لێقەومان بەهۆی بتپەرستی
١ ئەو پەیامەی بۆ یەرمیا هات سەبارەت بە هەموو ئەو جولەکانەی لە خاکی میسر نیشتەجێ بوون، لە مگدۆل و لە تەحپەنحێس و لە مەمفیس و لە پاشایەتی باشووری میسر: ٢ «یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئێوە هەموو ئەو بەڵایەتان بینی کە بەسەر ئۆرشەلیم و هەموو شارۆچکەکانی یەهودام هێنا. ئەمڕۆ وێرانە و ئاوەدانی تێدا نییە، ٣ لەبەر ئەو خراپانەی کردیان. پەستیان کردم بە بخوور سووتاندن و پەرستنیان بۆ خوداکانی دیکە، ئەو خودایانەی نە ئەوان ناسیوویانن و نە ئێوە و نە باوباپیرانتان. ٤ منیش بە بەردەوامی هەموو بەندە پێغەمبەرەکانی خۆمم بۆ ناردن، فەرمووم: ”تکایە! ئەم کارە قێزەونە مەکەن کە من ڕقم لێیەتی.“ ٥ بەڵام نە گوێیان گرت و نە گوێیان شل کرد بۆ ئەوەی لە خراپەکەیان بگەڕێنەوە یان لە بخوور سووتاندن بۆ خوداکانی دیکە بوەستن. ٦ جا هەڵچوون و تووڕەییم ڕژا، لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیمدا گڕی گرت، وەک ئەمڕۆ وێران بوو و بووە چۆڵەوانی.
٧ «ئێستاش یەزدانی پەروەردگاری سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: بۆچی ئێوە بەڵایەکی گەورە بەسەر خۆتان دەهێنن، بە قڕبوونتان لەناوەڕاستی یەهودا بە پیاو و ژن، بە منداڵ و شیرەخۆرەوە، ئیتر هیچ پاشماوەیەکتان لێ نامێنێتەوە؟ ٨ بۆچی بە کردەوەکانی دەستتان پەستم دەکەن کاتێک لە خاکی میسر بخوور بۆ خوداکانی دیکە دەسووتێنن، کە ئێوە بۆی هاتوون تاوەکو لەوێ ئاوارە بن؟ خۆتان قڕ دەکەن و دەبنە نەفرەت و ڕیسوایی لەنێو هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی. ٩ ئایا خراپەکانی باوباپیرانتان و خراپەکانی پاشاکان و شاژنەکانی یەهودا و خراپەکانی خۆتان و ژنەکانتان لەیادچوو، ئەوەی لە خاکی یەهودا و شەقامەکانی ئۆرشەلیم کران؟ ١٠ هەتا ئەمڕۆش نە زەلیل بوون و نە لە من ترسان و نە ڕێگای فێرکردن و فەرزەکانی منتان گرتەبەر، ئەوەی لەبەردەم ئێوە و لەبەردەم باوباپیرانتان دامناوە.
١١ «لەبەر ئەوە یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئەوەتا من مکوڕ دەبم لەسەر ئەوەی بەڵاتان بەسەربهێنم و هەموو یەهودا قڕ بکەم. ١٢ پاشماوەی یەهوداش دەبەم، ئەوانەی سوور بوون بچنە خاکی میسر هەتا لەوێ نیشتەجێ بن. هەموویان لە خاکی میسر لەناودەچن، بە شمشێر دەکوژرێن و بە قاتوقڕی دەمرن. لە بچووکەوە هەتا گەورە بە شمشێر و قاتوقڕی لەناودەچن و دەبنە مایەی نەفرەت لێکردن و تۆقین، سووکایەتی و ڕیسوایی. ١٣ هەروەها سزای ئەوانەش دەدەم کە لە خاکی میسر نیشتەجێن، وەک چۆن بە شمشێر و قاتوقڕی و دەرد سزای ئۆرشەلیمم دا. ١٤ پاشماوەکەی یەهودا، ئەوانەی هاتوون بۆ ئەوەی لە خاکی میسر لە ئاوارەیی بکەون، ئەوانەی تامەزرۆی گەڕانەوەن بۆ نیشتەجێبوون تێیدا، نە پاشماوە و نە دەربازبوویان نابێت بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە بۆ خاکی یەهودا. کەسیان لێ ناگەڕێتەوە، جگە لە کەمینەیەکی دەربازبوو.»
١٥ ئینجا هەموو ئەو پیاوانەی کە دەیانزانی ژنەکانیان بخوور بۆ خوداکانی دیکە دەسووتێنن، هەروەها هەموو ئەو ژنانەی ڕاوەستابوون، کۆمەڵێکی گەورە بوون، هەموو ئەو خەڵکەی لە پاشایەتی باکوور و پاشایەتی باشووری میسر نیشتەجێن، وەڵامی یەرمیایان دایەوە و گوتیان: ١٦ «ئێمە گوێ لەم پەیامە ناگرین کە بە ناوی یەزدانەوە بە ئێمەت گوت. ١٧ بەڵکو هەر شتێک لە دەمی خۆمانەوە هاتووەتە دەرەوە، ئەوە دەکەین: بخوور بۆ شاژنی ئاسمان دەسووتێنین و شەرابی پێشکەشکراو پێشکەش دەکەین، وەک چۆن خۆمان و باوباپیرانمان و پاشاکانمان و پیاوە گەورەکانمان لە شارۆچکەکانی یەهودا و شەقامەکانی ئۆرشەلیم ئەنجاممان داوە. ئەو کاتە تێر نان بووین و لە خۆشیدا بووین و خراپەمان نەبینی. ١٨ بەڵام لەو کاتەوەی وازمان لە بخوور سووتاندن هێناوە بۆ شاژنی ئاسمان و پێشکەشکردنی شەرابی پێشکەشکراو بۆی، پێویستمان بە هەموو شتێکە و بە شمشێر و قاتوقڕی لەناوچووین.»
