشتی بۆ ئەم ماڵە بێت،“ ٦ ئەگەر پیاوی ئاشتی لەوێ بێت، ئەوا ئاشتیتان دەچێتە سەری، ئەگینا بۆ خۆتان دەگەڕێتەوە. ٧ لەو ماڵە بمێننەوە و لەوەی هەیانە بخۆن و بخۆنەوە، چونکە کرێکار شایانی کرێی خۆیەتی. ماڵە و ماڵیش مەکەن.
٨ «چوونە هەر شارێک و پێشوازییان لێکردن، ئەوەی لەبەردەمتانی دادەنێن بیخۆن، ٩ ئەو نەخۆشانەی تێیدایە چاکیان بکەنەوە و پێیان بڵێن: ”پاشایەتی خودا لێتان نزیک بووەتەوە.“ ١٠ بەڵام چوونە هەر شارۆچکەیەک و پێشوازییان لێ نەکردن، بڕۆنە سەر شەقامەکانی و بڵێن: ١١ ”تەنانەت تۆزی شارۆچکەکەتان کە بە پێمانەوە نووساوە بۆتانی دەتەکێنین، بەڵام ئەمە بزانن: پاشایەتی خودا لێتان نزیک بووەتەوە.“ ١٢ پێتان دەڵێم: لەو ڕۆژەدا* سەدۆم سزای سووکتری دەبێت لەوەی ئەو شارۆچکەیە.
١٣ «قوڕبەسەرت، ئەی شاری خورازین! قوڕبەسەرت، ئەی بێت‌سەیدا! چونکە ئەو پەرجووانەی* لەنێو ئێوەدا کران، ئەگەر لە سور و سەیدا بکرایە، هەر زوو بە جلوبەرگی گوش* و لەناو خۆڵەمێش دادەنیشتن و تۆبەیان دەکرد. ١٤ بەڵام لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، سور و سەیدا سزای سووکتریان دەبێت لەوەی بۆ ئێوەیە. ١٥ تۆش ئەی کەفەرناحوم، ئایا بۆ ئاسمان بەرز دەکرێیتەوە؟ نەخێر، تۆ بۆ جیهانی مردووان* دەچیتە خوارەوە.
١٦ «ئەوەی گوێتان لێ بگرێت، گوێ لە من دەگرێت، ئەوەی ڕەتتان دەکاتەوە من ڕەت دەکاتەوە. ئەوەش من ڕەت دەکاتەوە، ئەوە ڕەت دەکاتەوە کە منی ناردووە.»
گەڕانەوەی نێردراوان
١٧ حەفتا و دوو نێردراوەکە بە شادییەوە گەڕانەوە و گوتیان: «گەورەم، تەنانەت ڕۆحی پیسیش بە ناوی تۆوە ملکەچمانن.»
١٨ ئەویش پێی فەرموون: «شەیتانم بینی وەک بروسکە لە ئاسمانەوە دەکەوت. ١٩ ئەوەتا دەسەڵاتم پێتان داوە پێ بە مار و دووپشک و هەموو هێزی دوژمندا بنێن، هیچ شتێکیش زیانتان پێناگەیەنێت. ٢٠ بەڵام بەمە دڵخۆش مەبن کە ڕۆحە پیسەکان ملکەچتانن، بەڵکو دڵخۆش بن کە ناوتان لە ئاسماندا نووسراوە.»
٢١ لەو کاتەدا عیسا بە ڕۆحی پیرۆز شادمان بوو و فەرمووی: «ستایشت دەکەم باوکە، پەروەردگاری ئاسمان و زەوی، چونکە ئەمانەت لە دانا و تێگەیشتووان شاردووەتەوە و بۆ منداڵان ئاشکرات کردووە. بەڵێ باوکە، چونکە تۆ ئەمەت پێ باش بوو!
٢٢ «باوکم هەموو شتێکی پێ سپاردووم، کەس نازانێت کوڕەکە* کێیە باوک نەبێت، یان باوک کێیە کوڕەکە و ئەوە نەبێت کە کوڕەکە دەیەوێ بۆی ئاشکرا بکات.»
