گەورەی ڕۆژی شەممە
١ لەو کاتەدا، لە ڕۆژی شەممەدا عیسا بەناو دەغڵدا تێدەپەڕی، قوتابییەکانی برسییان بوو، دەستیان بە گوڵەگەنم پرواندن و خواردنی کرد. ٢ کە فەریسییەکان بینییان، پێیان گوت: «تەماشا بکە، ئەوەی قوتابییەکانت دەیکەن دروست نییە لە شەممەدا بکرێت.»
٣ ئەویش پێی فەرموون: «ئایا نەتانخوێندووەتەوە داود چی کرد* ، کاتێک خۆی و ئەوانەی لەگەڵی بوون برسییان بوو؟ ٤ چۆن چووە ناو ماڵی خودا و نانی تەرخانکراوی* خوارد، کە بۆ ئەو و ئەوانەی لەگەڵی بوون دروست نەبوو بیخۆن، تەنها بۆ کاهینان نەبێ؟ ٥ یان لە تەوراتدا نەتانخوێندووەتەوە کە هەرچەندە کاهینان بەهۆی ئەرکیان لە پەرستگا لە ڕۆژانی شەممەدا ڕاسپاردەی ڕۆژی شەممە دەشکێنن بەڵام بە بێتاوان دادەنرێن؟ ٦ پێتان دەڵێم، مەزنتر لە پەرستگا لێرەیە. ٧ بەڵام ئەگەر واتای ئەوەتان بزانیایە: [من میهرەبانیم دەوێ نەک قوربانی،]* ئەوا بێتاوانتان تاوانبار نەدەکرد، ٨ چونکە کوڕی مرۆڤ گەورەی ڕۆژی شەممەیە.»
چاککردنەوەی نەخۆش لە شەممە
٩ لەوێ ڕۆیشت و هاتە کەنیشتەکەیان، ١٠ ئەوە بوو پیاوێک دەستێکی وشک بوو. بۆ ئەوەی فەریسییەکان بتوانن سکاڵای لێ بکەن، لێیان پرسی: «ئایا لە شەممەدا چاککردنەوە دروستە؟»
١١ پێی فەرموون: «کێ لە ئێوە ئەگەر مەڕێکی هەبێت و لە شەممەدا بکەوێتە چاڵێک، ئایا نایگرێت و دەریناهێنێت؟ ١٢ مرۆڤ چەند لە مەڕ بەنرخترە! کەواتە لە شەممەدا چاکەکردن دروستە.»
١٣ ئینجا بە پیاوەکەی فەرموو: «دەستت درێژ بکە.» ئەویش درێژی کرد و چاک بووەوە، وەکو ئەوەی دیکە. ١٤ بەڵام فەریسییەکان کە هاتنە دەرەوە، تەگبیریان کرد چۆن لەناوی ببەن.
بەندەی هەڵبژێردراوی خودا
١٥ عیساش بەمەی زانی، لەوێ ڕۆیشت و خەڵکێکی زۆر دوای کەوتن، ئەویش هەموویانی چاککردەوە و ١٦ ئاگاداری کردنەوە ئاشکرای نەکەن، ١٧ تاکو ئەوەی لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایا گوتراوە بێتە دی کە دەڵێت:
١٨ [ئەوەتا خزمەتکارەکەم، ئەوەی هەڵمبژاردووە،
خۆشەویستم کە پێی دڵشادم،
ڕۆحی خۆمی دەخەمە سەر،
جاڕی دادپەروەری بۆ نەتەوەکان دەدات.
١٩ شەڕ ناکات و هاوار ناکات،
کەسیش لە شەقامدا دەنگی نابیستێت.
٢٠ قامیشێکی کوتراو ناشکێنێت،
پڵیتەیەکی پرتەپرتکەر ناکوژێنێتەوە،
تاکو دادپەروەری بە سەرکەوتن دەگەیەنێت.
٢١ نەتەوەکان هیوایان بە ناوی ئەو دەبێت.]*
عیسا و شای ڕۆحە پیسەکان
٢٢ ئینجا پیاوێکیان بۆ هێنا ڕۆحی پیسی تێدابوو، ئەویش نابینا و لاڵ بوو، چاکیکردەوە هەتا ئەوەی لاڵەکە قسەی کرد و بینی. ٢٣ خەڵکەکە هەموو سەرسام بوون و گوتیان: «ئەمە کوڕی داود نییە؟»
٢٤ بەڵام فەریسییەکان کە ئەمەیان بیست، گوتیان: «ئەمە ڕۆحی پیس دەرناکات، مەگەر بە بەعل‌زەبولی* شای ڕۆحە پیسەکان نەبێت.»
٢٥ بەڵام عیسا بە بیرکردنەوەی ئەوانی زانی، پێی فەرموون: «هەر شانشینێک دووبەرەکی تێدابێت، وێران دەبێت، هەر شارێک یان ماڵێک دووبەرەکی تێدابێت، خۆی ڕاناگرێت. ٢٦ ئەگەر شەیتان، شەیتان دەربکات، ئەوا دووبەرەکییان تێدایە، کەواتە چۆن شانشینییەکەی خۆی ڕادەگرێت؟ ٢٧ ئەگەر من بە بەعل‌زەبول ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەی کوڕەکانتان* بە کێ دەریاندەکەن؟ لەبەر ئەوە ئەوان دەبنە دادوەرتان. ٢٨ بەڵام ئەگەر من بە ڕۆحی خودا ڕۆحی پیس دەربکەم، ئەوا پاشایەتی خودا هاتووەتە سەرتان.
