پیلانگێڕی بۆ کوشتنی عیسا
١ کاتێک عیسا ئەم وتانەی هەموو تەواو کرد، بە قوتابییەکانی خۆی فەرموو: ٢ «دەزانن جەژنی پەسخە* دوو ڕۆژی ماوە. کوڕی مرۆڤیش بە گرتن دەدرێت تاکو لە خاچ بدرێت.»
٣ ئینجا کاهینانی باڵا و پیرانی گەل لە کۆشکی سەرۆکی کاهینان کە ناوی قەیافا بوو کۆببوونەوە، ٤ پێکەوە تەگبیریان دەکرد، بە فێڵێک عیسا بگرن و بیکوژن. ٥ گوتیان: «بەڵام نەک لە جەژندا، نەوەک ئاژاوە بکەوێتە ناو خەڵک.»
ئامادەکردنی عیسا بۆ ناشتنی
٦ کاتێک عیسا لە گوندی بێت‌عەنیا لە ماڵی شیمۆنە گول بوو، ٧ ژنێک بە بوتڵێکی ئەلەباستەریی* بۆنی گرانبەهاوە بۆ لای هات و بۆنەکەی بەسەریدا ڕژاند کە لەسەر خوان بوو.
٨ کاتێک قوتابییەکان ئەمەیان بینی، تووڕە بوون و گوتیان: «ئەم دەست بڵاوییەی بۆ چییە؟ ٩ دەتوانرا ئەو بۆنە بە نرخێکی گران بفرۆشرایە و بدرایە بە هەژاران.»
١٠ عیسا زانی و پێی فەرموون: «بۆچی گرفت بۆ ژنەکە دەنێنەوە؟ شتێکی چاکی بۆ من کرد. ١١ هەژاران هەمیشە لەگەڵتانن، بەڵام من هەمیشە لەلاتان نیم. ١٢ کاتێک ئەو ئەم بۆنەی بەسەر لەشمدا ڕژاند، بۆ ئامادەکردنم بۆ ناشتن ئەمەی کرد. ١٣ ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە هەر شوێنێکی جیهاندا ئەم مزگێنییە ڕابگەیەنرێت، وەک یادکردنەوەیەک باسی ئەوەش دەکرێت کە ئەم ژنە کردوویەتی.»
ناپاکی یەهوزا
١٤ ئینجا یەکێک لە دوازدە قوتابییەکە کە ناوی یەهوزای ئەسخەریوتی بوو، چوو بۆ لای کاهینانی باڵا، ١٥ گوتی: «چیم دەدەنێ تاکو بیدەمە دەستتان؟» ئەوانیش سی دراوی زیویان بۆ کێشا. ١٦ ئیتر بۆ هەلێک دەگەڕا تاکو بە گرتنی بدات.
بەستنی پەیمانی نوێ
١٧ ڕۆژێک پێش دەستپێکردنی جەژنی فەتیرە* ، قوتابییەکان هاتنە لای عیسا و گوتیان: «دەتەوێ بچینە کوێ و ئامادەکاری بکەین، تاکو نانی پەسخە بخۆیت؟»
١٨ فەرمووی: «بڕۆنە ناو شار، بۆ لای فڵانە کەس، پێی بڵێن: ”مامۆستا دەفەرموێ، کاتم نزیک بووەتەوە، لەگەڵ قوتابییەکانم لەلای تۆ نانی پەسخە دەخۆم.“» ١٩ قوتابییەکانیش فەرمانی عیسایان جێبەجێ کرد و نانی پەسخەیان ئامادە کرد.
٢٠ کە ئێوارە داهات، عیسا لەگەڵ دوازدە قوتابییەکە پاڵی دایەوە. ٢١ کاتێک نانیان دەخوارد، فەرمووی: «ڕاستیتان پێ دەڵێم: یەکێکتان بە گرتنم دەدات.»
