ڕووخاندنی ئۆرشەلیم
١ سدقیا گەنجێکی بیست و یەک ساڵان بوو کە بوو بە پاشا، یازدە ساڵ لە ئۆرشەلیم پاشایەتی کرد. دایکی ناوی حەموتەلی کچی یەرمیای خەڵکی لیڤنا بوو. ٢ ئەمیش لەبەرچاوی یەزدان خراپەکاری کرد، وەک هەموو ئەوەی یەهۆیاقیم کردی. ٣ لەبەر تووڕەیی یەزدان بوو کە ئەمانە لە ئۆرشەلیم و لە یەهودا ڕوویدا، هەتا ئەوەی لەبەردەم خۆیدا دەریکردن.
ئەوە بوو سدقیا لە پاشای بابل یاخی بوو.
٤ ئیتر لە دەی مانگی دەی ساڵی نۆیەمی پاشایەتی سدقیا، نەبوخودنەسری پاشای بابل هەموو سوپاکەی بەرەو ئۆرشەلیم جوڵاند و لەوێ ئۆردوگای دامەزراند، لە چواردەوری قوللەی بنیاد نا. ٥ هەتا ساڵی یازدەیەمی پاشایەتی سدقیا شارەکە لەژێر گەمارۆدا بوو.
٦ لە نۆی مانگی چواردا قاتوقڕی لە شارەکە هێندە سەخت بوو کە نان نەبوو گەلی خاکەکە بیخۆن. ٧ ئینجا شوورای شارەکە شکێنرا و هەموو جەنگاوەرەکان بە شەو بە ڕێگای دەروازەکەی نێوان دوو شووراکەی بەرامبەر باخچەی پاشادا هەڵاتن، هەرچەندە بابلییەکان لە چواردەوری شارەکە بوون. بە ڕێگای عەراڤادا* هەڵاتن، ٨ بەڵام سوپای بابلییەکان بەدوای سدقیای پاشا کەوتن، لە دەشتی ئەریحا پێی گەیشتن، هەموو سوپاکەی پەرتەوازە بوو، ٩ جا پاشایان بە دیل گرت.
بردییانە لای پاشای بابل لە ڕیڤلە، لە خاکی حەمات، ئەویش دادگایی کرد. ١٠ هەر لە ڕیڤلە پاشای بابل کوڕەکانی سدقیای لەبەرچاوی باوکیان کوشت، ئینجا هەموو پیاوماقوڵانی یەهوداشی لەناوبرد. ١١ پاشان هەردوو چاوی سدقیای دەرهێنا، بە زنجیری بڕۆنز کۆتی کرد، بردی بۆ بابل و هەتا ڕۆژی مردنی لە بەندیخانە بەندی کرد.
١٢ لە دەی مانگی پێنجی ساڵی نۆزدەیەمی نەبوخودنەسری پاشای بابل، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا، ئەوەی خزمەتی پاشای بابلی دەکرد، هاتە ئۆرشەلیم. ١٣ پەرستگای یەزدان و کۆشکی پاشا و هەموو ماڵەکانی ئۆرشەلیم و هەموو تەلارە گرنگەکانی سووتاند. ١٤ شووراکانی چواردەوری ئۆرشەلیمیش لەلایەن سوپای بابلییەکانەوە ڕووخێنران، ئەوانەی لەگەڵ فەرماندەی پاسەوانانی پاشا بوون. ١٥ جا لە ڕەشوڕووتی گەل و پاشماوەی گەلیش ئەوانەی لە شارەکەدا مابوونەوە و ئەوانەی بۆ لای پاشای بابل هەڵاتبوون لەگەڵ پاشماوەی وەستاکان، نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ڕاپێچی کردن. ١٦ بەڵام نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا هەندێک لە خەڵکی ڕەشوڕووتی لە خاکەکە هێشتەوە بۆ کارکردن لە ڕەزەمێو و کێڵگەکان.
١٧ کۆڵەکە بڕۆنزییەکان و عەرەبانەکانی ئاوگواستنەوە و حەوزە بڕۆنزییەکە کە لە پەرستگای یەزدان بوون، بابلییەکان پارچەپارچەیان کردن، هەموو بڕۆنزەکەشیان بۆ بابل بارکرد، ١٨ هەروەها مەنجەڵ و خاکەناز، مەقەست، تاس* ، قاپەکان و هەموو ئەو قاپوقاچاغە بڕۆنزانەی لە خزمەتی پەرستگا بەکاردەهات. ١٩ فەرماندەی پاسەوانانی پاشا تەشت و بخووردان، تاس، مەنجەڵ، چرادان، چەمچە و پەرداخەکانی برد. هەموو ئەوەی کە بە زێڕ و زیو دروستکرابوو بردی.