٢٩ «یان چۆن یەکێک دەتوانێ بچێتە ماڵی بەهێزێک و شتەکانی تاڵان بکات، ئەگەر زوو نەیبەستێتەوە، ئینجا ماڵەکەی تاڵان بکات؟
٣٠ «ئەوەی لەگەڵ من نییە لە دژی منە، ئەوەش لەگەڵ من کۆناکاتەوە، بڵاو دەکاتەوە. ٣١ لەبەر ئەوە پێتان دەڵێم: هەموو گوناه و کفرکردنێکی مرۆڤ دەبەخشرێت، بەڵام کفرکردن سەبارەت بە ڕۆحی پیرۆز نابەخشرێت. ٣٢ ئەوەی قسە لە دژی کوڕی مرۆڤ بکات، دەبەخشرێت، بەڵام ئەوەی قسە لە دژی ڕۆحی پیرۆز بکات، نابەخشرێت، نە لەم دنیایە و نە لەو دنیا.
دار بە بەرهەمی دەناسرێت
٣٣ «دار بە بەرهەمەکەی دەناسرێتەوە. ئەگەر دار باش بێت، بەرهەمی باش دەدات، ئەگەر دار خراپ بێت، بەرهەمی خراپ دەدات. ٣٤ ئەی بێچووە ماران، کە ئێوە خراپ بن، چۆن دەتوانن بە چاکە بدوێن؟ دەم ئەوە دەڵێت کە لە دڵ دەڕژێتەوە. ٣٥ مرۆڤی چاک لە گەنجینەی چاک شتی چاک دەردەهێنێت، مرۆڤی خراپیش، لە گەنجینەی خراپ، شتی خراپ دەردەهێنێت. ٣٦ بەڵام پێتان دەڵێم: هەر وشەیەکی پووچ کە خەڵک پێی دەدوێ، لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا حیسابی خۆی هەیە، ٣٧ چونکە بە وشەکانی خۆت بێتاوان دەکرێیت، بە وشەکانی خۆشت تاوانبار دەکرێیت.»
نیشانەی یونسی پێغەمبەر
٣٨ ئینجا هەندێک مامۆستای تەورات و فەریسی وەڵامیان دایەوە و گوتیان: «مامۆستا، دەمانەوێ نیشانەیەکت لێ ببینین.»
٣٩ کەچی وەڵامی دانەوە: «نەوەیەکی بەدکار و داوێنپیس* داوای نیشانە دەکات، بەڵام نیشانەی نادرێتێ، جگە لە نیشانەی یونسی پێغەمبەر. ٤٠ هەروەک چۆن یونس سێ شەو و سێ ڕۆژ لەناو سکی ماسییەکی گەورەدا بوو، ئاواش کوڕی مرۆڤ سێ شەو و سێ ڕۆژ لە ناخی زەویدا دەمێنێتەوە. ٤١ خەڵکی نەینەوا لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستنەوە و تاوانباری دەکەن، چونکە تۆبەیان کرد کاتێک یونس پەیامی خودای ڕاگەیاند. ئەوەتا لە یونس مەزنتر لێرەیە. ٤٢ شاژنی باشوور* لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا لەگەڵ ئەم نەوەیە لە مردن هەڵدەستێتەوە و تاوانباری دەکات، چونکە لەوپەڕی زەوییەوە هات بۆ گوێگرتن لە دانایی سلێمان. ئەوەتا لە سلێمان مەزنتر لێرەیە.
گەڕانەوەی ڕۆحی پیس
٤٣ «کاتێک ڕۆحی پیس لە مرۆڤێک دەردەچێت، لە شوێنە وشکەکاندا بەدوای حەوانەوەدا دەگەڕێت و دەستی ناکەوێت. ٤٤ ئینجا دەڵێت: ”دەگەڕێمەوە بۆ ماڵەکەی خۆم کە لێی دەرچووم.“ کاتێک دەگەڕێتەوە دەبینێت چۆڵە و گسکدراوە و ڕێکخراوە. ٤٥ ئەوسا دەچێت و حەوت ڕۆحی پیسی دیکە لە خۆی خراپتر لەگەڵ خۆی دەهێنێت، دەچنە ژوورەوە و لەناو ئەو مرۆڤە دەژیێن. ئینجا کۆتایی ئەو مرۆڤە لە جاران خراپتر دەبێت. بۆ ئەم نەوە بەدکارەش، ئاوا دەبێت.»
دایک و براکانی عیسا
٤٦ لە کاتێکدا کە عیسا قسەی بۆ خەڵکەکە دەکرد، دایک و براکانی لە دەرەوە ڕاوەستابوون، داوایان دەکرد لەگەڵی بدوێن. ٤٧ یەکێک پێی گوت: «وا دایک و براکانت لە دەرەوە ڕاوەستاون، دەیانەوێ لەگەڵت بدوێن.»
٤٨ ئەویش وەڵامی قسەکەری دایەوە: «دایکم کێیە و براکانم کێن؟» ٤٩ ئینجا دەستی بۆ قوتابییەکانی ڕاکێشا و فەرمووی: «ئەوەتا دایک و براکانم، ٥٠ چونکە ئەوەی بە خواستی باوکم بکات کە لە ئاسمانە، ئەوا خوشک و برا و دایکمە.»