بانگکردنی دوازدە نێردراوەکە
١ ئینجا دوازدە قوتابییەکەی بانگکرد، دەسەڵاتی پێدان تاکو ڕۆحی پیس دەربکەن و هەرچی نەخۆشی و نەساغی هەبوو چاک بکەنەوە.
٢ ئەمانەش ناوی دوازدە نێردراوەکەیە: یەکەمین، شیمۆن کە بە پەترۆس ناودەبردرا و ئەندراوسی برای، یاقوبی کوڕی زەبدی و یۆحەنای برای، ٣ فیلیپۆس و بەرتۆلماوس، تۆماس و مەتای باجگر، یاقوبی کوڕی حەلفا و تەداوس، ٤ شیمۆنی کانەوی* و یەهوزای ئەسخەریوتی کە عیسای بە گرتن دا.
عیسا نێردراوەکانی دەنێرێت
٥ عیسا ئەم دوازدە کەسەی نارد، فەرمانی پێ کردن: «بە ڕێگای نەتەوەکاندا مەڕۆن و مەچنە شاری سامیرەییەکان، ٦ بەڵکو لەبری ئەوە بڕۆنە لای مەڕە ونبووەکانی ماڵی ئیسرائیل. ٧ کاتێک دەچن، ئەم پەیامە ڕابگەیەنن: ”پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.“ ٨ نەخۆش چاک بکەنەوە، مردوو زیندوو بکەنەوە، گەڕوگول پاک بکەنەوە، ڕۆحی پیس دەربکەن. بەخۆڕایی وەرتانگرتووە، بەخۆڕاییش بیدەن. ٩ زێڕ و زیو و مس لە پشتێنتان هەڵمەگرن، ١٠ نە توورەکە بۆ ڕێگا، نە دوو کراس و نە پێڵاوی زیاد و نە گۆچانیش، چونکە کرێکار شایانی نانی خۆیەتی.
١١ «چوونە هەر شار و گوندێک، بە شوێن کەسێکی شایستەدا بگەڕێن و هەتا ئەوێ بەجێدەهێڵن لە ماڵی ئەو کەسە بمێننەوە. ١٢ کە چوونە ماڵەکە سڵاو بکەن. ١٣ ئەگەر ماڵەکە شایستە بوون، با ئاشتیتان بۆیان بێت، بەڵام ئەگەر شایستە نەبوون، با ئاشتیتان بۆ خۆتان بگەڕێتەوە. ١٤ ئەوەی پێشوازی لێ نەکردن و گوێی لە قسەتان نەگرت، لەو ماڵە یان لەو شارۆچکەیە بڕۆنە دەرەوە و تۆزی پێتان بتەکێنن. ١٥ ڕاستیتان پێ دەڵێم: لە ڕۆژی لێپرسینەوەدا، دۆخی خاکی سەدۆم و عەمۆرا سزای سووکتر دەبێت لەوەی ئەم شارە. ١٦ ئەوەتا من وەک مەڕ بەناو گەلە گورگدا دەتاننێرم. جا وەک مار ژیر بن و وەک کۆتر لە خراپە بێبەری بن.
١٧ «لە خەڵکی بەئاگابن، چونکە دەتاندەنە دادگا و لە کەنیشتەکانیان بە قامچی لێتان دەدەن، ١٨ لەبەر من دەبردرێنە بەردەم فەرمانڕەوایان و پاشایان، وەک شایەتێکی من بۆ ئەوان و بۆ نەتەوەکانیش. ١٩ کاتێکیش بە گرتنتان دەدەن، نیگەران مەبن کە چی بڵێن و چۆن بڵێن، لەو کاتەدا پێتان دەدرێت چی بڵێن، ٢٠ چونکە ئەوە ئێوە نین کە قسە دەکەن، بەڵکو ڕۆحی باوکتانە لە ئێوەدا قسە دەکات.
٢١ «برا برای خۆی بۆ مردن بە گرتن دەدات، باوکیش منداڵی خۆی. منداڵان لە دایک و باوکیان هەڵدەگەڕێنەوە و دەیانکوژن. ٢٢ لەبەر ناوی من هەمووان ڕقیان لێتان دەبێتەوە، بەڵام ئەوەی تاکو کۆتایی دانبەخۆدا بگرێت، ڕزگاری دەبێت. ٢٣ کە لەم شارە دەتانچەوسێننەوە، ڕاکەن بۆ شارێکی دیکە. ڕاستیتان پێ دەڵێم: شارەکانی ئیسرائیل تەواو ناکەن پێش هاتنی کوڕی مرۆڤ* .