١٩ ژنەکانیش گوتیان: «ئێمە کاتێک کە بخوورمان بۆ شاژنی ئاسمان دەسووتاند و شەرابی پێشکەشکراومان پێشکەشی دەکرد، ئایا بەبێ ئاگاداری پیاوەکانمان کولێرەمان بۆ دەکرد لەسەر وێنەی ئەو و شەرابی پێشکەشکراومان پێشکەش دەکرد؟»
٢٠ ئینجا یەرمیا بە هەموو خەڵکەکەی گوت، پیاو و ژنەکان، بە هەموو ئەو خەڵکەی بەم قسەیە وەڵامیان دایەوە: ٢١ «ئایا یەزدان بیری لەو بخوورە نەکردەوە و بەیادیدا نەهات کە لە شارۆچکەکانی یەهودا و لە شەقامەکانی ئۆرشەلیم سووتاندتان، ئێوە و باوباپیر و پاشا و میر و هەموو گەلی خاکەکە؟ ٢٢ ئیتر یەزدان لەبەر کردەوە خراپەکان و شتە قێزەونەکانتان کە ئەنجامتان داوە زیاتر بەرگەی نەگرت، جا خاکەکەتان بووە ڕووخاوی و وێرانە و نەفرەت و بێ ئاوەدانی، وەک ئەمڕۆ. ٢٣ لەبەر ئەوەی بخوورتان سووتاند و گوناهتان کرد لە دژی یەزدان، گوێڕایەڵی یەزدان نەبوون و ڕێگای فێرکردن و فەرز و یاساکانی ئەوتان نەگرتەبەر، لەبەر ئەوە تووشی ئەم بەڵایە بوون، وەک ئەمڕۆ.»
٢٤ ئینجا یەرمیا بە هەموو گەل و بە تایبەتیش بە هەموو ژنەکانی گوت: «ئەی هەموو خەڵکی یەهودا، ئەوانەی کە لە خاکی میسرن، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن: ٢٥ یەزدانی سوپاسالار، خودای ئیسرائیل ئەمە دەفەرموێت: ئێوە و ژنەکانتان بە قسە بەڵێنتان دا و بە ئەنجامتان گەیاند، گوتتان ”بێگومان ئێمە ئەو نەزرانەمان* جێبەجێ دەکەین کە نەزرمان کردبوو بۆ شاژنی ئاسمان، بخوور دەسووتێنین و شەرابی پێشکەشکراوی پێشکەش دەکەین.“
«کەواتە فەرموون، بەڵێنەکانتان بهێننە دی و نەزرەکانتان بپارێزن! ٢٦ بەڵام ئەی هەموو ئەو خەڵکەکەی یەهودا کە لە میسر نیشتەجێن، گوێ لە فەرمایشتی یەزدان بگرن: ”من بە ناوی مەزنی خۆم سوێند دەخۆم، لەمەودوا کەس لە خەڵکی یەهودا لە هەموو خاکی میسر ناوی من بەسەر زاریدا نایەت، کە بڵێت: ’بە یەزدانی زیندووی باڵادەست.‘ ٢٧ ئەوەتا من بۆ خراپە نەک بۆ چاکە چاودێرییان دەکەم، جا هەموو پیاوانی یەهودا، ئەوانەی لە خاکی میسرن، بە شمشێر دەکوژرێن و بە قاتوقڕی دەمرن، هەتا ئەوەی کەسیان لێ نامێنێتەوە. ٢٨ ئەوانەش کە لە شمشێر دەرباز دەبن لە خاکی میسرەوە دەگەڕێنەوە بۆ خاکی یەهودا، خەڵکانێکی کەم دەبن. ئینجا هەموو پاشماوەی یەهودا ئەوانەی هاتنە میسر تاکو لەوێ بژین، دەزانن قسەی کێ سەردەگرێت، هی من یان هی ئەوان.“»
٢٩ یەزدان دەفەرموێت: «”ئەمەش نیشانەیە بۆ ئێوە، من لەم شوێنە سزاتان دەدەم، بۆ ئەوەی بزانن هەر دەبێت قسەی من سەربگرێت کە لە دژی ئێوەیە و بۆ خراپەیە.“ ٣٠ یەزدان ئەمە دەفەرموێت: ”ئەوەتا من حۆفرەعی فیرعەونی میسر دەدەمە دەست دوژمنەکانی کە دەیانەوێ بیکوژن، وەک چۆن سدقیای پاشای یەهودام دایە دەست نەبوخودنەسری پاشای بابل، ئەو دوژمنەی دەیویست بیکوژێت.“»