حەزرەتی یەحیا
١ هەر لەو ڕۆژانەدا، یەحیای لەئاوهەڵکێش* لە دەشتی یەهودیا دەرکەوت و پەیامی خودای ڕادەگەیاند، ٢ دەیگوت: «تۆبە بکەن، چونکە پاشایەتی ئاسمان نزیک بووەتەوە.» ٣ ئەمەش ئەوەیە کە لە ڕێگەی پێغەمبەر ئیشایاوە دەربارەی گوتراوە:
[کەسێک لە چۆڵەوانی هاوار دەکات و دەڵێت:
«ڕێگا بۆ هاتنی یەزدان ئامادە بکەن،
ڕێچکەکانی بۆ ڕێکبخەن.»]*
٤ جلوبەرگی یەحیا لە مووی وشتر بوو، پشتێنێکی چەرمیشی لە کەمەری دەبەست، خواردنیشی کوللە و هەنگوینی کێوی بوو. ٥ ئیتر خەڵکی ئۆرشەلیم و تەواوی یەهودیا و هەموو ناوچەکانی دەوروبەری ڕووباری ئوردون هاتنە لای، ٦ لەسەر دەستی ئەو لە ڕووباری ئوردون لە ئاو هەڵدەکێشران و دانیان بە گوناهەکانیاندا دەنا.
٧ کە بینی زۆر لە فەریسی* و سەدوقی* بۆ لەئاوهەڵکێشانەکەی* دێن، پێی گوتن: «ئەی بێچووە ماران، کێ ئاگاداری کردوونەتەوە لە دەست تووڕەیی داهاتوو هەڵبێن؟ ٨ با بەرهەمێکتان هەبێت لە تۆبەکردن بوەشێتەوە. ٩ پێتان وا نەبێت دەتوانن بەخۆتان بڵێن: ”ئیبراهیم باوکمانە.“ پێتان دەڵێم، خودا دەتوانێت لەم بەردانە نەوە بۆ ئیبراهیم دروستبکات. ١٠ ئەوەتا تەور خراوەتە سەر ڕەگی دار، هەر دارێک بەرهەمی باش نەدات، دەبڕدرێتەوە و فڕێدەدرێتە ناو ئاگرەوە.
١١ «من بۆ تۆبەکردن لە ئاوتان هەڵدەکێشم، بەڵام ئەوەی لەدوای من دێت، لە من بەتواناترە، شایانی ئەوە نیم پێڵاوەکانی بۆ هەڵبگرم. ئەو لە ڕۆحی پیرۆز و لە ئاگرتان هەڵدەکێشێت* . ١٢ شەنی بەدەستەوەیە بۆ پاککردنەوەی جۆخینەکەی* ، گەنمەکە لە ئەمباردا کۆدەکاتەوە و قەسەڵەکەش* بە ئاگرێکی نەکوژاوە دەسووتێنێت.»
لەئاوهەڵکێشانی عیسا
١٣ ئینجا عیسا لە جەلیلەوە هاتە ئوردون، تاکو لەسەر دەستی یەحیا لە ئاو هەڵبکێشرێت. ١٤ بەڵام یەحیا دەیویست ڕایگرێت و دەیگوت: «من پێویستیم بەوەیە لەسەر دەستی تۆ لە ئاو هەڵبکێشرێم، کەچی تۆ دێیت بۆ لای من؟»
١٥ عیساش وەڵامی دایەوە: «ئێستا ڕێگا بدە، چونکە ئاوا لە ئێمە دەوەشێتەوە هەتا هەموو ڕاستودروستییەک* تەواو بکەین.» ئینجا ڕێی دا.
١٦ کاتێک عیسا لە ئاو هەڵکێشرا، دەستبەجێ لە ئاوەکە هەستایەوە. ئەوە بوو ئاسمانی بۆ کرایەوە و بینی ڕۆحی خودا وەک کۆترێک نیشتەوە و هاتە سەری. ١٧ دەنگێکیش لە ئاسمانەوە فەرمووی: «ئەمە کوڕی خۆشەویستمە، ئەوەی زۆر پێی دڵشادم.»