مەترسن
٢٤ «قوتابی لە مامۆستاکەی بەرزتر نییە و کۆیلەش لە گەورەکەی بەرزتر نییە. ٢٥ بۆ قوتابی بەسە وەک مامۆستاکەی بێت و کۆیلەش وەک گەورەکەی. ئەگەر خاوەن ماڵ بە ”بەعل‌زەبول“* ناو ببردرێت، چەند زیاتر خانەوادەکەی؟
٢٦ «لەبەر ئەوە لێیان مەترسن، چونکە هیچ شتێکی شاردراوە نییە ئاشکرا نەبێت و نهێنی نییە دەرنەکەوێت. ٢٧ ئەوەی لە تاریکیدا پێتانی دەڵێم، لە ڕووناکی بیڵێنەوە، ئەوەی بە چرپە دەیبیستن، لە سەربانەکان جاڕبدەن. ٢٨ لەوانە مەترسن کە جەستە دەکوژن، بەڵام ناتوانن گیان بکوژن، بەڵکو لەوە بترسن کە دەتوانێ جەستە و گیان بە یەکەوە لە دۆزەخدا لەناوبەرێت. ٢٩ ئایا دوو چۆلەکە بە فلسێک نافرۆشرێت؟ کەچی هیچ یەکێکیان بەبێ خواستی باوکتان ناکەوێتە سەر زەوی. ٣٠ ئێوە تەنانەت مووی سەریشتان هەمووی ژمێردراوە. ٣١ کەواتە مەترسن، ئێوە زۆر لە چۆلەکە بەنرخترن.
٣٢ «بۆیە ئەوەی لەبەردەم خەڵک دانم پێدا بنێت، منیش لەلای باوکم کە لە ئاسمانە، دانی پێدا دەنێم. ٣٣ بەڵام ئەوەی لەلای خەڵک نکۆڵی لە ناسینی من بکات، منیش لەلای باوکم کە لە ئاسمانە، نکۆڵی لێ دەکەم.
ئاشتی نا بەڵکو شمشێر
٣٤ «وا مەزانن کە هاتووم تاکو ئاشتی بهێنمە سەر زەوی. نەهاتووم بۆ هێنانی ئاشتی، بەڵکو شمشێر!* ٣٥ چونکە من هاتووم بۆ هەڵگەڕاندنەوەی
«[کوڕ لە باوکی و
کچ لە دایکی و
بووک لە خەسووی،
٣٦ دوژمنی مرۆڤیش لە خانەوادەکەی خۆی دەبێت.]*
٣٧ «ئەوەی باوک یان دایکی لە من زیاتر خۆشبوێت، شایانی من نییە. ئەوەی کوڕ یان کچی لە من زیاتر خۆشبوێت، شایانی من نییە. ٣٨ ئەوەی خاچەکەی هەڵنەگرێت و دوام نەکەوێت شایانی من نییە. ٣٩ ئەوەی ژیانی خۆی بدۆزێتەوە دەیدۆڕێنێت، بەڵام ئەوەی ژیانی خۆی لەبەر من بدۆڕێنێت دەیدۆزێتەوە.
٤٠ «ئەوەی پێشوازیتان لێ بکات، پێشوازی لە من دەکات، ئەوەش پێشوازیم بکات، پێشوازی لەوە دەکات کە منی ناردووە. ٤١ ئەوەی پێشوازی لە پێغەمبەرێک بکات بە ناوی پێغەمبەر، ئەوا پاداشتی پێغەمبەرێک وەردەگرێت. ئەوەش پێشوازی لە پیاوچاکێک بکات بە ناوی پیاوچاک، ئەوا پاداشتی پیاوچاکێک وەردەگرێت. ٤٢ ئەوەی تەنها جامە ئاوێکی سارد بداتە یەکێک لەم بچووکانە، لەبەر ئەوەی قوتابی منن، ڕاستیتان پێ دەڵێم: پاداشتی ون نابێت.»