١ یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەوەتا من ڕۆحی لەناوبەر* دەوروژێنم
لە دژی بابل و دانیشتووانی لێڤ قامای* .
٢ بێگانەکان دەنێرمە بابل
بۆ شەنکردنیان و ڕووتکردنەوەی خاکەکەی،
لە هەموو لایەکەوە دەوری دەدەن
لە ڕۆژی بەڵای ئەودا.
٣ ڕێ مەدە تیرهاوێژ ژێی کەوانەکەی ڕابکێشێت،
ڕێ مەدە سەرباز زرێیەکەی بپۆشێت.
دەستتان لە گەنجەکانی مەپارێزن،
بەڵکو سوپاکەی بە تەواوی لەناوببەن* .
٤ کوژراوان لە بابل دەکەون،
بریندارەکان بە سەختی لە شەقامەکانی.
٥ چونکە ئیسرائیل و یەهودا بەجێنەهێڵدراون
لەلایەن خودایانەوە، لەلایەن یەزدانی سوپاسالارەوە،
هەرچەندە خاکی بابلییەکان پڕ لە تاوانە
لە دژی خودا پیرۆزەکەی ئیسرائیل.
٦ «لە بابلەوە هەڵێن!
هەرکەسە با خۆی دەرباز بکات!
بە تاوانی ئەو لەناونەچن،
چونکە کاتی تۆڵەسەندنەوەیە بۆ یەزدان،
ئەو سزای شایستەی دەدات.
٧ بابل جامێکی زێڕ بوو بە دەستی یەزدانەوە،
هەموو زەوی سەرخۆش کرد.
نەتەوەکان لە شەرابی ئەویان خواردەوە،
لەبەر ئەوە نەتەوەکان شێت بوون.
٨ لەپڕ بابل دەکەوێت و وردوخاش دەبێت.
واوەیلای بۆ بکەن!
هەتووانێک بۆ برینەکەی بهێنن،
بەڵکو چاک بێتەوە.
٩ «”بابلمان تیمار کرد،
بەڵام ناتوانێت چاک بێتەوە.
وازی لێ بهێنن و با هەریەکەمان بچینەوە خاکەکەی خۆمان،
چونکە کاتێک حوکمی بەسەردا درا هاواری گەیشتە ئاسمان،
هەتا هەورەکان بەرز بووەتەوە.“
١٠ «”یەزدان ئەستۆپاکی ئێمەی دەرخست،
وەرن با لە سییۆن
باسی کردەوەکەی یەزدانی پەروەردگارمان بکەین.“
١١ «تیرەکان تیژ بکەن،
قەڵغانەکان هەڵبگرن!
یەزدان ڕۆحی پاشایانی مادی وروژاندووە،
چونکە پلانی وێرانکردنی بابل دادەنێت.
یەزدان تۆڵە دەستێنێتەوە،
تۆڵەی پەرستگاکەی.
١٢ لە دژی شووراکانی بابل ئاڵا هەڵبکەن!
پاسەوانیێتی توند بکەن،
چاودێر دابنێن،
بۆسە بنێنەوە!
خودا مەبەستی خۆی دەهێنێتە دی،
بڕیارەکەی لە دژی خەڵکی بابل.
١٣ ئەی نیشتەجێی دەم ئاوە زۆرەکان،
خاوەن گەنجینەی زۆر،
کۆتاییت هات،
کاتی لەناوچوونت.»
١٤ یەزدانی سوپاسالار بە گیانی خۆی سوێندی خوارد:
«بە دڵنیاییەوە پڕت دەکەم لە پیاو، وەک ڕەوە کوللە،
هاواری سەرکەوتنت بەسەردا دەکێشن.»
١٥ «خودا بە هێزی خۆی زەوی دروستکردووە،
بە دانایی خۆی جیهانی دامەزراندووە،
بە تێگەیشتنی خۆی ئاسمانی ڕاخستووە.
١٦ کاتێک دەنگ هەڵدەبڕێت، ئاوەکانی ئاسمان هاژەیان دێت،
هەڵمەکان لەوپەڕی زەوییەوە بەرز دەکاتەوە،
بروسکە بۆ باران دروستدەکات،
با لە ئەمباری خۆی دەردەهێنێت.