٢٢ ئەوانیش زۆر خەمبار بوون، هەریەکە پێیان گوت: «گەورەم، ئەو کەسە منم؟»
٢٣ وەڵامی دایەوە: «ئەوەی لەگەڵم دەست دەخاتە ناو قاپەکە، ئەو بە گرتنم دەدات. ٢٤ کوڕی مرۆڤ دەبێت وەکو لەسەری نووسراوە بڕوات، بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کوڕی مرۆڤ بە گرتن دەدات! باشتر بوو بۆ ئەو کەسە هەر لەدایک نەبووایە.»
٢٥ ئینجا یەهوزا، ئەوەی بە گرتنی دەدات، وەڵامی دایەوە: «ڕابی، ئەو کەسە منم؟» پێی فەرموو: «خۆت گوتت.»
شێوی مەسیح
٢٦ کاتێک نانیان دەخوارد، عیسا نانێکی هەڵگرت، سوپاسی خودای کرد و لەتی کرد، دایە قوتابییەکان و فەرمووی: «وەرگرن، بخۆن، ئەمە جەستەی منە.»
٢٧ ئینجا جامێکی هەڵگرت و سوپاسی خودای کرد، پێیدان و فەرمووی: «هەموو لێی بخۆنەوە، ٢٨ چونکە ئەمە خوێنی منە، خوێنی پەیمانەکەیە کە لە پێناوی خەڵکێکی زۆر بۆ گوناه بەخشین دەڕژێت. ٢٩ پێتان دەڵێم: لەمەودوا ئیتر لەم بەرهەمەی مێو ناخۆمەوە، هەتا ئەو ڕۆژە دێت کە سەر لە نوێ لە شانشینی باوکم لەگەڵتان دەیخۆمەوە.»
٣٠ ئینجا گۆرانی ڕۆحییان* گوت و چوون بۆ دەرەوەی شار بۆ کێوی زەیتوون.
نکۆڵیکردنی پەترۆس
٣١ ئینجا عیسا پێی فەرموون: «ئەمشەو بەهۆی ئەوەی بەسەرم دێت هەمووتان پشتم تێ دەکەن، چونکە نووسراوە:
«[لە شوانەکە دەدەم،
مەڕی مێگەلەکە پەرت دەبن.]*
٣٢ بەڵام دوای هەستانەوەم، پێشتان دەکەوم بۆ جەلیل.»
٣٣ پەترۆس وەڵامی دایەوە: «ئەگەر لەوەی بەسەرت بێت هەموو پشتت لێ بکەن، من قەت پشتت لێ ناکەم.»
٣٤ عیسا پێی فەرموو: «ڕاستیت پێ دەڵێم: پێش خوێندنی کەڵەشێر، سێ جار نکۆڵی لە ناسینی من دەکەیت.»
٣٥ پەترۆسیش پێی گوت: «تەنانەت ئەگەر پێویست بکات لەگەڵیشت بمرم، هەرگیز نکۆڵیت لێ ناکەم.» قوتابییەکانیش هەموو وایان گوت.
نوێژی عیسا لە باخی گەتسیمانی
٣٦ دوای ئەوە عیسا لەگەڵیان بۆ شوێنێک چوو پێی دەگوترا، گەتسیمانی، بە قوتابییەکانی فەرموو: «لێرە دانیشن، تاکو دەچمە ئەوێ نوێژ دەکەم.» ٣٧ پەترۆس و دوو کوڕەکەی زەبدی برد و پەژارە و دڵتەنگی دایدەگرت. ٣٨ پێی فەرموون: «زۆر دڵتەنگم خەریکە بمرم، لێرە بمێننەوە و شەوارەم لەگەڵ بگرن.»
٣٩ کەمێک چووە پێش و بە ڕوودا چووە سەر زەوی، نوێژی دەکرد و دەیفەرموو: «باوکە، ئەگەر دەکرێت ئەم جامەم لەسەر تێبپەڕێت. بەڵام نەک وەک من دەمەوێت، بەڵکو تۆ.»