٢٠ دوو کۆڵەکە و حەوزە بڕۆنزییەکە و دوازدە گا بڕۆنزییەکان کە لەژێر عەرەبانەکانی ئاو گواستنەوە بوون، ئەوەی سلێمانی پاشا بۆ پەرستگای یەزدان دروستی کردبوون، ئەو هەموو بڕۆنزە لە کێش نەدەهات. ٢١ هەر کۆڵەکەیەک هەژدە باڵ* درێژییەکەی بوو، چێوەکەی دوازدە باڵ* بوو، ئەستووریشی چوار پەنجە بوو، کلۆر بوو. ٢٢ تاجێکی بڕۆنز لەسەر کۆڵەکەکە بوو، بەرزی تاجەکە پێنج باڵ* بوو، کەتیبە و هەنارەکانیش لەسەر تاجەکە و لە چواردەوری هەمووی لە بڕۆنز بوون. بۆ هەر یەکێک لە کۆڵەکەکان هەمان شت هەبوو لەگەڵ هەنارەکان. ٢٣ لە هەر لایەک نەوەد و شەش دانە هەنارەکان بوون، سەرجەمی هەنارەکان لەسەر هەر کەتیبەیەک لە چواردەوریدا سەد دانە بوون.
٢٤ فەرماندەکەی پاسەوانانی پاشا سەرایای سەرۆک کاهین و سەفەنیای کاهینی دووەم و سێ دەرگاوانەکەی گرت. ٢٥ لە شارەکەش ئەو ئەفسەرەی گرت کە لێپرسراوی جەنگاوەرەکان بوو، حەوت ڕاوێژکاری پاشاشی گرت. هەروەها خامەی نهێنی* سوپاسالاری گرت ئەوەی بەرپرسی بە سەربازکردن بوو، لەگەڵ شەست پیاو کە لە شارەکە بەرچاو کەوتن. ٢٦ نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا ئەوانەی بردە ڕیڤلە بۆ لای پاشای بابل. ٢٧ پاشای بابلیش لە ڕیڤلە لە خاکی حەمات کوشتنی.
ئینجا یەهودا لە خاکەکەی خۆی ڕاپێچ کرا. ٢٨ ئەمانە ئەو خەڵکە بوون کە نەبوخودنەسر ڕاپێچی کرد:
لە ساڵی حەوتەم،
سێ هەزار و بیست و سێ جولەکە؛
٢٩ لە ساڵی هەژدەمینی نەبوخودنەسریش،
هەشت سەد و سی و دوو کەس لە ئۆرشەلیم ڕاپێچ کران؛
٣٠ ئینجا لە ساڵی بیست و سێیەمی نەبوخودنەسر،
نەبوزەرەدانی فەرماندەی پاسەوانانی پاشا حەوت سەد و چل و پێنج جولەکەی ڕاپێچ کرد.
سەرجەمیان چوار هەزار و شەش سەد کەس بوون.
بەڕەڵاکردنی یەهۆیاکین
٣١ لە ساڵی سی و حەوتەمینی ڕاپێچکردنی یەهۆیاکین، ئەڤیل مەرۆدەخ بوو بە پاشای بابل. هەر لەو ساڵە لە بیست و پێنجی دوازدە یەهۆیاکینی پاشای یەهودای لە زیندان ئازاد کرد و هێنایە دەرەوە. ٣٢ بە باشی قسەی لەگەڵ کرد و کورسییەکەی لە سەرووی کورسی ئەو پاشایانەوە دانا کە لە بابل لەگەڵی بوون. ٣٣ ئیتر یەهۆیاکین بەرگی زیندانییەکەی گۆڕی و بە درێژایی ماوەی ژیانی بەردەوام لەسەر خوانی پاشا نانی دەخوارد. ٣٤ بە درێژایی ئەو ماوەیەی ژیانی ڕۆژ بە ڕۆژ بژێوی ڕۆژانەی لەلایەن پاشای بابلەوە پێدەدرا، هەتا ڕۆژی مردنی.