پاکبوونەوە لە گوناه
١ «لەو ڕۆژەدا کانییەک بۆ بنەماڵەی داود و بۆ دانیشتووانی ئۆرشەلیم دەکرێتەوە بۆ پاککردنەوەیان لە گوناه و گڵاوی.»
٢ یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت: «لەو ڕۆژەدا، ناوی بتەکان لە خاکەکەدا ڕیشەکێش دەکەم و ئیتر یادیان ناکرێتەوە. هەروەها پێغەمبەرەکان و ڕۆحی گڵاو* لە خاکەکە ڕادەماڵم. ٣ وای لێدێت ئەگەر کەسێک پێشبینی بکات، ئەوا دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، پێی دەڵێن: ”دەبێت بمریت، چونکە بە درۆ بە ناوی یەزدانەوە قسەت کردووە.“ ئینجا کاتێک پێشبینی دەکات دایک و باوکی، کە لەوانەوە بووە، بە خەنجەر لێی دەدەن.
٤ «ئینجا لەو ڕۆژەدا هەر پێغەمبەرێک بە پێشبینی بینینەکەی شەرمەزار دەبێت. جلی پێغەمبەران کە کەوای موودارە لەبەری ناکەن بۆ ئەوەی خەڵکی پێ هەڵبخەڵەتێنن. ٥ هەریەکە و دەڵێت: ”من پێغەمبەر نیم. من کابرایەکی جوتیارم، چونکە هەر لە منداڵیمەوە خاک سەرچاوەی بژێویم بووە.“ ٦ ئەگەر کەسێک بپرسێت: ”ئەم برینانە چین لە جەستەت؟“ ئەویش وەڵام دەداتەوە: ”ئەوەیە کە لە ماڵی دۆستانم پێی بریندار بووم.“
لێدان لە شوانەکە
٧ «یەزدانی سوپاسالار دەفەرموێت:
ئەی شمشێر، لە دژی شوانەکەم هەستە،
لە دژی ئەو پیاوەی لەگەڵمە!
لە شوانەکە بدە،
مەڕەکان پەرت دەبن،
پاشان دەستم لە بچووکەکان بەرز دەکەمەوە.»
٨ یەزدان دەفەرموێت: «ئینجا لە هەموو زەوی،
دوو لەسەر سێیان لێیان دەدرێت و دەمرن،
یەک لەسەر سێ تێیدا دەمێنێتەوە.
٩ ئەو یەک لەسەر سێیەش دەخەمە ناو ئاگرەوە،
وەک زیو دەیانپاڵێوم،
وەک زێڕ تاقییان دەکەمەوە.
ئەوان بە ناوی منەوە نزا دەکەن و
منیش وەڵامیان دەدەمەوە،
من دەڵێم: ”ئەوان گەلی منن،“
ئەوانیش دەڵێن: ”یەزدان خودای ئێمەیە.“»