بەسەرکردنەوەی بنەماڵەی یەهودا
١ لە بەهاردا داوای باران لە یەزدان بکەن،
یەزدانە کە هەورەتریشقە دروستدەکات.
ئەو شەستە باران دەبارێنێت،
کێڵگەی سەوز دەداتە هەمووان.
٢ بتەکان قسەی هەڵخەڵەتێنەر دەکەن،
فاڵگرەوەکان بە درۆ باسی بینین دەکەن،
خەونی درۆ دەگێڕنەوە،
بەبێ سوود دڵنەوایی دەکەن،
بۆیە وەک مەڕ دەگەڕێن،
سەرگەردان بوون لەبەر بێ شوانی.
٣ «تووڕەییم لەسەر شوانەکان گڕی گرت،
ڕابەرەکان سزا دەدەم،
چونکە یەزدانی سوپاسالار مێگەلەکەی خۆی،
بنەماڵەی یەهودا بەسەردەکاتەوە،
دەیانکاتە ئەسپی شکۆی خۆی لەنێو جەنگ.
٤ بەردی بناغە لە یەهوداوە دێت،
مێخی ڕەشماڵ لەوێوە دێت،
کەوانی جەنگ لەوێوە دێت،
هەموو سەرۆکێک لەوێوەیە.
٥ پێکەوە وەک پاڵەوان دەبن،
ئەوانەی دوژمنەکانیان لەنێو قوڕی کۆڵانەکان دەشێلن،
دەجەنگین، چونکە یەزدان لەگەڵیانە،
ئەسپ سوارەکانی دوژمن شەرمەزار دەکەن.
٦ «بنەماڵەی یەهودا بەهێز دەکەم،
بنەماڵەی یوسف ڕزگار دەکەم.
دەیانگەڕێنمەوە، چونکە بەزەییم پێیاندا هاتەوە،
وایان لێدێت وەک ئەوەی کە ڕەتم نەکردبنەوە،
چونکە من یەزدانی خودای ئەوانم،
وەڵامیان دەدەمەوە.
٧ ئەفرایم وەک پاڵەوانەکانیان لێدێت،
دڵیان خۆش دەبێت هەروەک بە شەراب،
منداڵەکانیان ئەمە دەبینن و دڵخۆش دەبن،
دڵیان بە یەزدان شاد دەبێت.
٨ ئاماژەیان بۆ دەکەم،
پێکەوە کۆیان دەکەمەوە.
بە دڵنیاییەوە دەیانکڕمەوە،
هەروەکو پێشتر زۆر دەبن.
٩ هەرچەندە لەنێو گەلاندا پەرتەوازەیان دەکەم،
بەڵام لە خاکە دوورەکانەوە یادم دەکەنەوە.
ئەوان لەگەڵ کوڕەکانیان لە ژیان دەمێننەوە و
دەگەڕێنەوە.
١٠ لە خاکی میسرەوە دەیانگەڕێنمەوە و
لە ئاشورەوە کۆیان دەکەمەوە.
دەیانهێنمە خاکی گلعاد و لوبنان،
جێیان نابێتەوە.
١١ بەناو دەریای تەنگدا تێدەپەڕن،
شەپۆلەکانی دەریا کپ دەبن و
هەموو قووڵاییەکانی ڕووباری نیل وشک دەبن.
لووتبەرزی ئاشور تێکدەشکێنرێت و
داردەستی میسر نامێنێت.
١٢ بە یەزدان بەهێزیان دەکەم و
بە ناوی خۆیەوە دەیپەرستن و گوێڕایەڵی دەبن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.