ئەو گیانەی گوناه بکات، ئەو دەمرێت
١ فەرمایشتی یەزدانم بۆ هات، پێی فەرمووم: ٢ «بۆچی ئەم پەندە بەسەر خاکی ئیسرائیلدا هەڵدەدەن و دەڵێن:
«”باوکان بەرسیلەیان خوارد،
ددانی منداڵەکان ئاڵ دەبنەوە“؟
٣ «یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: بە گیانی خۆم، ئیتر بۆتان نابێت ئەم پەندە لە ئیسرائیلدا بهێننەوە و بڵێن، ٤ چونکە هەموو گیانێک هی منە، گیانی باوک وەک گیانی منداڵ، هەردووکیان هی منن. ئەو کەسەی گوناه بکات، هەر ئەو کەسە دەمرێت.
٥ «گریمان ئەگەر پیاوێکی ڕاستودروست هەبێت و
دادوەری و ڕاستودروستی بکات:
٦ لە نزرگەی سەر چیاکان نەخوات و
چاوی بۆ بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل هەڵنەبڕێت؛
ژنی کەسێکی دیکە گڵاو نەکات و
لەگەڵ ئافرەت جووت نەبێت لە ڕۆژانی خوێنلێچوونی؛
٧ ستەم لە کەس نەکات،
بەڵکو بارمتەی قەرزدار بگەڕێنێتەوە؛
ماڵی کەس زەوت نەکات،
بەڵکو نانی خۆی بداتە برسی و
جل بکاتە بەر ڕووت؛
٨ پارە بە سوو نەدات و
نرخی شتومەک گران نەکات؛
دەستی لە ستەمکاری بگێڕێتەوە و
لەنێوان مرۆڤ و مرۆڤدا دڵسۆزانە دادوەری بکات.
٩ فەرزەکانم پەیڕەو بکات و
بە ڕەوایی حوکمەکانم بەجێبهێنێت.
ئەوا ئەو پیاوە ڕاستودروستە،
بێگومان دەژیێت.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.
١٠ «گریمان ئەگەر کوڕێکی هەبێت، توندوتیژی یان خوێنڕێژی بکات، یان یەکێکی دیکە لەم کارانەی ١١ کە باوکی نەیکردووە:
«لە نزرگەی سەر چیاکان بخوات،
ژنی کەسێکی دیکە گڵاو بکات،
١٢ ستەم لە هەژار و نەدار بکات،
شتی خەڵکی زەوت بکات،
قەرز نەداتەوە،
چاوی بۆ بتەکان هەڵببڕێت،
کاری قێزەون ئەنجام بدات،
١٣ پارە بە سوو بدات و نرخی شتومەک گران بکات.
ئایا دەژیێت؟ ناژیێت! لەبەر ئەوەی هەموو ئەم کارە قێزەونانەی کردووە، بێگومان دەکوژرێت، خوێنی لە ملی خۆی دەبێت.
١٤ «بەڵام گریمان ئەگەر ئەو کوڕەش کوڕێکی بوو و هەموو گوناهەکانی باوکی بینی کە کردی و وەک ئەوی نەکرد:
١٥ «لە نزرگەی سەر چیاکان نەخوات،
چاوی بۆ بتەکانی بنەماڵەی ئیسرائیل هەڵنەبڕێت،
ژنی کەسێکی دیکە گڵاو نەکات،
١٦ ستەم لە کەس نەکات،
داوای بارمتە نەکات و
هیچ شتێک زەوت نەکات،
بەڵکو نانی خۆی بداتە برسی و
جل بکاتە بەر ڕووت،
١٧ دەستی لە ستەمکاری بگێڕێتەوە،
سوو وەرنەگرێت و نرخی شتومەک گران نەکات،
بەڵکو حوکمەکانم بەجێبهێنێت و فەرزەکانم پەیڕەو بکات.
ئەو بە تاوانی باوکی نامرێت، بێگومان دەژیێت. ١٨ بەڵام باوکی لەبەر ئەوەی ستەمی کردووە و ماڵی براکەی زەوت کردووە و ئەوەی باش نییە لەنێو گەلەکەی کردوویەتی، ئەو بە تاوانی خۆی دەمرێت.
