نموونەی کرێکارانی ناو ڕەز
١ «چونکە شانشینی ئاسمان لە گەورەی ماڵێک دەچێت، بەیانی زوو دێتە دەرەوە تاکو بچێت کرێکار بۆ ڕەزەکەی بگرێت. ٢ لەگەڵ کرێکارەکان ڕۆژی بە دینارێک ڕێککەوت، ئینجا ئەوانی بۆ ڕەزەکەی نارد.
٣ «نزیکی کاتژمێر نۆ* دووبارە چووە دەرەوە، لە مەیداندا هەندێکی دیکەی بینی بێکار ڕاوەستابوون، ٤ پێی گوتن: ”ئێوەش بڕۆن لە ڕەزەکەمدا کار بکەن، چەندتان بکەوێ دەتاندەمێ.“ ٥ ئەوانیش ڕۆیشتن.
«ئینجا کاتژمێر دوازدە و کاتژمێری سێ ڕۆیشتەوە و هەمان شتی کردەوە. ٦ نزیکی کاتژمێر پێنجی ئێوارە دیسان ڕۆیشت، کرێکاری دیکەی بینی ڕاوەستاون، لێی پرسین: ”بۆچی بە درێژایی ڕۆژ لێرە بێکار ڕاوەستاون؟“
٧ «وەڵامیان دایەوە: ”چونکە کەس بە کرێی نەگرتووین.“ ئەویش پێی گوتن: ”ئێوەش بڕۆنە ڕەزەکەم!“
٨ «کاتێک ئێوارە داهات خاوەن ڕەزەکە بە سەرکارەکەی خۆی گوت: ”کرێکارەکان بانگ بکە و کرێیەکانیان بدەرێ، لەوانەی کۆتاییەوە دەستپێبکە تاکو یەکەم.“
٩ «جا ئەوانەی کاتژمێر پێنج* هاتن، هەریەکە دینارێکیان وەرگرت. ١٠ یەکەمینەکانیش هاتن و وایانزانی زیاتر وەردەگرن، بەڵام هەریەکە دینارێکیان وەرگرت. ١١ کە وەریاندەگرت بۆڵەبۆڵیان بەسەر خاوەن ماڵ دەکرد و ١٢ دەیانگوت: ”دواهەمینەکان کاتژمێرێک ئیشیان کرد. تۆش لەگەڵ ئێمە یەکسانت کردن کە گرانی و گەرمای ڕۆژمان کێشاوە.“
١٣ «وەڵامی یەکێکیانی دایەوە: ”برادەر، من غەدرم لێ نەکردوویت. ئایا لەگەڵ من بە دینارێک ڕێک نەکەوتوویت؟ ١٤ هی خۆت ببە و بڕۆ. من دەمەوێت بەوەی دواهەمینیش وەک تۆی بدەمێ. ١٥ ئایا بۆم نییە ئەوەی دەمەوێت بە ماڵی خۆمی بکەم؟ یان چاوت هەڵنایەت چونکە من چاکم؟“
١٦ «بەم شێوەیە دواهەمین دەبنە یەکەمین و یەکەمینیش دەبنە دواهەمین.»
سێیەم باسی مردنی عیسا
١٧ کاتێک عیسا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوت، دوازدە قوتابییەکەی جیا کردەوە و بە ڕێگاوە پێی فەرموون: ١٨ «ئەوا بۆ ئۆرشەلیم سەردەکەوین، کوڕی مرۆڤ دەدرێتە دەست کاهینانی باڵا و مامۆستایانی تەورات، ئەوانیش بڕیاری مردنی دەدەن و ١٩ بۆ گاڵتە پێکردن و بە قامچی لێدان و لەخاچدان دەیدەنە دەست نەتەوەکان، لە ڕۆژی سێیەمیش هەڵدەستێنرێتەوە.»
خزمەتکار پایەبەرزترینە
٢٠ ئینجا دایکی کوڕەکانی زەبدی لەگەڵ کوڕەکانی هاتە لای و کڕنۆشی برد و داوای لێکرد شتێکی بۆ بکات.
٢١ ئەویش پێی فەرموو: «چیت دەوێت؟» گوتی: «بفەرموو با هەردوو کوڕەکەم لە شانشینییەکەتدا یەکێکیان لەلای ڕاستت و ئەوی دیکەیان لەلای چەپت دانیشن.»
٢٢ عیسا وەڵامی دایەوە: «ئێوە نازانن داوای چی دەکەن. ئایا دەتوانن ئەو جامە* بخۆنەوە کە من دەیخۆمەوە؟» وەڵامیان دایەوە: «دەتوانین.»
٢٣ ئەویش پێی فەرموون: «لە ڕاستیدا لە جامی من دەخۆنەوە، بەڵام دانیشتن لەلای ڕاست و چەپمەوە، بۆ من نییە بیدەم، بەوانە نەبێت کە باوکم بۆی ئامادە کردوون.»
٢٤ کاتێک دە قوتابییەکە بیستیان، لە دوو براکە تووڕە بوون. ٢٥ بەڵام عیسا بانگی کردن و فەرمووی: «دەزانن سەرۆک نەتەوەکان وەک میر فەرمانڕەواییان بەسەردا دەکەن و گەورەکانیان دەسەڵاتیان بەسەریاندا جێبەجێ دەکەن. ٢٦ جا لەنێو ئێوەدا ئاوا نابێت، بەڵکو ئەوەی دەیەوێت لەنێوتاندا پایەی بەرز بێت، با ببێتە خزمەتکارتان و ٢٧ ئەوەش کە دەیەوێ لەنێوتاندا ببێتە یەکەم، با ببێتە بەندەتان، ٢٨ هەروەک کوڕی مرۆڤ کە نەهاتووە تاکو خزمەت بکرێت، بەڵکو خزمەت بکات و ژیانی خۆی بەخت بکات بۆ کڕینەوەی خەڵکێکی زۆر.»
چاککردنەوەی دوو کەسی نابینا
٢٩ کاتێک عیسا و قوتابییەکانی ئەریحایان بەجێدەهێشت، خەڵکێکی زۆر دوای کەوت. ٣٠ ئەوە بوو دوو کەسی نابینا لە قەراغ ڕێگاکەدا دانیشتبوون، کاتێک گوێیان لێبوو عیسا وا بەوێدا دەڕوات، هاواریان کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە.»
٣١ جا خەڵکەکە سەرزەنشتیان کردن تاکو بێدەنگ بن، بەڵام ئەوان زیاتر هاواریان کرد: «گەورەم، کوڕی داود، بەزەییت پێماندا بێتەوە!»
٣٢ عیسا ڕاوەستا، بانگی کردن و فەرمووی: «چیتان دەوێت بۆتان بکەم؟»
٣٣ وەڵامیان دایەوە: «دەمانەوێت چاومان بکەیتەوە، گەورەم.»
٣٤ عیساش دڵی پێیان سووتا و دەستی لە چاویان دا، دەستبەجێ ڕۆشنایی هاتەوە چاویان و دوای کەوتن.