١٧ «هەموو کەسێک بێ زانیارییە و دەبەنگە،
هەموو زێڕنگەرێک بە پەیکەرەکەی شەرمەزارە،
چونکە داڕێژراوی درۆن و
ڕۆحیان تێدا نییە.
١٨ ئەوان پووچن، مایەی گاڵتەجاڕین،
لە کاتی سزادانیان لەناودەچن.
١٩ بەڵام خودا، ئەوەی بەشی یاقوبە وەک ئەمانە نییە،
چونکە ئەو دروستکەری هەموو شتێکە،
هۆزی* میراتی ئەویشی داناوە،
یەزدانی سوپاسالار، ئەمە ناوی ئەوە.
٢٠ «تۆ گورزی منی،
چەکەکانی جەنگی منی،
بە تۆ نەتەوەکان تێکدەشکێنم،
بە تۆ شانشینەکان لەناودەبەم،
٢١ بە تۆ ئەسپ و سوارەکەی تێکدەشکێنم،
بە تۆ گالیسکە و سوارەکەی تێکدەشکێنم،
٢٢ بە تۆ ژن و پیاو تێکدەشکێنم،
بە تۆ پیر و گەنج تێکدەشکێنم،
بە تۆ گەنج و لاو تێکدەشکێنم،
٢٣ بە تۆ شوان و مێگەلەکەی تێکدەشکێنم،
بە تۆ جوتیار و گاجووتەکەی تێکدەشکێنم،
بە تۆ پارێزگار و فەرمانڕەواکان تێکدەشکێنم.
٢٤ «لەبەرچاوی خۆتان سزای بابل و هەموو دانیشتووانی خاکی کلدانییەکان دەدەم بەرامبەر بە هەموو ئەو خراپانەی لە سییۆن کردیان.» ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
٢٥ «ئەی کێوی لەناوبەر، ئەوەتا من لە دژی تۆم،
تۆ ئەی لەناوبەری هەموو زەوی.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
«دەست درێژ دەکەمە سەرت،
لەسەر بەردەکان گلۆرت دەکەمەوە،
دەتکەمە کێوێکی سووتاو.
٢٦ ئیتر نە بەردت لێ دەبەن بۆ بەردی قولینچک* ،
نە هیچ بەردێک بۆ بناغەکان،
چونکە بۆ هەتاهەتایە دەبیتە چۆڵەوانی.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
٢٧ «ئاڵا لەسەر خاکەکە بەرز بکەنەوە،
لەنێو نەتەوەکان فوو بە کەڕەنادا بکەن.
نەتەوەکان لە دژی بابل ئامادە بکەن،
ئەم شانشینانە لە دژی ئەو بانگ بکەن:
ئارارات و مینی و ئەشکەنەز،
ڕابەرێک لە دژی دابنێن،
وەک ڕەوە کوللە ئەسپ بنێرن.
٢٨ نەتەوەکان لە دژی ئەو ئامادە بکەن،
پاشاکانی ماد،
پارێزگار و هەموو فەرمانڕەواکان و
هەموو خاکی ژێر دەسەڵاتیان.
٢٩ ئینجا زەوی دەلەرزێت و ژان دەیگرێت،
چونکە مەبەستی یەزدان لە بابل دێتە دی،
بۆ ئەوەی خاکی بابل وێران بکات،
ئیتر ئاوەدانی تێدا نابێت.
٣٠ پاڵەوانەکانی بابل وازیان لە جەنگ هێنا،
لە قەڵاکان دانیشتن.
هێزیان لەبەر بڕا،
وەک ژنیان لێهات.
نشینگەکانیان سووتێنرا،
شمشیرەی دەرگاکانیان شکێنرا.
٣١ نێردراوێک بەدوای یەکێکی دیکە دەکەوێت و
پەیامنێرێک بەدوای پەیامنێرێکی دیکە،
بۆ ئەوەی بە پاشای بابل ڕابگەیەنن
کە سەرتاسەری شارەکانی گیراون،
٣٢ ڕووبارەکان* دەستیان بەسەردا گیرا،
زۆنگاوەکان بە ئاگر سووتێنران،
جەنگاوەرەکان تۆقین.»
