ئەیوب
سەرەتا: ژیانی ئەیوب پێش تاقیکردنەوە
١ پیاوێک هەبوو لە خاکی عوچ ناوی ئەیوب بوو، کەسێکی ڕاست و بێ کەموکوڕی بوو، لەخواترس بوو، خۆی لە خراپە لا دەدا. ٢ حەوت کوڕ و سێ کچی هەبوو. ٣ مەڕوماڵاتەکەشی، حەوت هەزار مەڕ و سێ هەزار وشتر و پێنج سەد جووت مانگا و پێنج سەد ماکەر بوو، خزمەتکارەکانیشی زۆر زۆر بوون، ئەیوب لەنێو هەموو خەڵکی ڕۆژهەڵاتدا مەزنترین کەس بوو.
٤ کوڕەکانیشی بە نۆرە هەر جارەی لە ماڵی یەکێکیان خوانیان ساز دەکرد، سێ خوشکەکەیان بانگهێشت دەکرد بۆ ئەوەی لەگەڵیان بخۆن و بخۆنەوە. ٥ کاتێک کە ڕۆژانی خوان سازکردنەکە دەسووڕایەوە، ئەیوب بەدوایاندا دەینارد و پیرۆزی دەکردن، بۆ ڕۆژی پاشتر بەیانی زوو هەڵدەستا و بەپێی ژمارەیان قوربانی سووتاندنی پێشکەش دەکرد، چونکە ئەیوب دەیگوت: «ڕەنگە منداڵەکانم گوناهیان کردبێت و لە دڵیاندا نەفرەتیان لە خودا کردبێت.» ئەیوب بە بەردەوامی ئەم کارەی دەکرد.
یەکەم تاقیکردنەوەی ئەیوب
٦ ئەوە بوو ڕۆژێکیان فریشتەکان* هاتن بۆ ئەوەی لەبەردەم یەزدان بوەستن، شەیتانیش لەگەڵیان هات. ٧ جا یەزدان بە شەیتانی فەرموو: «لەکوێوە هاتیت؟»
شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە: «لە گەڕان لەسەر زەوی و هاتوچۆکردن تێیدا.»
٨ یەزدانیش بە شەیتانی فەرموو: «خۆ چاوت نەبڕیوەتە سەر ئەیوبی بەندەم؟ چونکە لە زەویدا کەس نییە وەک ئەو، کەسێکی وا ڕاست و بێ کەموکوڕی، لەخواترسە و لە خراپە لادەدات.»
٩ شەیتانیش وەڵامی یەزدانی دایەوە: «ئایا ئەیوب بەخۆڕایی لەخواترسە؟ ١٠ ئایا لەبەر ئەوە نییە کە تۆ لە دەوری خۆی و ماڵەکەی و هەرچی هەیەتی لە هەموو لایەکەوە پەرژینت لێ داوە؟ کارەکانی دەستی ئەوت بەرەکەتدار کردووە، جا مەڕوماڵاتی بەناو زەویدا بڵاو بووەتەوە، ١١ بەڵام ئێستا دەست درێژبکە و لە هەموو ئەوە بدە کە هەیەتی، بزانە چۆن بەرەو ڕوو نەفرەتت لێ دەکات.»
١٢ جا یەزدان بە شەیتانی فەرموو: «ئەوەتا هەرچی هەیەتی لە دەستی تۆدایە، بەڵام دەست بۆ خۆی مەبە.»
ئینجا شەیتان لەبەردەم یەزدان چووە دەرەوە.
١٣ ئەوە بوو ڕۆژێکیان کوڕ و کچەکانی لە ماڵی برا گەورەکەیان دەیانخوارد و شەرابیان دەخواردەوە. ١٤ نێردراوێک بۆ لای ئەیوب هات و گوتی: «مانگاکان جووتیان دەکرد و ماکەرەکانیش لەلایانەوە دەلەوەڕان، ١٥ سەبئییەکان بەسەریاندا دان و بردیانن، خزمەتکارەکانیان دایە بەر شمشێر، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»
١٦ هێشتا ئەم قسەی دەکرد، یەکێکی دیکە هات و گوتی: «ئاگری خودا لە ئاسمانەوە هاتە خوارەوە و مەڕەکان و خزمەتکارەکانی سووتاند، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»
١٧ هێشتا ئەم قسەی دەکرد، یەکێکی دیکە هات و گوتی: «کلدانییەکان بە سێ کۆمەڵەوە پەلاماری وشترەکانیان دا و بردیانن، خزمەتکارەکانیان دایە بەر شمشێر، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»
١٨ هێشتا ئەم قسەی دەکرد، یەکێکی دیکە هات و گوتی:
«کوڕ و کچەکانت لە ماڵی برا گەورەکەیان دەیانخوارد و شەرابیان دەخواردەوە، ١٩ لەناکاو بایەکی بەهێز لە چۆڵەوانییەوە هات و لە هەر چوار گۆشەی ماڵەکەی دا و ماڵەکە بەسەر خزمەتکارەکاندا داڕما و مردن، تەنها من دەرباز بووم هەتا هەواڵت بدەمێ!»
٢٠ جا ئەیوب هەستا و کەواکەی دادڕی و سەری خۆی ڕنییەوە و کەوتە سەر زەوی و کڕنۆشی برد، ٢١ گوتی:
«بە ڕووتی لە سکی دایکمەوە هاتووم و
بە ڕووتیش دەگەڕێمەوە ئەوێ.
یەزدان دای و یەزدانیش بردییەوە،
ستایش بۆ ناوی یەزدان.»
٢٢ لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا ئەیوب گوناهی نەکرد و خودای خەتابار نەکرد.