تێربوونی چوار هەزار کەس
١ لەو ڕۆژانەدا دیسان خەڵکێکی ئێجگار زۆر هەبوو هیچیان نەبوو بیخۆن، عیسا قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: ٢ «دڵم بەو خەڵکە دەسووتێت، ئەوە سێ ڕۆژە لەگەڵمدان و هیچیان نییە بیخۆن. ٣ ئەگەر بە برسیێتی بیاننێرمەوە ماڵ، لە ڕێگا بڕ ناکەن، هەندێکیشیان لە دوورەوە هاتوون.»
٤ قوتابییەکانی وەڵامیان دایەوە: «کێ دەتوانێت لەم چۆڵەوانییە نانی ئەمانە بدات؟»
٥ لێی پرسین: «چەند نانتان پێیە؟»
گوتیان: «حەوت.»
٦ ئیتر فەرمانی دا خەڵکەکە لەسەر زەوی دانیشن. حەوت نانەکەی برد و سوپاسی خودای کرد، لەتی کردن و دایە قوتابییەکان تاکو دابەشی بکەن، ئەوانیش بەسەر خەڵکەکەدا دابەشیان کرد. ٧ چەند ماسییەکی بچووکیشیان پێبوو، سوپاسی کرد و فەرمووی با ئەمەش دابەش بکرێت. ٨ ئیتر خواردیان و تێربوون، حەوت سەبەتە پەلکەنانیان هەڵگرتەوە. ٩ نزیکەی چوار هەزار دەبوون، ئینجا بەڕێی کردن. ١٠ پاشان یەکسەر لەگەڵ قوتابییەکانی سواری بەلەم بوو و هاتە ناوچەی دەلمانووسە.
داواکردنی نیشانەی ئاسمانی
١١ فەریسییەکان هاتن و لەگەڵ عیسا دەستیان بە مشتومڕ کرد، هەروەها بۆ ئەوەی تاقی بکەنەوە، داوای نیشانەیەکی ئاسمانییان لێی کرد. ١٢ لە قووڵایی ڕۆحیدا هەناسەیەکی هەڵکێشا و فەرمووی: «بۆچی ئەم نەوەیە داوای نیشانە دەکات؟ ڕاستیتان پێ دەڵێم: نیشانە نادرێتە ئەم نەوەیە.» ١٣ ئینجا بەجێی هێشتن. دووبارە سواری بەلەمەکە بوو و پەڕییەوە ئەوبەر.
فێرکردنی فەریسییەکان
١٤ قوتابییەکان لەبیریان چووبوو نان بهێنن، لە بەلەمەکەدا تەنها یەک نانیان پێبوو. ١٥ عیسا ڕایسپاردن: «وریابن، ئاگاداری هەویرترشی فەریسییەکان و هەویرترشی هێرۆدس بن.»
١٦ لەناو خۆیاندا بە یەکتریان گوت: «لەبەر ئەوەی نانمان پێنییە.»
١٧ عیسا زانی و پێی فەرموون: «بۆ باسی ئەوە دەکەن کە نانتان پێنییە؟ ئایا هێشتا جیا ناکەنەوە و تێناگەن؟ ئایا دڵڕەقن؟ ١٨ خۆ چاوتان هەیە، نابینن، گوێتان هەیە، نابیستن؟ هەروەها بیرتان نایەتەوە؟ ١٩ کاتێک پێنج نانەکەم بۆ پێنج هەزارەکە لەتکرد، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟»
وەڵامیان دایەوە: «دوازدە.»
٢٠ «کاتێک حەوتەکەش بۆ چوار هەزارەکە، چەند سەبەتەی پڕ لە پەلکەنانتان هەڵگرتەوە؟»
وەڵامیان دایەوە: «حەوت.»
٢١ ئینجا پێی فەرموون: «هێشتا تێناگەن؟»
چاکبوونەوەی کەسێکی نابینا
٢٢ هاتنە بێت‌سەیدا، کەسێکی نابینایان هێنایە لای عیسا و لێی پاڕانەوە دەستی لێ بدات. ٢٣ ئەویش دەستی نابیناکەی گرت، بردییە دەرەوەی دێیەکە و تفی لەسەر چاوی دا و دەستی لەسەر دانا و لێی پرسی: «هیچ دەبینیت؟»
٢٤ سەیری کرد و گوتی: «خەڵک دەبینم وەک درەخت دەڕۆن.»
٢٥ دیسان عیسا دەستی خستەوە سەر چاوی، چاوی تێبڕی و چاک بووەوە، هەموو شتێکی بە ڕوونی بینی. ٢٦ ئینجا بۆ ماڵی خۆی ڕەوانەی کردەوە و فەرمووی: «جارێ مەڕۆ بۆ ناو دێ.»
پەترۆس دان بە مەسیحدا دەنێت
٢٧ عیسا و قوتابییەکانی بەرەو گوندەکانی قەیسەرییەی فیلیپۆس بەڕێکەوتن، لە ڕێگا لە قوتابییەکانی پرسی: «خەڵکی دەڵێن من کێم؟»
٢٨ وەڵامیان دایەوە: «هەندێک دەڵێن یەحیای لەئاوهەڵکێش، هەندێکیش دەڵێن ئەلیاس، هەندێکی دیکەش دەڵێن یەکێک لە پێغەمبەران.»
٢٩ لێی پرسین: «ئەی ئێوە، دەڵێن من کێم؟»
پەترۆس وەڵامی دایەوە: «تۆ مەسیحەکەیت*
٣٠ جا ئاگاداری کردنەوە لەلای کەس باسی نەکەن.
یەکەم باسی مردنی عیسا
٣١ ئینجا دەستی بە فێرکردنیان کرد کە کوڕی مرۆڤ دەبێ زۆر ئازار بچێژێت، پیران و کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات ڕەتی بکەنەوە، بکوژرێت و لە ڕۆژی سێیەم هەستێتەوە. ٣٢ بە ئاشکرا قسەکەی کرد، پەترۆسیش هێنایە ئەم لاوە و دەستی کرد بە سەرزەنشتکردنی.
٣٣ بەڵام عیسا ئاوڕی دایەوە و سەیری قوتابییەکانی کرد، سەرزەنشتی پەترۆسی کرد: «لەبەرچاوم لاچۆ، ئەی شەیتان! تۆ بیر لە شتە خوداییەکان ناکەیتەوە، بەڵکو شتی مرۆڤانە.»
خۆ ئامادە کردن بۆ مردن
٣٤ ئینجا خەڵکەکە و قوتابییەکانی بانگکرد و پێی فەرموون: «ئەگەر یەکێک ویستی دوام بکەوێت، با نکۆڵی لە خۆی بکات و خاچەکەی هەڵبگرێت و دوام بکەوێت. ٣٥ ئەوەی بیەوێت ژیانی خۆی ڕزگار بکات، ژیانی دەدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی لە پێناوی من و مزگێنییەکەم ژیانی خۆی بدۆڕێنێت، ژیانی ڕزگار دەکات. ٣٦ چی بەکەڵکی مرۆڤ دێت ئەگەر هەموو جیهان بباتەوە و خۆی بدۆڕێنێت؟ ٣٧ یان مرۆڤ بۆ کڕینەوەی خۆی چی دەدات؟ ٣٨ ئەوەی لەلای ئەم نەوە داوێنپیس و گوناهبارە شەرمی بە من و بە وتەکانم بێت، کوڕی مرۆڤیش کاتێک بە شکۆی باوکی لەگەڵ فریشتە پیرۆزەکاندا دێتەوە شەرمی پێی دەبێت.»