٣٣ یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل، ئەمە دەفەرموێت:
«شاری بابل وەک جۆخینێکە
کاتی گێرەیەتی،
پاش کەمێک کاتی بەرهەم دێت.»
٣٤ «نەبوخودنەسری پاشای بابل ئێمەی خوارد،
ئومێدبڕی کردین،
ئێمەی کردە گۆزەیەکی بەتاڵ.
وەک ئەژدیها هەڵیلووشین،
سکی خۆی پڕکرد لە چێژی ئێمە،
ئینجا ئێمەی ڕشاندەوە.»
٣٥ دانیشتووەکەی سییۆن دەڵێن:
«ئەو ستەمەی لە ئێمە کرا بەسەر بابل بێت.»
ئۆرشەلیم دەڵێت:
«خوێنم لە ملی دانیشتووانی خاکی بابلییەکانە.»
٣٦ لەبەر ئەوە یەزدان ئەمە دەفەرموێت:
«ئەوەتا من داکۆکی لە کێشەکەت دەکەم،
تۆڵەی تۆ دەکەمەوە،
دەریاکەی* وشک دەکەم،
کانییەکانی کوێر دەکەمەوە.
٣٧ بابل دەبێتە تەپۆڵکە و
داڵدەی چەقەڵ،
پەند و مایەی تانە و تەشەر،
شوێنێک ئاوەدانی تێدا نییە.
٣٨ پێکەوە وەک جوانە شێر دەنەڕێنن،
وەک بەچکە شێرەکان دەمڕێنن.
٣٩ کاتێک گەرم دەبن،
داوەتیان دەکەم و
سەرخۆشیان دەکەم،
بۆ ئەوەی دڵخۆش بن،
ئینجا هەتاهەتایە خەویان لێ دەکەوێت و بەئاگا نایەن.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
٤٠ «وەک بەرخ دەیانبەم بۆ سەربڕین
وەک بەران و نێری.
٤١ «شێشەخ* چۆن دەگیرێت،
شانازی هەموو زەوی چۆن دەستبەسەر دەکرێت!
چۆن وێران بوو،
بابل لەنێو نەتەوەکان!
٤٢ دەریا بەسەر بابلدا هەڵدەچێت،
بە هەڵچوونی شەپۆلەکانی دایدەپۆشێت.
٤٣ شارۆچکەکانی وێران بوون،
بوونە بیابان و دەشتی ڕووت،
خاکێک کە نە کەس تێیدا نیشتەجێ دەبێت و
نە ئادەمیزاد پێیدا تێدەپەڕێت.
٤٤ لە بابل سزای بێل دەدەم و
ئەوەی قووتی داوە لە دەمی دەهێنمە دەرەوە.
ئیتر نەتەوەکان بەرەو لای ئەو ڕێچکە ناگرن،
هەروەها شووراکانی بابل دەکەوێت.
٤٥ «ئەی گەلی من لەناویدا وەرنە دەرەوە!
هەرکەسێک خۆی لە گڕی تووڕەیی یەزدان دەرباز بکات!
٤٦ ورە بەرمەدەن و مەترسن،
کاتێک هەواڵی ئەو خاکە دەبیستن،
هەواڵێک ئەم ساڵ دێت، ئینجا لە ساڵی پاشتر هەواڵێکی دیکە،
هەواڵی ستەم لە خاکەکەدا و
فەرمانڕەوا لە دژی فەرمانڕەوا.
٤٧ لەبەر ئەوە بێگومان ڕۆژێک دێت
سزای بتەکانی بابل دەدەم،
هەموو خاکەکەی شەرمەزار دەبێت و
کوژراوەکانی لەناوەڕاستی دەکەون.
٤٨ ئینجا ئاسمان و زەوی و هەرچی تێیاندایە
هاواری خۆشی بەسەر بابلدا دەکەن،
چونکە لە باکوورەوە بۆی دێن،
تەفروتوناکەرەکان.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
٤٩ «دەبێت بابلیش لەبەر کوژراوەکانی ئیسرائیل بڕووخێت،
وەک چۆن کوژراوەکانی هەموو زەوی
بەهۆی بابلەوە کەوتن.