٤٠ هاتەوە لای قوتابییەکان، بینی نوستوون، بە پەترۆسی فەرموو: «ئەرێ نەتانتوانی کاتژمێرێک شەوارەم لەگەڵ بگرن؟ ٤١ شەوارە بگرن و نوێژ بکەن، نەوەک تاقی بکرێنەوە. ڕۆح چالاکە، بەڵام جەستە لاوازە.»
٤٢ دیسان چووەوە نوێژی کرد: «باوکە! ئەگەر ناکرێت ئەمە لەسەرم تێبپەڕێت و هەر دەبێت بیخۆمەوە، با خواستی تۆ بێت.»
٤٣ دیسان هاتەوە و بینی نوستوون، چونکە چاویان قورس ببوو. ٤٤ ئیتر وازی لێ هێنان و چوو بۆ جاری سێیەم نوێژی دەکرد و هەمان شتی دەگوتەوە.
٤٥ دوایی هاتە لای قوتابییەکان و پێی فەرموون: «هێشتا نوستوون و پشوو دەدەن؟ ئەوەتا کات نزیک بووەتەوە و کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست گوناهباران. ٤٦ هەستن با بڕۆین! ئەوەتا ئەوەی بە گرتنم دەدات نزیک بووەوە.»
گرتنی عیسا
٤٧ هێشتا ئەو قسەی دەکرد، ئەوە بوو یەهوزا هات کە یەکێک بوو لە دوازدە قوتابییەکە، کۆمەڵێکی زۆری لەگەڵ بوو بە شمشێر و دارەوە لەلایەن کاهینانی باڵا و پیرانی گەلەوە نێردرابوون. ٤٨ ئەوەی بە گرتنی دەدا نیشانەیەکی پێدابوون، گوتبووی: «ئەوەی ماچی دەکەم ئەوە خۆیەتی، بیگرن.» ٤٩ دەستبەجێ هاتە لای عیسا و گوتی: «سڵاو ڕابی* .» ئینجا ماچی کرد.
٥٠ عیساش پێی فەرموو: «هاوڕێ، ئەوەی بۆی هاتووی بیکە.» ئینجا هاتنە پێشەوە و عیسایان دەستبەسەر کرد و گرتییان. ٥١ لەناکاو یەکێک لەوانەی لەگەڵ عیسادا بوو، دەستی درێژکرد و شمشێرەکەی هەڵکێشا، لە خزمەتکاری سەرۆکی کاهینانی دا و گوێی بڕی.
٥٢ عیسا پێی فەرموو: «شمشێرەکەت بگەڕێنەوە شوێنی خۆی، چونکە هەموو ئەوانەی شمشێر هەڵدەگرن، بە شمشێر دەمرن. ٥٣ ئایا وا دەزانیت ناتوانم بانگی باوکم بکەم و زیاتر لە دوازدە لەشکر فریشتەم بۆ بنێرێت؟ ٥٤ بەڵام ئیتر چۆن نووسراوە پیرۆزەکان دێنە دی، کە دەڵێن بەو شێوەیە پێویستە ڕووبدات؟»
٥٥ لەو کاتەدا عیسا بە خەڵکەکەی فەرموو: «وەک بۆ گرتنی یاخیبووێک بە کوتەک و شمشێرەوە هاتوون بمگرن؟ ڕۆژانە لە حەوشەکانی پەرستگا دانیشتبووم خەریکی فێرکردن بووم، نەتانگرتم. ٥٦ بەڵام ئەمانە هەمووی ڕوویدا بۆ هاتنەدی نووسراوە پیرۆزەکانی پێغەمبەران.» ئینجا هەموو قوتابییەکان بەجێیان هێشت و ڕایانکرد.