١٩ «ئێوە دەڵێن: ”بۆچی کوڕ تاوانی باوکی هەڵناگرێت؟“ کە کوڕ ڕاستودروستی و دادپەروەری ئەنجام داوە، هەموو فەرزەکانی منی بەجێهێناوە و کاری پێ کردووە، لەبەر ئەوە بێگومان دەژیێت. ٢٠ ئەو کەسەی گوناه دەکات، هەر ئەو کەسە دەمرێت. کوڕ تاوانی باوکی هەڵناگرێت و باوکیش تاوانی کوڕەکەی هەڵناگرێت. کەسی ڕاستودروست ڕاستییەکەی بۆ خۆیەتی و کەسی خراپەکاریش خراپەکەی بۆ خۆیەتی.
٢١ «بەڵام ئەگەر خراپەکار لە هەموو گوناهەکانی کە کردوویەتی گەڕایەوە، هەموو فەرزەکانی منی بەجێهێنا و دادوەری و ڕاستودروستی ئەنجام دا، بێگومان دەژیێت و نامرێت. ٢٢ هەموو یاخیبوونەکانی کە کردوویەتی باس ناکرێن، بەو کردارە ڕاستودروستانەی کە کردوویەتی دەژیێت. ٢٣ یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: ئایا من بە مردنی خراپەکار دڵخۆش دەبم؟ ئایا شادمان نیم کە لە ڕەفتارەکانی بگەڕێتەوە و بژیێت؟
٢٤ «لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر مرۆڤی ڕاستودروستیش لە ڕاستودروستییەکەی گەڕایەوە و تاوان ئەنجام بدات و وەک هەموو کردەوە قێزەونەکانی خراپەکار بکات، ئایا دەژیێت؟ هەموو ئەو کردارە ڕاستودروستانەی کە کردوویەتی باس ناکرێن. بەو ناپاکییەی کە کردوویەتی و بەو گوناهەی کە ئەنجامی داوە دەمرێت.
٢٥ «ئێوەش دەڵێن: ”ڕێگای پەروەردگار دادپەروەرانە نییە.“ ئێستا ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، گوێ بگرن: ئایا ڕێگای من دادپەروەرانە نییە؟ یان ڕێگاکانی ئێوە دادپەروەرانە نین؟ ٢٦ ئەگەر کەسی ڕاستودروست لە ڕاستودروستییەکەی خۆی بگەڕێتەوە و تاوان ئەنجام بدات، ئەوا بەهۆیەوە دەمرێت، بەهۆی ئەو تاوانەی کە ئەنجامی داوە دەمرێت. ٢٧ بەڵام ئەگەر خراپەکار لە خراپەکەی کە کردوویەتی بگەڕێتەوە، دادوەری و ڕاستودروستی ئەنجام بدات، ئەوا ژیانی خۆی دەپارێزێت. ٢٨ لەبەر ئەوەی هەموو یاخیبوونەکانی خۆی کە کردبووی بینی و لێیان گەڕایەوە، ئەوا بێگومان دەژیێت و نامرێت. ٢٩ بنەماڵەی ئیسرائیلیش دەڵێن: ”ڕێگای پەروەردگار دادپەروەرانە نییە.“ ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، ئایا ڕێگاکانی من دادپەروەرانە نین؟ یان ڕێگاکانی ئێوە دادپەروەرانە نین؟
٣٠ «لەبەر ئەوە یەزدانی باڵادەست دەفەرموێت: ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، دادگاییتان دەکەم، هەریەکەتان بەگوێرەی ڕەفتاری خۆی. تۆبە بکەن و لە هەموو یاخیبوونەکانتان بگەڕێنەوە و تاوان نابێت بە کۆسپ لە ڕێگاتان. ٣١ هەموو یاخیبوونەکانتان کە پێی یاخیبوون فڕێبدەن، دڵێکی تازە و ڕۆحێکی تازە بۆ خۆتان بەدەستبهێنن. ئەی بنەماڵەی ئیسرائیل، بۆچی بمرن؟ ٣٢ چونکە من بە مردنی هیچ کەسێک دڵخۆش نابم، جا تۆبە بکەن و بژین! ئەوە فەرمایشتی یەزدانی باڵادەستە.