٢٣ ئینجا ئاوڕی لە قوتابییەکانی دایەوە و بە تەنها بەوانی فەرموو: «خۆزگە دەخوازرێت بەو چاوانەی ئەوە دەبینێت کە ئێوە دەیبینن، ٢٤ چونکە پێتان دەڵێم، زۆر پێغەمبەر و پاشا ویستیان ئەوە ببینن کە ئێوە دەیبینن، بەڵام نەیانبینی، ئەوەش ببیستن کە ئێوە دەیبیستن، بەڵام نەیانبیست.»
نموونەی سامیرەییە چاکەکە
٢٥ تەوراتناسێک هەستا تاکو تاقی بکاتەوە، گوتی: «مامۆستا چی بکەم تاکو ژیانی هەتاهەتایی بە میرات وەربگرم؟»
٢٦ ئەویش پێی فەرموو: «لە تەوراتدا چی نووسراوە؟ چۆن دەیخوێنیتەوە؟»
٢٧ وەڵامی دایەوە: «[بە هەموو دڵ و بە هەموو گیان و بە هەموو توانا و هەموو بیرتانەوە یەزدانی پەروەردگاری خۆتان خۆشبوێت،]* هەروەها [نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.]* »
٢٨ عیسا پێی فەرموو: «وەڵامەکەت ڕاستە، ئەمە بکە، ژیانی هەتاهەتایی بەدەستدەهێنیت.»
٢٩ بەڵام ویستی پاکانە بۆ خۆی بکات، بە عیسای گوت: «نزیکەکەم کێیە؟»
٣٠ عیسا وەڵامی دایەوە: «پیاوێک لە ئۆرشەلیمەوە بۆ ئەریحا* دەچوو، کەوتە دەست جەردە، برینداریان کرد، ئینجا بە نیوەمردوویی بەجێیان هێشت و ڕۆیشتن. ٣١ وا ڕێککەوت کاهینێک بەو ڕێگایەدا دەڕۆیشت، کاتێک ئەوی بینی لەو بەرەوە تێپەڕی. ٣٢ هەروەها کابرایەکی لێڤیش* بە هەمان شێوە گەیشتە شوێنەکە، هات و سەیری کرد و لەو بەرەوە تێپەڕی. ٣٣ بەڵام سامیرەییەکی* ڕێبوار هاتە سەری، بینی و دڵی پێی سووتا، ٣٤ لێی چووە پێش و ڕۆن و شەرابی بەسەر برینەکاندا کرد و پێچایەوە، سواری وڵاخەکەی خۆی کرد و بردییە خانێک و چاودێری کرد. ٣٥ ڕۆژی پاشتر دوو دیناری دەرهێنا و دایە خانچییەکە و گوتی: ”چاودێری بکە و هەرچی زیاترت خەرجکرد، کە گەڕامەوە دەتدەمەوە.“
٣٦ «کام لەم سێ کەسە بە نزیک دەزانیت بۆ ئەو پیاوەی کە کەوتە دەست جەردەکان؟»
٣٧ تەوراتناسەکە گوتی: «ئەوەی بەزەیی پێیدا هاتەوە.»
عیساش پێی فەرموو: «تۆش بڕۆ و بەو شێوەیە بکە.»
لە ماڵی مریەم و مەرسا
٣٨ کاتێک دەڕۆیشتن چووە گوندێک، ژنێک لە ماڵەکەی خۆی پێشوازی لێکرد ناوی مەرسا بوو. ٣٩ خوشکێکی هەبوو ناوی مریەم بوو، لەبەرپێی مەسیح دانیشت و گوێی لە فەرمایشتەکانی دەگرت. ٤٠ بەڵام مەرسا لەبەر زۆری خزمەتکردن شڵەژا بوو، ڕاوەستا و گوتی: «گەورەم، باکت نییە خوشکم بە تەنها بەجێی هێشتووم و خزمەت دەکەم؟ پێی بفەرموو با یارمەتیم بدات.»
٤١ مەسیح وەڵامی دایەوە: «مەرسا، مەرسا، تۆ خەم لە زۆر شت دەخۆیت و نارەحەتیت. ٤٢ بەڵام یەک شت پێویستە، مریەم شتە باشەکەی هەڵبژاردووە کە لێی ناسەنرێتەوە.»