دادگاییکردنی عیسا
٥٧ ئەوانەی عیسایان گرت، بردییانە لای قەیافای سەرۆک کاهین، لەوێ مامۆستایانی تەورات و پیران کۆببوونەوە. ٥٨ پەترۆسیش دووربەدوور بۆ حەوشەی سەرۆکی کاهینان دوای کەوت، ئینجا چووە ژوورەوە و لەنێو خزمەتکاران دانیشت تاکو دەرئەنجامەکەی ببینێت.
٥٩ کاهینانی باڵا و هەموو سەنهەدرین* بەدوای شایەتییەکی درۆدا دەگەڕان لەسەر عیسا، تاکو بە کوشتنی بدەن. ٦٠ بەڵام هیچیان نەدۆزییەوە، هەرچەندە زۆر شایەتی درۆزن هاتن. لە کۆتاییدا دووان هاتن، ٦١ گوتیان: «ئا ئەمە گوتی: ”دەتوانم پەرستگای خودا بڕووخێنم و بە سێ ڕۆژ بنیادی بنێمەوە.“»
٦٢ جا سەرۆکی کاهینان هەستا و پێی گوت: «هیچ وەڵام نادەیتەوە؟ ئەم پیاوانە شایەتی چی لەسەر تۆ دەدەن؟» ٦٣ بەڵام عیسا بێدەنگ بوو.
سەرۆکی کاهینانیش پێی گوت: «سوێندت دەدەم بە خودای زیندوو، پێمان بڵێ، ئەگەر تۆ مەسیحەکەی* ، کوڕی خودا.»
٦٤ عیسا پێی فەرموو: «تۆ خۆت وا دەڵێیت. منیش پێتان دەڵێم، لە ئێستاوە کوڕی مرۆڤ دەبینن لە دەستە ڕاستی توانادار دادەنیشێت و لەسەر هەوری ئاسماندا دێتەوە.* »
٦٥ ئینجا سەرۆکی کاهینان جلەکانی خۆی دادڕی و گوتی: «کفری کرد! ئیتر چ پێویستیمان بە شایەت هەیە؟ ئەوەتا گوێتان لە کفرەکە بوو. ٦٦ چی دەبینن؟»
وەڵامیان دایەوە: «شایانی مردنە!»
٦٧ ئینجا تفیان لەڕووی کرد و مستیان لێدا، هەندێکیش زللەیان لێدا و ٦٨ گوتیان: «ئەی مەسیح، ئەگەر پێغەمبەریت، بزانە کێ بوو لێیدایت؟»
پەترۆس نکۆڵی لە عیسا دەکات
٦٩ لەو کاتەدا پەترۆس لە حەوشە، لە دەرەوە دانیشتبوو. کەنیزەیەک هاتە لای و گوتی: «تۆش لەگەڵ عیسای جەلیلی بوویت.»
٧٠ ئەویش لەبەردەم هەموویان نکۆڵیی کرد: «نازانم چی دەڵێی.»
٧١ ئینجا چووە دەرەوە بۆ ناو داڵانەکە، یەکێکی دیکەش بینی و بەوانەی ئەوێی گوت: «ئەمە لەگەڵ عیسای ناسیرەیی بوو.»
٧٢ دیسان بە سوێندخواردنەوە نکۆڵی لێکرد: «ئەو پیاوە ناناسم!»
٧٣ دوای کەمێک ئەوانەی لەوێ ڕاوەستابوون هاتن و بە پەترۆسیان گوت: «بەڕاستی تۆش لەوانیت، زمانت ئاشکرات دەکات*
٧٤ جا دەستی بە نەفرەتکردن و سوێندخواردن کرد: «ئەو پیاوە ناناسم!»
دەستبەجێ کەڵەشێر خوێندی. ٧٥ ئەوسا پەترۆس قسەکانی عیسای بیرکەوتەوە کە فەرمووی: «پێش ئەوەی کەڵەشێر بخوێنێت، سێ جار نکۆڵیم لێ دەکەیت.» ئیتر چووە دەرەوە و بەکوڵ گریا.