نیشانەی گەمارۆدانی ئۆرشەلیم
١ «ئێستاش ئەی کوڕی مرۆڤ، خشتێک بۆ خۆت ببە و لەبەردەمی خۆتی دابنێ و وێنەی شاری ئۆرشەلیمی لەسەر بکێشە. ٢ گەمارۆی بدە: قوللە لە دەوری بنیاد بنێ، سەنگەر لە دەوری دروستبکە، لەشکر لە دەوری کۆبکەرەوە و مەنجەنیق لە دەوری دابنێ. ٣ ئینجا ساجێکی ئاسن بۆ خۆت ببە و بیکە بە شوورایەکی ئاسن لەنێوان خۆت و شارەکە، چاوی تێ ببڕە، جا لەژێر گەمارۆ دەبێت و گەمارۆی دەدەیت. ئەوە دەبێتە نیشانەیەک بۆ بنەماڵەی ئیسرائیل.
٤ «لەسەر تەنیشتی چەپەت ڕابکشێ و تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل بخە سەر خۆت، بە ژمارەی ئەو ڕۆژانەی ڕادەکشێی تاوانی ئەوان دەخەیتە ئەستۆی خۆت. ٥ منیش ساڵانی تاوانی ئەوانم بۆ کردووی بە ژمارەی ڕۆژەکان، لەبەر ئەوە سێ سەد و نەوەد ڕۆژ تاوانی بنەماڵەی ئیسرائیل دەخەیتە ئەستۆی خۆت.
٦ «کاتێک تەواوت کرد، لەسەر لای ڕاستت ڕابکشێ، جا بۆ ماوەی چل ڕۆژ تاوانی بنەماڵەی یەهودا دەخەیتە ئەستۆی خۆت، هەر ڕۆژێک لە جیاتی ساڵێک. ٧ جا ڕووت لە گەمارۆی ئۆرشەلیم بکە و بازووی لێ هەڵبکە و پێشبینی لەسەر بکە. ٨ من بە گوریس دەتبەستمەوە بۆ ئەوەی لەم تەنیشتەوە خۆت وەرنەگەڕێنیتە سەر ئەو تەنیشت هەتا ڕۆژانی گەمارۆکەت تەواو دەکەیت.
٩ «تۆش گەنم و جۆ و پاقلە و نیسک و هەرزن و ماش بۆ خۆت ببە و لەناو یەک دەفردا دایانبنێ، بۆ خۆت بیکە بە نانی ڕۆژانە بە ژمارەی ئەو ڕۆژانەی لەسەر تەنیشت ڕادەکشێیت، سێ سەد و نەوەد ڕۆژ لێی دەخۆیت. ١٠ ئەو خواردنەش کە دەیخۆیت بە کێشانە دەبێت، هەر ڕۆژەی بیست شاقل* ، هەر جارێک کەمێکی دەیخۆیت. ١١ ئاویش بە پێوانە دەخۆیتەوە، یەک لەسەر شەشی هەینێک* ، هەر جارێک کەمێکی دەخۆیتەوە. ١٢ کولێرەی جۆ دەخۆیت، لەسەر ئەو پیساییەی لە مرۆڤەوە دەردەچێت لەبەرچاویان دەیبرژێنیت.» ١٣ یەزدان فەرمووی: «نەوەکانی ئیسرائیل بەم چەشنە نانی گڵاو دەخۆن لەنێو ئەو نەتەوانەی بۆ لایان دەریاندەکەم.»
١٤ منیش گوتم: «ئای، ئەی یەزدانی باڵادەست! هەرگیز خۆمم گڵاو نەکردووە. لە منداڵیمەوە هەتا ئێستا نە گۆشتی ئاژەڵی مردار و نە گۆشتی نێچیرم خواردووە. هیچ گۆشتێکی گڵاو نەچووەتە دەممەوە.»
١٥ ئەویش پێی فەرمووم: «تەماشا بکە، ڕیخی مانگام بۆت دانا لە جیاتی پیسایی مرۆڤ، جا نانەکەتی لەسەر دروستدەکەیت.»
١٦ هەروەها پێی فەرمووم: «ئەی کوڕی مرۆڤ، من نان لە ئۆرشەلیم دەبڕم، جا نان بە کێشان و بە خەمەوە دەخۆن و ئاویش بە پێوانە و بە ترسەوە دەخۆنەوە، ١٧ تاکو نان و ئاویان کەم بێت و لە دیمەنی یەکتر بتۆقن و بەهۆی تاوانەکەیانەوە لەناو بچن.