٥٠ ئەی دەربازبووان لە شمشێر،
بڕۆن و مەوەستن!
لە دوورەوە یادی یەزدان بکەنەوە،
بیر لە ئۆرشەلیم بکەنەوە.»
٥١ «شەرمەزار بووین،
چونکە ڕیسوا بووین و
شەرم ڕووی داپۆشین،
چونکە بێگانەکان هاتنە ناو
پیرۆزگاکانی ماڵی یەزدان.»
٥٢ یەزدان دەفەرموێت: «لەبەر ئەوە ڕۆژێک دێت،
بتەکانی سزا دەدەم،
لە هەموو خاکەکەیدا
بریندارەکان دەناڵێنن.
٥٣ تەنانەت ئەگەر بابل بگاتە ئاسمانیش،
ئەگەر قەڵای خۆشی قاییم بکات،
تەفروتوناکەر لە دژی ئەو دەنێرم.»
ئەوە فەرمایشتی یەزدانە.
٥٤ «دەنگی هاوار دێت لە بابل،
دەنگی شکستێکی گەورە
لە خاکی بابلییەکان.
٥٥ یەزدان بابل تەفروتونا دەکات،
کۆتایی بە دەنگە مەزنەکەی دەهێنێت.
شەپۆلی دوژمنەکانیان وەک ئاوێکی زۆر هەڵدەچێت،
دەنگیان هاژەی دێت.
٥٦ تەفروتوناکەر دێتە سەر بابل،
پاڵەوانەکانی دەگیرێن،
کەوانەکانیان دەشکێنرێت،
چونکە یەزدان خودای سزادانە،
بە تەواوی سزا دەدات.
٥٧ میر و دانا و پارێزگار و
فەرمانڕەوا و پاڵەوانەکانی سەرخۆش دەکەم،
هەتاهەتایە خەویان لێ دەکەوێت و بەئاگا نایەن.»
ئەوە فەرمایشتی پاشایە، ناوی یەزدانی سوپاسالارە.
٥٨ یەزدانی سوپاسالار ئەمە دەفەرموێت:
«شوورا پانەکانی بابل بە تەواوی دەڕووخێنرێن،
دەروازە بەرزەکانیشی بە ئاگر دەسووتێنرێن.
گەلان بەخۆڕایی خۆیان ماندوو دەکەن و
ڕەنجی نەتەوەکانیش تەنها بۆ ئاگر دەبێت.»
٥٩ ئەمە ئەو پەیامەیە کە یەرمیای پێغەمبەر دایە سەرایای کوڕی نێرییا کوڕی مەحسێیا، سەرۆکی ئۆردوگا، کاتێک لە ساڵی چوارەمی پاشایەتییەکەی لەگەڵ سدقیای پاشای یەهودا چوو بۆ بابل. ٦٠ هەموو ئەوەی لەسەر بابل تۆمار کرابوو، لەگەڵ هەموو ئەو بەڵایەی بەسەری دێت یەرمیا نووسیبووی و کردبووی بە تۆمارێک، ٦١ بە سەرایای گوت: «کاتێک گەیشتییە بابل، دڵنیابە لە خوێندنەوەی تەواوی ئەم پەیامە بۆ خەڵکەکە، ٦٢ ئینجا بڵێ: ”ئەی یەزدان، تۆ فەرمووت ئەم شوێنە لەناودەبەیت، تاکو ئەوەی مرۆڤ و ئاژەڵی تێدا نامێنێت، هەتاهەتایە دەبێتە چۆڵەوانی.“ ٦٣ کاتێک لە خوێندنەوەی ئەم تۆمارە بوویتەوە، بەردێکی پێوە ببەستە و فڕێیبدە ناو فورات. ٦٤ ئینجا بڵێ: ”بابل ئاوا نوقوم دەبێت و لەژێر ئەو بەڵایە ڕاست نابێتەوە کە من بەسەری دەهێنم، خەڵکەکەی شەکەت دەبن.“»
هەتا ئێرە وشەکانی یەرمیایە.